ئێران ڕووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی توانای ئه‌مباركردنی نزیكبووه‌ته‌وه له ته‌واوبوون، به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆ ده‌ریاییه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا سه‌پاندوویه‌تییه سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی، ئێسته‌یش په‌نای بۆ به‌كارهێنانی كه‌شتییه‌كی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌ی كۆن و له‌كارخراوی خۆی بردووه، تا وه‌ك كۆگه‌ی ئه‌مباركردن به‌كاریبهێنێت، به پڕبوونی ته‌واوی ئه‌مباره‌كان، تاران ناچار ده‌بێ بیره نه‌وتییه‌كانی دابخات، كه ئه‌مه‌یش دواتر دووباره ده‌رهێنانه‌وه‌ی نه‌وت لێی پێویستی به تێچووێكی زۆره و كاره‌ساتێكی گه‌وره تووشی ئێران ده‌كات.
به گوێره‌ی
ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كۆماری ئیسلامی ئێران دووباره كه‌شتی زه‌به‌لاحی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌ی "ناشا"ی بردووه‌ته كه‌ناراوه‌كانی دوورگه‌ی خارگ، تا وه‌ك كۆگه‌ی ئه‌مباركردن سوودی لێ وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بڕی زۆرتری نه‌وت ئه‌مبار بكات و بیره نه‌وتییه‌كانی دانه‌خات.
دوورگه‌ی خارگ به ناوه‌ندی سه‌ره‌كی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت و زۆرینه‌ی كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كان كه نه‌وتی ئێران ده‌كڕن، له‌و دوورگه‌یه‌وه باری ده‌كه‌ن و بۆ وڵاتی كڕیار ده‌یگوێزنه‌وه.
به گوێره‌ی قسه‌ی شاره‌زایان، كۆگه‌كانی ئه‌مباركردنی نه‌وت له ئێران به 13 ڕۆژ به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی نه‌وت له‌و وڵاته به ته‌واوی پڕ ده‌بن، ئێسته به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئێران به‌رده‌وامی هه‌یه و هه‌نارده‌كردنیش وه‌ستاوه، ئه‌مه‌یش تارانی خستووه‌ته به‌رده‌م ئه‌زموونێكی قورسه‌وه، ڕازیبوون به مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سازش كردن، یان داخستنی بیره نه‌وتییه‌كانی.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوای شكستهێنانی دانوستان له گه‌ڕی یه‌كه‌می دانیشتنی راسته‌وخۆ كه ڕۆژی 11ی نیسان/ئه‌پریل ئه‌نجام درا، گه‌مارۆی ده‌ریایی خسته سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و تا ئێسته زیاتر له 30 كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگری ئێرانی گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه به‌نده‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته و هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته به ته‌واوی په‌كخراوه.
به‌و پێیه ئێسته ئه‌مباره‌كانی ئێران زۆر نزیكبوونه‌ته‌وه له پڕبوونی ته‌واوه‌تی، شاره‌زایان نایشارنه‌وه كه نه‌مانی كۆگه‌ی ئه‌مباركردن، ئێران ناچار ده‌كات به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بوه‌ستێنێت و بیره نه‌وتییه‌كانی دابخات، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات بیره‌كانی نه‌وت زیانی زۆریان به‌ر بكه‌وێت و دووباره به‌كارخستنه‌وه‌یان كارێكی قورس و تێچوویه‌كی یه‌كجار زۆری بوێت.
په‌نابردنی ئێران بۆ ئه‌مباركردنی نه‌وت له كه‌شتییه نه‌وتگوێزه‌ره‌وه كۆنه‌كان ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتایی توانای ئه‌مباركردنیه‌تی، هاوكات به‌كارهێنانی كه‌شتییه‌كانیش وه‌ك كۆگه‌ی ئه‌مباركردن چاره‌سه‌رێكی كاتییه، له په‌راوێزی به‌رده‌وامی گه‌مارۆی ده‌ریایی بۆ سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه.
شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئێران ئێسته له قۆناغێكی ته‌واو هه‌ستیاردایه و كات بووه‌ته گه‌وره‌ترین ئامرازی فشار دروستكردن له‌سه‌ر تاران، چونكه ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێیه كۆگه ئه‌مباركراوه‌كانی ئێران پڕ ببن له نه‌وت، ئه‌وكات تاران ده‌بێ بڕیارێكی چاره‌نووسساز بدات، یان سازشكردن و ملدان بۆ ئه‌مه‌ریكا یان به ده‌ستی خۆی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی خۆی خاپوور ده‌كات.
ئێسته تاران له‌به‌رده‌م دووڕیانێكدایه و تا ئێسته خۆی بۆ یه‌كێك له‌و دوو بژاره‌یه یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تره‌مپ باسی له‌وه‌كرد، كه ئێران به شێوه‌یه‌كی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ داواكانی ئه‌مه‌ریكا و نزیك لێیانه‌وه ڕازی ده‌بێت و به‌رده‌وام به گه‌شبینییه‌وه باسی سازشكردن و خۆڕاده‌ستكردنی سیاسی ئێران بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و سووریشه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به گه‌مارۆی ده‌ریایی بۆ سه‌ر به‌نده‌ره‌كان، له كاتێكدا ئێران مه‌رجی ده‌ستكردنه‌وه به دانوستانی به‌ستووه‌ته‌وه به هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆدان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه.
عاسم مونیر سوپاساری پاكستان هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌میانه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوای لێ‌كرد، كه گه‌مارۆی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت، تا دانوستانه‌كان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه و تره‌مپ ته‌نیا له وه‌ڵامدا گوتی، بیری لێ ده‌كاته‌وه، به‌لام تا ئێسته ئاماده نییه ئه‌و گه‌مارۆ خنكێنه‌ره له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت.
هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی سه‌پاندنی گه‌مارۆ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پێشتر به‌سه‌ر كوبا و له‌م دواییه‌یش به‌سه‌ر ڤه‌نزوێلا سه‌پێنرا، نه‌یتوانی كه ئه‌و دوو وڵاته ناچار بكات كه سازشی گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه گه‌مارۆدانی ئه‌مه‌ریكایش ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی بۆ واشنتن لێ نه‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێسته یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، به تایبه‌ت كه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وان په‌له‌یان نییه له‌وه‌ی كه گه‌مارۆكان به زوویی یان كاتیان پێویست بێ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانیان ده‌ربكه‌ون.
پێشتر ئێران ڕۆژانه نزیكه‌ی چوار ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرد و زیاتر له 80% ئه‌و نه‌وته‌یشی به چین ده‌فرۆشته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌شتی و كۆمپانیاكانی مامه‌ڵه‌كردن به نه‌وتی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خراونه‌ته لیستی سزاكانه‌وه، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه پاسداران و چین تۆڕێكی كه‌شتیگه‌لی سێبه‌ریان دروست كردبوو و له‌و ڕێیه‌وه نه‌وتی ئێران ده‌گه‌یشته به‌نده‌ره‌كانی چین، ئێسته ئه‌مه كۆتایی هاتووه و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دیوی كه‌نداوی عومانه‌وه ده‌یان كه‌شتی سه‌ربازی بڵاوه پێكردووه و ڕێ له هه‌ر كه‌شتییه‌كی ئێرانی ده‌گرن كه بیه‌وی له هورمز بپه‌ڕێته‌وه و به كه‌نداوی عومان بگاته ده‌ریای عه‌ره‌ب و زه‌ریای هیندییه‌وه.