بۆچی ترەمپ شەڕی ئێرانی وەستاندووە؟

:: PM:08:21:26/04/2026 ‌

رەنگە ئەو پرسیارە زۆر بكرێت و لەوەش زیاتر باسی ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕەكە بكرێت، چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لە تەلئەبیب باسی هۆكاری وەستاندن و دەست پێنەكردنەوەی شەڕی ئێران لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكەن، دووپاتی دەكەنەوە كە سەرنجی خستووەتە سەر پلانێكی جۆراوجۆر و فرەوان و گشتگیری ئابووری بۆ خنكاندنی ئابوورییانەی تاران و دروستكردنی هەڕەشەیەكی ناوخۆیی لەسەر مانی دەسەڵاتی سوپای پاسداران و رابەری باڵای ئەو وڵاتە.

رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی دەڵێت، ترەمپ و راوێژكارانی بڕیاری جێبەجێكردنی پلانی شەڕی ئابوورییان لە دژی ئێران داوە، ئەوان پێیان وایە بەو شێوەیە دەوانن هەڕەشە بخەنە سەر مانەوەی رژێمی ئەو وڵاتە زیاتر و جیاواز لە وێرانكردنی ژێرخانی نیشتمانییەكەی، وەك كارەبا و نەوت و غاز و پردەكانی، رۆژنامەكە پێی وایە پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە هەڕەشە زۆرەكانی بۆ ئێران، هاوكات گوێرایەلیكردنی زیاتری دەنگە سیاسی و سەربازییەكان لە واشنتن، وەك ویتكۆف و كۆشنەر، وریابوونە لەوەی زیاتر لە زەڵكاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوە نەگلێت.

رۆژنامەكە باسی ئەوەشی كرد كە ئەو شەڕە ئابوورییەی ترەمپ و دەستوپێوەندەكەی بڕیاریان لەسەر داوە، كە گەمارۆ دەریاییەكە بەشێكی بچووكیەتی، دەبێتە پاراستنی گەلانی ئێران لە نەهامەتییەكانی بژێویان، ترەمپ نایەوێ گەلانی ئێران، كە زۆرینەیان نەیاری رژێمی ئەو وڵاتەن، تووشی زیانی جەستەیی و ئابووری بەهۆی بۆردمانكردنی ژێرخانی نیشتمانیی گەورە شارەكانی ئێران ببنەوە.

جیا لەوە لە رێگەی شەڕی ئابوورییەوە، ترەمپ نایەوێ رقی ئێرانییەكان بەرانبەر بە وڵاتەكەی زیاتر بێت و بەو شێوەیە كار لە دژی رژێمی وڵاتەكەیان نەكەن، لەوكاتەی ترەمپ و نەتنیاهۆ هیوایان وایە كە رژێمی ئێران لە رێگەی ناڕەزایەتیی ناوخۆییەوە بڕووخێت، پێیان وایە كە تا ئەوكاتەی بۆمبەكان لە نزیك هاووڵاتییانی ئێران دەكەوێتە خوارەوە، ئەوان ناڕژێنە سەر شەقامەكانەوە. 

هەر بەپێی رۆژنامەكە، لە هۆكارەكانی تر وای كرد كۆشكی سپی شەڕی ئابووری لە بری شەڕی سەربازی پیادە بكات، هەردوو سوپای ئەمەریكا و ئیسرائیل تەواوی ئەوەی دەتوانن بەرانبەر بە توانا سەربازی و ئەتۆمییەكانی ئێران لە رێگەی بۆردمانی ئاسمانی و دەریاوانی كردیان، یاروون بن یشای شرۆڤەكاری سەربازی دەڵێت، ئێستە پێویستە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی شەڕ بكرێت و رێگری لە رژێمی ئێران بكرێت لە بەدەستهێنانەوەی تواناكانی بۆ ساڵانێك، بەتایبەتی كە هەڵمەتە سەربازییەكە سەرنجی خستووەتە سەر گەماری دەریاوانی ئێران لە پارە و داهات و پێوەندییەكانی بە رووسیا و چین بێبەشی دەكات. 

زیاتر گوتی، ئەگەرچی تا ئێستە گەمارۆ دەریاییەكە لە دەریای قەزوین جێبەجێ ناكرێت و ئێران دەتوانێت لە رێگەیەوە یارمەتی لە رووسیا بەدەست بگات، بەڵام هەر بەشی ئەوە ناكات كە توانا ئەتۆمی و مووشەكی و بەرگریی ئاسمانییەكانی بەدەست بێنێتەوە كە زیانی گەورەیان بەر كەوتووە، رۆژنامەكە هۆكارێكی تری پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە هەڕەشەكانی پێشووی لە دژی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە لە حاڵەتی بۆردمانكردن و زیانگەیاندن بە ژێرخانی تاران، لەوانە دامەزراوە نەوتی و غازییەكان و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و پاڵاوتنی ئاو، وا دەكات ئێران لە رێگەی كردنەئامانجی دامەزراوە هاوشێوەكان لە وڵاتانی ناچەكە وەڵام بداتەوە و ئەوەش دۆخەكە زۆر ئاڵۆزتر دەكات و زیان بە ئابووریی دنیا دەگەیەنێت، تەنانەت دوای كردنەوەی گەرووی هورمز. 

هاوكات ئێستە ئەمەریكا جیا لە گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەكانی ئێران، بە چڕی لە دژی كەشتیگەلیی تارمایی نەوتبەری ئێران بەرەو چین و هیندستان و وڵاتانی تر كار دەكات، بۆ شكاندنی گەمارۆی ئەمەریكا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئێرانییەكان بە فەرمانی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، ئابوورییەكەی شوێنگرەوەی نەوتیان پەرە پێ داوە، كە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرێت و لەو رێگەوە نەوتی ئێرانیان بە نرخی هەرزان بە قاچاغ گەیاندووەتە وڵاتانی تر و ئەو كەرەستانەیان پێی كڕیوە كە لە دروستكردنی مووشەك و تەقەمەنی و درۆن بەكار دەهێنرێن، ئەوان لە رێگەی دەریاوە لە چین و رووسیاوە بەرەو ئێرانیان گواستووەتەوە.

بۆیە ئێستە ئەمەریكا لە چەندان لاوە گوشاری ئابووری خستووتە سەر ئێران، لەوانە بلۆككردنی حیساباتی دراوە دیجیتالییەكان كە سوپای پاسداران بەكاریان دێنێت و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا توانیویەتی دەستیان بەسەردا بگرێت، بۆیە ئەگەر هەڵمەتی خنكاندی ئێران بەردەوام بێت، ئێرانییەكان زۆریان لەپێش نییە بیكەن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل