شیعە عێراق دەخەنە ناو بۆشایی دەستوورییەوە؟

:: PM:09:15:23/04/2026 ‌

راستەوخۆ لە دوای هەڵبژاردنەكانی كۆتایی ساڵی رابردووی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان ناساند، بەوەی مافی پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی هەیە، لەو ساتەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەست ناكۆكییەكی قووڵەوە دەناڵێنێت، جیا لە گوشارەكانی ئێران و ئەمەریكا، نەیتوانیوە كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران دیاری بكات.

دوای دوو هەفتە لە بینەوبەردەی هێزە سیاسییەكانی شیعە و سەرەڕای دەسوەردانی دەرەكیی ئێران و ئەمەریكا، هێزە سیاسییەكانی شیعە نەیانتوانیوە بەفەرمی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، لەوكاتەی وادە دەستوورییەكەی دیاریكردن لە یەكشەمی داهاتوو تەواو دەبێت، بڕیارە سبەی هەینی وەك هەوڵێكی تر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە كۆ ببێتەوە.

ئێستە چاوەكان لەسەر كۆبوونەوەی سبەی هەینی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەر لە كۆتاهاتنی وادە دەستوورییەكە، لەناو بەردەوامیی ناكۆكیی قووڵی هێزە سیاسییەكانی شیعە، بەتایبەتی لەبارەی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكە، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی تەنگژەیەكی نوێی دەستووری دروست دەكات، هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی رەتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا بە هاوشێوەی نووری مالیكی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سوودانی هەبێت، هەروەها رەتی كردەوە هاوپەیمانیەتەكە ناوی ئیحسان عەوادی وەك شوێنگرەوەی سوودانی خستبێتە روو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە سوودانی تاكە كاندیدی ئەوانە.

موشریق فرێجی ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە دەڵێت، ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوە بەهۆی سووربوونە لەسەر هەڵوێستەكان، نووری مالیكی پێشنیازی پشتبەستن بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پێكهاتەكانی چوارچێوەكە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران رەت دەكاتەوە، لەوكاتەی 114 ئەندامی پەرلەمانی پاڵپشتی لە سوودانی دەكەن و 50ش لە مالیكی. 

فیراس موسەلەماوی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانیەتی ئیعمار و تەنمییە روونی كردەوە، سەركردەكانی چوارچێوە بابەتی پشتبەستن بە پاڵپشتیی دوو لەسەر سێی دەنگەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان تاوتوێ كردووە، بەڵام تا ئێستە ناكۆكی لەسەر ئەوە هەیە ئاخۆ ئەو دوو لەسەر سێیە دەنگی سەركردەكانی چوارچێوەیە یان ئەندامانی هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە لە پەرلەمان.

لەوكاتەی حەسەن فەدعەم ئەندامی رەتی حیكمەی نیشتمانی پێشبینی دەكات كێبەركێی كۆتایی بۆ كاندیدی پۆستەكە لە نێوان سوودانی و باسم بەدری بێت، زوهێر چەلەبی ئەندامی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هێشتا نووری مالیكی بەفەرمی پاشەكشەی نەكردووە و ئەوەش رێگە لە خستنەڕووی كاندیدانی تر دەگرێت، سەگر محەمەداویش لە فراكسیۆنی سادقوونی عەسائیب ئەهلولحەق دووپاتی كردەوە كە سەركردەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەی داهاتوو بەرەو یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران هەنگاو دەنێن، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان بژارەی كاندیدی هاوبەش دەخرێتە روو.   

ئێستە ناكۆكییەكان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریتین لە پێناسەكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، لەبارەی پشتبەستن بە دەنگدانی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان دەنگدانی ئەندامانی شیعە لەناو پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان 185 ئەندامە، كێشەیەكی تریش لە رووی یاساییەوە چاوەڕوانیان دەكات، ئەگەر وادەی دەستووری بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بێ دیاریكردنی كۆتایی هات، چی روودەدات، بەتایبەتی كە تا ئێستە دەقێكی روونی دەستووری نییە بۆ چارەسەركردنی بابەتەكە. 

چاودێران پێیان وایە شكستهێنانی كۆبوونەوەی سبەی هەینی چوارچێوە لە رێككەوتن، عێراق دەخاتە ناو داخرانی سیاسییەوە، ئەو دۆخەش هاوكاتە لەگەڵ بوونی گوشارێكی گەورەی ئەمەریكا لەسەر عێراق، بەتایبەتی كە بەپێی سەرچاوەكان بەم دواییە واشنتن رەوانەكردنی بارێكی دۆلاری كاشی بۆ عێراق بە قەبارەی نیو ملیار دۆلار وەستاند، جیا لە هەڵپەساردنی بەشێك لە هاریكاریی تەناهی لەگەڵ عێراق، وەك گوشارێك بەهۆی هەڵسوكەوتی میلیشیاكان، جیا لەوەی بەپێی چەند سەرچاوەیەكی رۆژئاوایی هاوئاهەنگیی ئێستەی نێوان واشنتن و بەغدا لە نزمترین ئاستیدایە.

جاسم غەرەابی شارەزای سیاسی پێی وایە تا ئێستە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گەیشتن بە كاندیدێكی هاوبەشی قبووڵكراو لە لایەن زۆرنەیان دەستەوەستانن، ئەوەش لە سایەی دەستگرتنی هەر لایەنێك بە كاندیدێكی دیاریكراو، بەوەش یەكلاكردنەوە و كۆبوونەوەكانی چوارچێوەكە پەكی كەوتووە، ناكۆكییەكان تەنیا لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران نییە، بەڵكو لە شێوەی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكان و داوای گەرنتیی هەندێك لایەنەكانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل