ڕاپۆرتێك: پنتاگۆن زانیاریی ڕاست لەبارەی جەنگ بە ترەمپ نادات

:: AM:09:44:28/04/2026 ‌
بەرپرسانی ئەمەریكی دووپات لەوە دەكەنەوە كە جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، لە كۆبوونەوە داخراوەكان گومانی لەسەر ڕاپۆرت و زانیارییەكان دروست كردووە، كە وەزارەتی جەنگ "پنتاگۆن" لەبارەی جەنگ دژی ئێران پێشكەشی دەكات و بە كەم سەیری ئەو زانیارییانە دەكات، كە باس لە كەمبوونەوەی ئەمباری مووشەكی ئەمەریكا لە زەریای ئەتڵەسی و ئەوروپا دەكەن.

بەرپرسان بۆ گۆڤاری "زە ئەتلانتیك" دەڵێن، ڤانس گومانی لە وردی زانیارییەكان دروست كردووە و مەترسی خۆیشی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو كە بەشێك لە سیستمەكانی مووشەكی و بەرگری ئاسمانی، ئەمباری مووشەكەكانیان كەمی كردووە و ئەوەیشی لەگەڵ سەرۆك ترەمپ تاوتوێ كردووە.

ئەو بەرپرسانە نیگەرانی خۆیان لەسەر ئەو پرسە دەردەبڕن و بەوەی كەمبوونەوەی كۆگەی چەك و جبەخانەی ئەمەریكا لێكەوتی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی سوپای ئەمەریكا پێویستی بە جبەخانەی گەورە بۆ بەرگریكردن لە تایوان لە دژی چین و كۆریای باشوور لە دژی كۆریای باكور و ئەوروپا لە دژی ڕووسیا هەیە.

پیت هێگسەس وەزیری جەنگ و جەنەراڵ داین كین سوپاسالاری هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا، چەندان جار بە ئاشكرا دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە كۆگەی چەك و جبەخانەی وڵاتەكەیان لە ئاستێكی بەرزدایە و ئەو زیانانەیشی بە هێزەكانی ئێرانیان گەیاندووە، زۆر گەورەیە.

ڕاوێژكارانی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كە قسەیان بۆ گۆڤارەكە كردووە بەو مەرجەی ناویان ئاشكرا نەكرێ، هێمایان بۆ ئەوە كردووە كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەو بابەتە بە مەترسی دادەنێت و هەریەك لە هێگسەس و كینی بە بەلاڕێدابردنی سەرۆك ترەمپ تۆمەتبار كردووە، ئێستە ڤانس كار دەكات كە ئەو دۆسیەیە نەبێتە پرسێكی كەسی و دروستبوونی دابەشبوون و ناكۆكی لە ناو ئەنجوومەنی جەنگ، بەڵام بەشێك لە كەسانی نزیك لە جێگری سەرۆك نایشارنەوە كە ڕوانینی وەزیری بەرگری بۆ دۆخی سوپا زۆر ئەرێنی بووە كە ئەمەیش جۆرێكە لە بەلاڕێدابردن.

لە ڕاگەیەنراوێكی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكدا هاتووە، وەزیری جەنگ كاری گەورە و سەرنجڕاكێش دەكات و هاریكاری و هاوئاهەنگی هیگسەس لەگەڵ ترەمپ بۆ گەرەنتی بەهێز مانەوەی رۆحیەتی جەنگاوەرەكان لە ڕیزەكانی سوپا گرنگ و پێویستە، بەرپرسێكی كۆشكی سپی دەڵێ، ڤانس پرسیاری زۆر و ئاڵۆزی لەبارەی پلانی ستراتیجی ئەمەریكا كردووە، وەك چۆن زۆر لە ئەندامانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی بەهەمانشێوە پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك كردووە.

ترەمپ چەندان جار بە ئەرێنی لێدوانەكانی هیگسەس و كینی لەبارەی جەنگ پەسند داوە و ئاشكرای كردووە، كە ئەو زیانە كەمەی لە ئەنجامی جەنگ ڕووبەڕووی هێزەكانی ئەمەریكا بووەتەوە، بە كردەیی سەركەوتنێكی گەورەیە و كۆگەكانی چەكی بنەڕەتی سوپای ئەمەریكایش بە هیچ شێوەیەك كۆتاییان نایەت.

بەرپرسان دەڵێن، قسە و لێدوانەكانی هیگسەس و گەشبینی دەربڕین لە دەركەوتنەكانی لە میدیا بە جۆرێك دیزاین كراوە كە هەوڵی ڕازیكردنی سەرۆك ترەمپ بدات، كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیشی لە سەعات هەشتی بەیانی ئەنجام دەدات، چونكە ئەو دەزانێت كە سەعات هەشتی بەیانی ترەمپ سەیری تۆڕی فۆكس نیوز دەكات.

بەرپرسێكی پێشووی حكوومەتی ترەمپ دەڵێ، ئەزموونی هیگسەس لە تەلەڤزیۆن وایكردووە زۆر تایبەت دەربكەوێت، چونكە ئەو دەزانێ چۆن قسە دەكات و چۆن ترەمپ بیر دەكاتەوە. ڕوانین و پێشبینییە ئەرێنییەكان كە سەركردەكانی پنتاگۆن دەریدەبڕن، كەموكوڕی و ناڕوونی تێدایە، بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی كە هەواڵگری ئەمەریكا ئەنجامی داوە.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری لە ناوخۆی ئەمەریكا، تا ئێستەیش ئێران سێیەكی چەكی ئاسمانی ماوە و زۆرینەی تواناكانی لە هاوێشتنی مووشەك و زۆرینەی بەلەمە بچووكە تیژڕۆكان كە دەتوانن مین لە ئاوەكان بچێنن، كۆسپ لە بەردەم هاتوچۆی كەشتیوانی دروست بكەن لە ئاستێكی زۆرباشدان.

ئەمانە هەڕەشەی ڕاستەقینەن، بەتایبەت بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی كەشتییە بازرگانییەكان كە ماوەیەكی زۆرە گەرووەكە بە داخراوی ماوەتەوە، ئێران ڕۆژانە سەكۆی مووشەكی جێگیر دەكاتەوە و تا ئێستە نیوەی سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكی ماوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەرفەتی بە تاران داوە كە دووبارە هێزی خۆی كۆ بكاتەوە و ڕێكی بخاتەوە.

بەرپرسان و ڕاوێژكاران بۆ گۆڤارەكە دەڵێن، بەكارهێنانی چەكی سەرەكی لە مووشەكی بەرپەرچدانەوەی بەرگری و چەكی هێرشبردن وەك مووشەكی تۆماهۆك و مووشەكی ئاسمانی زەوینی هاوبەشی دوورمەودا دژی مووشەكەكانی ئێران، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی خێرای تواناكانی ئەمەریكا لە هەڵگیرساندنی جەنگ لە داهاتوودا. بۆیە پێویستە بە پەلە دەست بە دروستكردنی مووشەك و چەكەكانی بكاتەوە.

پێشتر ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە واشنتن دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا زیاتر لە نیوەی چوار جۆر چەكی لە جبەخانەكانی بەكار هێناوە و كەمبوونی زۆر لە كۆگە و جبەخانەكانی ئەمەریكا دروست بووە. پێش جەنگیش كەمبوون لە جبەخانەكانی ئەمەریكا بوونی هەبووە، بەهۆی هێواشی دروستكردن و پێشكەشكردنی زیاتری جبەخانە بە ئۆكراینا و ئیسرائیل، بەرپرسان هۆشداری دەدەن كە ئەو كەمبوونە دەبێتە هۆی لاوازكردنی توانای ئەمەریكا لە سەركەوتن لە هەر ململانێیەك كە ئەمەریكا لەگەڵ ڕووسیا و چین لە داهاتوودا.

شۆن بارنێل گوتەبێژ بە ناوی پنتاگۆن گوتی، هیگسەس و سەركردەكانی تری وەزارەت ڕوونیان كردووەتەوە و دەڵێن، وێنەیەكی تەواو و ڕوون بە بەردەوامی دەدەنە سەرۆكی ئەمەریكا، بەرپرسێكی باڵا دەڵێ، دان كین زۆر ورد و تەواوكارانە هەڵسەنگاندنی بۆ چالاكی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان پێشكەشی سەرۆك كردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د