لە سنووری سلێمانی خەڵك لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بێزار بوون و پێیان وایە، ئیتر پێویست ناكات ئەوانیش ئۆتۆمبێلێكیان هەبێت كە ساڵانە باج و رسوومات بەحكوومەت بدەن. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆش دەڵێت: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
شەقامەكانی كەلار و رانییە و هەڵەبجە و سلێمانی پڕ بوون لە ئۆتۆمبێلانەی كە هیچ پێوەندییەكیان بە بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆكانەوە نییە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئەو شارانە دروست كردووە.
بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بەناوی جۆراوجۆر لە شەقامەكاندا دەسووڕێنەوە، بەشی زۆریان بەكەسانی حزبی و سەربە دەزگا تەناهییەكانی ئەو ناوچانەن و هیچ حیسابێك بۆ یاساكانی هاتوچۆش ناكەن.
ئیدارەی ئەو شارانە بەردەوام هەڕەشە دەكەن كە دەستبەسەریان دەكەن، بەڵام ئەو هەڕەشانە پاش ماوەیەك پشتگوێ دەخرێن و ئۆتۆمبێلی زیاتر لەسەر شەقامەكان دەبینرێت.
ساڵی رابردوو سەرۆكی یەكێتی بڕیاری كۆتاهێنانی بەو ئۆتۆمبێلانە دا كە سیمای شەقامەكانیان تێكداوە و بوونەتە هۆی چەندان كێشەی تەناهی، بەڵام پاش مانگێك هەر خۆی بڕیاری ئازادكردنەوەی دان و پاڵپشت بەو بڕیارە ژمارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا زیاتر بوو.
هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە كە بۆ "وشە" قسەیان كردووە و باس لەوە دەكەن، دۆخەكە گەیشتووەتە شوێنێك كە پێویست نەكات كەس ئۆتۆمبێلی ژمارەی هەبێت و ساڵانە باج بەحكوومەت بدات، رۆژانەش یاساكانی هاتوچۆ ناچار بێت جێبەجێ بكات.
ئەوان دەڵێن، هەزاران ئۆتۆمبێل هەیە كە هیچ پێوەرێكی سەلامەتییان نییە و هیچ باجێكیش بەحكوومەت نادەن، لە شەقامدا دەسووڕێنەوە و سەرپێچی دەكەن و هیچ یاسایەك نییە رایانبگرێت.
چەندان جار بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەو شارانە هەڕەشەیان كردووە كە كۆتایی بەو پاشاگەردانییە دێنن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، نوێترین هۆشداریش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕینەوە بڵاو كرایەوە، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە مەفرەزەكانیان راسپێردراون دەستبەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلانەدا بگرن و هیچ جۆرە سازشێك لەم بڕیارەدا ناكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لێخوڕینی بێ مۆڵەت و بێزاركردنی هاووڵاتییان بە دەنگی نائاسایی و سەركێشی، وەك بەزاندنی سنوری ئازادیی گشتی هەژمار كراوە، ئەوەشی خستەڕوو، سەلامەتیی گشتی هێڵی سوورە و هەر كەسێك بیبەزێنێت، رووبەڕووی سزای قورسی یاسایی و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.
هاتوچۆی راپەڕین ئاشكراشی كرد، پلانێكی تۆكمە لەگەڵ لایەنە تەناهییەكان داڕێژراوە بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری سنوورەكان و ناو شارەكان، تا ئەو ئاستەی "یاسا ببێتە تاكە دادوەر لەسەر شەقام."