ڕێکخراوی سی پی تی: هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە

:: PM:02:15:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، تیمی "کوردستانی عێراق"ـی سەر بە ڕێکخراوی (CPT)ـی ئەمەریکی ڕای گەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی 695 هێرش بووەتەوە کە 48 هێرشیان لە کاتی ئاگربەستی نێوان هەردوولادا بووە.

تیمەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی سەدان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بووەتەوە لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق. لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە هەشتی نیسان، 647 هێرش کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئاگربەستیش، لە ماوەی نێوان هەشت بۆ 24ی نیسان، 48 هێرشی تر ئەنجام دراون.

ڕێکخراوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە کۆی گشتیی هێرشەکان گەیشتووەتە 695 هێرش. لە کاتی ئاگربەستەکەدا، کەمپ و بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران (پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئامانجی سەرەکی بوون. بەراورد بە پێش ئاگربەست، زۆربەی هێرشەکان لەلایەن خودی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ ئەنجام دراون.

لە ماوەی 40 ڕۆژی شەڕدا (لە 28ی شوبات تا هەشتی نیسان)، 647 هێرش ئەنجام دراون کە زۆربەیان، واتە 277 هێرش، کونسوڵگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان لە هەرێم کردووەتە ئامانج. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوچە نیشتەجێبوونە سڤیلەکان، کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکان، کۆمپانیاکانی پێوەندیکردن و دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی تر کە بەشدار نین لە شەڕەکەدا، بە 224 هێرش لە پلەی دووەمدان. هەروەها کەمپ و بارەگاکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە 146 هێرش لە پلەی سێیەمدان. تیمەکە سوپای پاسدارانی بە بەرپرسیاری 31.8%ـی هێرشەکان داناوە، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیارن لە 68.2%ـی هێرشەکان.

سەبارەت بە سەردەمی ئاگربەست (لە هەشت تا 24ی نیسان)، ڕێکخراوەکە دەڵێت، پێشبینی دەکرا هێرشەکان بوەستن و ئاگربەست هەرێمیش بگرێتەوە، بەڵام سوپای پاسداران و میلیشیاکان بەردەوام بوون. لەم ماوەیەدا 48 هێرش ئەنجام دراون کە 75%یان لەلایەن سوپای پاسداران و 25%یان لەلایەن میلیشیاکانەوە بووە." لەم هێرشانەدا، 37 هێرش (77.1%) بۆ سەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات بووە، حەوت هێرش (14.6%) بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ناوچە سڤیلەکان بووە، و تەنیا چوار هێرش (8.3%) بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆی گشتیی هێرشەکان (لە 28ی شوبات تا 24ی نیسان) بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا:
هەولێر: 544 هێرش (78.3%)
سلێمانی: 123 هێرش (17.7%)
دهۆک: 22 هێرش (3.2%)
هەڵەبجە: 6 هێرش (0.8%)
جۆری هێرشەکانیش بریتی بوون لە:
551 هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو.
131 هێرش بە مووشەک.
12 هێرش بە تۆپباران.
یەک هێرش بە تەقەکردن.
تیمەکە ئامانجەکانیشی پۆلێن کردووە:
بنکە و کونسوڵگەی ئەمەریکا: 281 هێرش (40.5%).
دامەزراوە سڤیل و ناوچە نیشتەجێبوونەکان: 231 هێرش (33.2%).
پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: 183 هێرش (26.3%).

ئاماژە بەوەش دراوە کە لە کۆی 695 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 407 هێرشیان (58.6%) لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنراون.
لە کۆتاییدا ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە لە ماوەی نێوان 28ی شوبات تا 24ی نیسانی 2026، 123 کەس بوونەتە قوربانی؛ 22 کەس گیانیان لەدەست داوە و 101 کەسیش بریندار بوون، کە 24 کەسیان هاووڵاتیی سڤیل بوون. هەروەها زیان بە زیاتر لە 67 ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون و 45 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیشتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود