12 ڕۆژ به‌سه‌ر سه‌پاندنی گه‌مارۆ بۆ سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه تێپه‌ڕیووه، ڕاپۆرتێكیش ئاماژه به‌وه ده‌كات، تا ئێسته‌یش پێویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان له بازاڕه‌كانی ئێران به‌رده‌ستن، به‌ڵام نرخیان زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه و ترس له كه‌می هاتنی كاڵاكان بۆ بازاڕ وایكردووه كه حكوومه‌ت به دوای جێگره‌وه بۆ هه‌نارده و هاورده‌كردن بگه‌ڕێت.
ئێران هه‌میشه دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رگه‌ی گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا له ڕێی ده‌روازه سنوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕێی ده‌ریایی تر بگرێت و گه‌مارۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكا بشكێنێت، هاوكات مه‌سعوود پزیشكیان سه‌ركۆماری ئه‌و وڵاته پێشتر دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دا كه ڕازیبوونی خه‌ڵكی ئێران له حكوومه‌ت بۆ ڕق و دژایه‌تی له ڕێی ئه‌و گه‌مارۆیه بگۆڕێت.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتێك كه په‌یامنێری ئه‌لجه‌زیره له تاران ئاماده‌ی كردووه، ئێران ناتوانێ به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات و پاره‌ی قورسی ده‌ست بكه‌وێ كه یارمه‌تی ده‌دات له كڕین و هاورده‌كردنی كاڵا سه‌ره‌كییه پیویستییهكان ژیان له‌و وڵاته، جیا له‌وه‌یش كه ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو ڕێگه‌كانی هاورده‌كردن به ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران دابخات.
هه‌رچه‌نده له ماركێته‌كانی ئێران كاڵاكان به‌رده‌ستن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه هی كۆگه‌كانه و كاڵای تر نه‌گه‌یشتووه‌ته ئێران، بازرگانێك بۆ جه‌زیره ده‌ڵێ، جووڵه‌ی فرۆشتن وه‌ك پێش كاتی جه‌نگ نییه، ترس له‌وه‌ی كه به‌شێك له كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان له بازاڕ بوونیان نامێنێت و دڵه‌ڕاوكێی لای خه‌ڵك دروست كردووه، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌مارۆكه مانگه‌كانی داهاتوویش به‌رده‌وامی هه‌بێت.
هاووڵاتییه‌كی
ئێرانی له بازاڕی تاران ده‌ڵێ، هه‌موو پێویستییه‌كان له بازاڕ به‌رده‌ستن، به‌ڵام نرخه‌كان به‌رزبوونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه پێنج ڕۆژ به‌سه‌ر كۆتایی مانگی فارسی تێپه‌ڕیووه و تا ئێسته حكوومه‌ت مووچه‌ی به‌سه‌ر كارمه‌نده‌كانی دابه‌ش نه‌كردووه.
نیگه‌رانی له خراپبوونی دۆخی بازاڕ و نه‌مانی كاڵا و ته‌نگژه‌ی ئابووری وایكردووه كه هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ئه‌مه‌ریكی یه‌كێك له داوا سه‌ره‌كییه‌كانی ئێران بێت بۆ چوونه‌وه نێو دانوستاندن و دانیشتنه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاران ده‌ستی گرتووه به كارتی كۆنتڕۆڵكردنی گه‌رووی هورمز، وه‌ك كارتێكی براوه به‌رانبه‌ر به گه‌مارۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فشاره‌كان كه له‌سه‌ر ئێران دروستی كردووه.
ڕاپۆرت و زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه كه‌لێن له‌و گه‌مارۆیه هه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێرانی سه‌پاندووه، سه‌ره‌ڕای هۆشداری به‌رده‌وامی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كه‌شتییه‌كان له كه‌نداوی عومان و ده‌ریای عه‌ره‌ب، به‌ڵام جار جار كه‌شتی ئێرانی تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه بۆ چاره‌سه‌ربوونی دۆخی ئێران و كاریگه‌ری و لێكه‌وتی زۆر مه‌ترسیدار به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆیه‌وه بۆ سه‌ر ئابووری ئێران دروست ده‌بێ و له قۆناغه‌كانی داهاتوو ده‌بێته هۆی خنكاندنی ته‌واوه‌تی ئابووری ئه‌و وڵاته.
هه‌رچه‌نده ئێران پشت به كه‌شتیگه‌لی سێبه‌ر ده‌به‌ستێت، كه تۆڕێكی فره‌وانی كه‌شتین و ئێران چه‌ندان ساڵه بۆ خۆ دزینه‌وه له سزاكانی ئه‌مه‌ریكا پشتیان پێ ده‌به‌ستێ و نه‌وت له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كات و به میكانیزمی زۆر ئاڵۆز كار ده‌كه‌ن و ده‌ناسرێنه‌وه. گرنگترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌یش كه كه‌شتییه‌كان ده‌یگرنه‌به‌ر برتییه له گۆڕینی ناوی كه‌شتییه‌كان و ئاڵای به‌رزكراوه‌ی سه‌ر كه‌شتییه‌كان و ده‌ستكاریكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی كه‌شتییه‌كه، جیا له په‌كخستن و ساخته‌كردنی ئامێری چاودێریكردن و به دیاركه‌وتن له ڕێی جی پی ئێسه‌وه له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی چاودێریكردنی جووڵه‌ی ده‌ریاوانی جیهانییه‌وه، تا سه‌رچاوه و ئامانجی گه‌شتی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌شتییه‌كان به ته‌واوی بشارێته‌وه.
گه‌مارۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی جووڵه‌ی كه‌شتیوانی له ناوچه‌كه ناگرێته‌وه، بگره ته‌نیا ئه‌و كه‌شتیانه به ئامانج ده‌گیرێن، كه له به‌نده‌ره‌كانی ئێران له‌نگه‌ر ده‌گرن، ئه‌مه‌یش پێویست به‌وه ده‌كات كه له ناسنامه‌ی هه‌موو كه‌شتییه‌ك بكۆڵنه‌وه و تا دڵنیا بن له‌وه‌ی به‌شێك نییه له كه‌شتیگه‌لی سێبه‌ری ئێران. به‌وهۆیه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه زۆر ئاڵۆزه له ڕووی كات و ته‌كنیكییه‌وه، بۆیه ڕێ به به‌شێك له كه‌شتییه نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌كان ده‌درێ كه به گه‌مارۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكا تێپه‌ڕن، پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ئاشكرا ببن كه كه‌شتی سێبه‌ری ئێرانین.
ئامانجی كۆتایی ئه‌و گه‌مارۆیه بریتییه له خنكاندنی كه‌رتی نه‌وتی ئێران له ڕێی سنوورداركردنی ته‌واوه‌تی هه‌نارده‌كردن و پڕكردنی كۆگه‌كانی ئه‌مباركردنی نه‌وت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، كه دواجار ئه‌مه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به ته‌واوی له وڵاته‌كه ده‌وه‌ستێنێت. كێڵگه نه‌وتییه كۆنه‌كانی باشووری ئێران به‌رگه‌ی داخستن و وه‌ستانی به‌رهه‌مهێنان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ناگرن، بگره به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌ڕووخێن، ئه‌مه‌یش زیانی گه‌وره به كه‌رتی نه‌وتی ئێران ده‌گه‌یه‌نێت و توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وڵاته له نه‌وت به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌بات.
هاشم ئه‌لعه‌قل پسپۆری وزه له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ئێران ده‌توانێ ته‌نیا 60 ڕۆژ به‌رگه‌ی ئه‌و گه‌مارۆ ده‌ریاییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی بگرێت، دوای ئه‌و ماوه‌یه كاره‌ساتی گه‌وره به‌رۆكی ئه‌و وڵاته ده‌گرێت.
بۆ دڵنیاییدان به هاووڵاتییانی، تاران ده‌ستی به كردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرده‌وه، له هه‌مانكاتدا ئاماده‌یی ده‌ستكردنه‌وه به جه‌نگ یان كۆتاییهێنان به جه‌نگی له ڕێی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كه به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی ئێران تێیدا پارێزراو بن كرده‌وه. به جۆرێك كه له ڕێككه‌وتنه‌كه گه‌ره‌نتی دووباره هێرشنهكردنهوه سه‌ر ئێران مسۆگه‌ر بكرێت.
ڕۆژی 19ی نیسان/ئه‌پریل ئێران ئاسمانی خۆی به ڕووی گه‌شته ئاسمانییه‌كان به سێ قۆناغ كرده‌وه، كه یه‌كه‌میان گه‌شتی ناوخۆیی له‌خۆ ده‌گرێت و دواتریش گه‌شتی ناوچه‌كه و دواجاریش گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی له فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه دووباره ئه‌نجام ده‌درێنه‌وه و ڕێكخراوی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی ئێران ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه.