لە كاردانەوەی بەڵگەیەكی ڤیدیۆیی لەبارەی چەكە دزراوەكانی ئەمەریكا، كە دواجار دەركەوت ئەو چەكانە لای دژەتیرۆری یەكێتی شاردراونەتەوە، شەوی ڕابردوو نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی و دژەتیرۆری یەكێتی راچڵەكین.
چەكە دزراوەكانی ئەمەریكا
بابەتی چەكە دزراوەكانی ئەمەریكا لە ماوەی رابردوودا مشتومڕی زۆری لێ كەوتەوە، هەرچەندە لە سەرەتاوە مۆساد بەڵگەیەكی بە وێنەوە بڵاو كردەوە كە چەكە درزاوەكانی ئەمەریكا لای بافڵ تاڵەبانیی سەرۆكی یەكێتییە، بەڵام ئەو حزبە بە هەموو هەوڵییەوە و داتاشینی دۆری جۆراوجۆر بیانووی بۆ ئەو دزییە دەهێنایەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوو جار لێدوانی لەوبارەیەوە دا و گوتی، لە كاتی خۆپێشاندانەكانی ئێران چەكی بۆ ناردوون، بەڵام حزبێكی كوردی لای خۆی گلی داوەتەوە و ئەوەیش بێ سزا تێپەڕ نابێت.
یەكێتی بەم لێدوانە و بەڵگەكەی مۆساد بە تەواوی شڵەژا، تا كار گەیشتە ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە كەناڵێكی بیانی بە داواكاری خۆی و بە پارە، دیمانەیەكی بڵاو كردەوە و رەتی كردەوە ئەو چەكانە لای ئەوان بێت.
بافڵ تاڵەبانی بەو دیمانەیەوە نەوەستا، میدیاكانی ئاراستە كرد كە بە هەموو جۆرێك تۆمەت ببەخشنەوە دژی ئەو چەكانە و بیخەنە ئەستۆی لایەنی تر، چونكە بە تەواوی مەترسی گەیشتبووە سەر ئێسقانیان كە ئەگەر ئەوە ئاشكرا بێت، دۆخیان خراپتر دەبێت.
بۆچی یەكێتی چەكەكانی دزیوە؟
هەرچەندە هێشتا هۆكاری دزینی چەكەكان بە تەواوی روون نەبووەتەوە، بەڵام بە لێكدانەوە بۆ سیاسەتی رابردووی ئەو حزبە شارەزایانی سەربازی چەند هۆكارێك دەخەنە ڕوو، لەوانە حەزی سەرۆكی یەكێتی بۆ چەك و دزینی، هەروەك لە ماوەی ڕابردوودا چەندان گرتەی ڤیدیۆیی لە مەزادخانەكانی چەك لە ئەمەریكا لێ بڵاو كراوەتەوە و چەكی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.
جیا لەوە، ترەمپ دەڵێ، کە چەكەكانی ناردووە بۆ ئێران تا شۆڕشی ناوخۆیی پێ بكەن، بەڵام دەردەكەوێ یەكێتی چەكەكانی لای خۆی گلداوەتەوە هەر وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكەیشدا دەردەكەوێ، نزیكی سیاسەتی یەكێتی لە ئێران هۆكارێكی ترە كە ئەو حزبە نەیویستووە زیان بەو وڵاتە بگات، ئەوەیش هۆكارێكی تر بووە كە چەكەكانی ئەمەریكا بدزێ.
لێكدانەوەیەكی تر كە بۆ دزینی چەكەكانی ئەمەریكا لەلایەن یەكێتییەوە دەكرێت ئەوەیە، ئەو حزبە بەردەوام لەژێر هەژموون و گوشاری میلیشیاكانی عێراقدایە، وا دەبینرێ كە ئەوان گوشاریان لە یەكێتی كردبێ ئەو چەكانەی ئەمەریكا بدزێت و رێگە نەدات بچێت بۆ ئێران.
لە دوای هەموو ئەو كاردانەوانەدا، هەفتەی ڕابردوو پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمەریكا خۆی دەزانێت كە چەكی داوەتە كێ و كێ لێی دزیوە، لە داهاتوودا ئەوە بە تەواوی ئاشكرا دەبێت.
ئەو شەوەى نەخەوتن
شەوی ڕابردوو بابەتی دزینی چەكەكانی ئەمەریكا لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە بە تەواوی ئاشكرا بوو، بە بەڵگەی ڤیدیۆییەوە پێشانی خەڵكی كوردستان و نوێنەری وڵاتان و ئەمەریكا درا.
ڤیدیۆكە لەناو بارەگایەكی دژەتیرۆری یەكێتی دزەی كردووە، پێدەچێ لە خۆشی دزینی ئەو چەكانە ڤیدیۆكە تۆمار كرا بێت. بەڵام ئەو ڤیدیۆیە كۆتایی بە تۆمەتی میدیایی ئەو حزبە هێنا دژی لایەن و كەسانی تر لەبارەی دزینی چەكەكانی ئەمەریكا.
شەوی ڕابردوو، دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگە ڤیدیۆییەكە كە دەردەكەوێ تەواوی چەكەكانی ئەمەریكا لە ژێرزەمینێكی بارەگایەكی دژەتیرۆری یەكێتی شاردراونەتەوە، نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی و دژەتیرۆری یەكێتی لە خەودا راچڵەكین.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بە بڕیاری نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی داوا كراوە كە بەپەلە روونكردنەوەیەك بڵاو بكرێتەوە لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە، بەڵام دژەتیرۆری یەكێتی روونكردنەوەیەكی ئاست نزم و بەبێ بەڵگەی بڵاو كردەوە كە تەواوی روونكردنەوەكە شێواوی ئەو چەكدارانەی تێدا دەركەوتبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو روونكردنەوەیە، نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی بە تەواوی لە دژەتیرۆری یەكێتی تووڕەبوون بەهۆی ئاست نزمی و ئەوەی هیچ بەڵگەیەك نەخرابوویە ڕوو. لە كاتێكدا نووسینگەكەی بافڵ داوایان كردبوو چەند وێنەیەكی تر پێشان بدەن و بڵێن ئەو ڤیدیۆیە درۆیە و ئەو چەكانە نین.
هەمان شەو بافڵ تاڵەبانی دێتە سەر هێڵ و داوا دەكات ئەو روونكردنەوەیە لە میدیاكاندا بسڕدرێتەوە، بەڵام لەلایەن تیمێكی میدیاییەوە پێی ڕادەگەیەنرێ كە لەم كاتە و شەوە درەنگەدا ئەوە نەكرێ باشترە و بەمشێوەیە بڕوات، تیمەكەی میدیا؛ بەڵێن بە بافڵ تاڵەبانی دەدەن كە ئەمڕۆ شەموو تەواوی میدیاكانیان بۆ ئەو پرسە تەرخان بكەن.
بەڵام ئەوەیش هەر فاوڵێكی تری لێ كەوتەوە و درۆیەكە پینە نەكرا، بەیانیی ئەمڕۆ دەنگی یەكێك لە ئەدمینی پەیجەكانی یەكێتی دزەی كرد کە دەیەوێ ئەو بابەتە زەق بكاتەوە، بەڵام ئەوەیش جارێكی تر دەچێتە پاڵ ئەوەی كە درۆ بە ئاسانی پینە ناكرێ.
بە وردی: شەوی ڕابردوو دۆخی ناو یەكێتی شڵەژاو بووە، گرتەیەكی بەڵگەی ڤیدیۆیی هەموو حزبەكەی راچڵەكاند، رای گشتیشی لەو دوودڵییە نەهێشتەوە كە چەكە دزراوەكانی ئەمەریكا لای كێن.