وۆل ستریت جۆرنال: تۆم باراك باڵوێزی واشنتنه‌ و دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌

:: AM:10:06:22/04/2026 ‌
لە سەروتاری ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمەریكیدا هاتووە، پێشبینی دەكرێ باڵوێزانی ئەمەریكا بەرگری لە سیاسەتی واشنتن لەو وڵاتانە بكەن كە تێیدا میوانن، بە هیچ شێوەیەك هانی ئەو وڵاتانەی تێیدا میوانن دژی سیاسیەتی ئەمەریكا نەدەن، پێویستە ئەمە بیری تۆم باراكی باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا و نێردەی كاروباری سووریا بهێنرێتەوە.

لە ماوەی 30 خولەك قسەكردنی لە كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا لە توركیا، تۆم باراك ئامۆژگاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەتكردنەوەی دیموكراسی و هاوئاهەنگی و یارمەتی لەگەڵ حزبوڵای لبنانی و گاڵتەكردن بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لبنان و داواكاری بۆ بەشداریی ئێران لە دانوستاندنەكانی لبنان، كەمكردنەوەی پرسی كڕینی سیستمی دژە ئاسمانی ڕووسی لەلایەن توركیا و هەڕەشەكردن لە ئیسرائیل لە شوێنی توركیا كرد.

هەریەك لەم خاڵانە تۆم باراك هەوڵی تێكدانی سیاسەتی ئەمەریكای دا، ئێران هیچ كارێكی بە كاروباری لبنان نییە و سەرۆك ترەمپ هەوڵی زۆری دا كە ئێران بە هیچ شێوەیەك دەست نەخاتە ناو ئاگربەست و كاروباری لبنانەوە.

تۆم باراك گوتی، پێویستمان بە كەناڵ و ڕێرەوە لەگەڵ حزبوڵاوە، ئەو ڕێڕەوە نابێ بۆ كوشتنی حزبوڵا بێت، ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە هەمان كاتدا ڕێكخراوێكی سیاسین و ئامانجی سیاسییان بریتییە لە پشتیوانیكردنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، بەرپرسیاریەتی دۆخی لبنانیشی خستە ئەستۆی بەیرووت و گوتی، سوننە لە سوپای لبنان نایانەوێ ئامۆزا شیعەكانیان لە حزبوڵا بكوژن.

بە ڕوانین لەو قسانە و پرسین بەوەی بۆچی لبنان بە ڕژدی چووە ژێر فشارەكانی ئەمەریكا بۆ چەكداماڵینی حزبوڵا؟ لە بری ئەوە تۆم باراك باسی لە گەشەسەندنی حزبوڵا كرد، قورسە ئەوە بێتە دی، كاتێك حزبوڵا بە تەواوی چەكدارە و لبنان لە جەنگێكی وێرانكەردا دەبێت، هەركاتێك كە حزبوڵا و ئێران بیانەوێت.

لە كاتێكدا ئیسرائیل و حزبوڵا دووپاتیان كردەوە، ناتوانن متمانە بەیەكتر بكەن، تۆم باراك بەهای ڕێككەوتنی ئاگربەستی كەم كردەوە كە ئەمەریكا ناوەندگیری بووە و بەجۆرێك شرۆڤەی كرد، كە ڕێككەوتنی ئەمجارەی بە ڕێكەوتنی ئاگربەستی 2024 بەستەوە و گوتی، لە ڕێككەوتنەكە ئاگربەست هاتووە، بەڵام ئەگەر وای دابنێین ئیسرائیل بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە تایبەتەكانی خۆی بڵێ، هێرشم كراوەتەسەر و وەڵام دەدەمەوە، ئەمە وەستاندنی ئاگربەستە؟ ئامادەبووانیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل نابێ هێرش بكاتە سەر تیرۆریستان لە كاتی ئامادەكردنی مووشەكەكانیان.

لە بەشێكی تری قسەكانی تۆم باراك داوای كرد، فڕۆكەی ئێف 35 بە توركیا بفرۆشرێت و پێویستە ئەو دۆسیەیە لە پرسی كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕووسی ئێس 400 جیا بكرێتەوە، پێشتر توركیا سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریكا لە مۆسكۆی كڕی. بە تێكەڵی ئەو سیستمە و سیستمی ئێس 300ی یۆنانی باس كرد، بەڵام ئەمە لە ساڵانی نەوەت بۆ چارەسەركردنی ململانێی قوبرس و بەر لە ماوەیەكی زۆر لەوەی ئەمەریكا سزاكانی بسەپێنێت ڕووی دا.

سەرۆكی پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دووپاتی كردەوە، تۆم باراك خوازراو نییە لە توركیا و گوتی، ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەسەر پاشایەتی خێرخوازانە لەسەر حیسابی دیموكراسی پێناسە كرد، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەركۆماری توركیا دەیەوێ ڕكابەرە سەرەكییەكەی بۆ ماوەی هەزار ساڵ زیندانی بكات.

ئەمانە دۆسیەی هەستیارن و نابێ بێباكانە باس بكرێن، پێشتریش باسی خراپی بەڕێوەبردنی دۆسیەی گیراوانی داعشمان لە سووریا كرد، لەو كاتەی خەنجەری لە پشتی كوردی هاوپەیمانی ئەمەریكا دا، كە ئەوان پاسەوانی گیراوانی داعشیان دەكرد و دواجاریش سوپای ئەمەریكا ناچاربوو دەستوەردان بكات.

لە تەمووز/یۆلیۆی ڕابردوو ڕۆیتەر بڵاوی كردەوە، تۆم باراك هێرشی كردووەتە سەر فیدراڵی لە سووریا و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئەحمەد شەرع گڵۆپی سەوزی ئەمەریكای بۆ بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لە باشوور و ناوچەی دروزنشینەكان بۆ هەڵكراوە، ئەمەیش كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە درووزەكانی لەسەر دەستی هێز و میلیشیاكانی دیمەشق لێ كەوتەوە، ئەمەیش وایكرد ئیسرائیل بۆردمانی ناوچەكە بكات و بێتە ناو ململانێكەوە.

كاتێك ڕۆژی هەینی پرسیاریان لە تۆم باراك لەبارەی مەترسییەكانی ئیسرائیل لە توركیا كرد و گوتی، توركیا دەوڵەتێك نییە خۆی لەگەڵیدا تێوەبگلێنێت،  مەبەست لەو قسەیە چییە؟ باشتر نەبوو لەبری ئەوە ئامۆژگاری ئەردۆغان بكات كە دەست لە پشتیوانیكردنی حەماس بەر بدات؟

لە بەشێكی تری قسەكانی تۆم باراك گوتی، هیچ كەس كێشەی لەگەڵ جوو نییە، بەڵكو گرفت لەگەڵ زایۆنیزمە، پرسەكە پێوەستە بە پێناسەكردنی، ئەمەیش شتێكە تەنانەت ئەوانەی خۆیان بە واقیعیش ناو دەبەن، ناكرێ چاویان لە ئاست ئەو ڕاستییە دابخەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د