دوای ڕاگه‌یاندنی كشانه‌وه له ڕێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت "ئۆپێك" میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا بڵاویان كرده‌وه، ئیمارات تاوتوێی كشانه‌وه له كۆمكاری عه‌ره‌بی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی ده‌كات، هۆكاری سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌یش به‌هۆی ناكۆكییه قووڵه‌كانی له‌گه‌ڵ سعوودیه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئاژانسی
بلومبێرگی ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كرده‌وه، كه ئیمارات هه‌نگاو بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامیه‌تی له كۆمكاری عه‌ره‌بی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامیش ده‌نێت، دوای ئه‌وه‌ی له ئۆپێك كشایه‌وه، هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئۆپێك و كۆمكاری عه‌ره‌بی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی له ژێر هه‌ژموونی گه‌وره و فره‌وانی سعوودیه‌دان و ئه‌میش ئه‌مه‌ی قبووڵ نییه.
له باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئیمارات له ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو، ئاژانسه‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌بوزه‌بی تاوتوێی به‌شداری به‌رده‌وام و ماوه درێژ له ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو ده‌كات.
چه‌ند سالیكه ناكۆكی قووڵ و فره‌وان له نێوان سعوودیه و ئیمارات ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام هۆی نه‌ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكیانه بۆ جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل دژی ئێران و لێكه‌وته‌كانی بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئێسته كه ئاگربه‌ست ڕاگه‌یه‌نراوه و جه‌نگ هێوربووه‌ته‌وه، ئیمارات یه‌كه‌م هه‌نگاوی ناو و له ئۆپێك هاته ده‌ره‌وه.
بلومبێرگ بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه سه‌رۆكی ئیمارات، محه‌مه‌د بن زاید له‌میانه‌ی گفتوگۆی له‌م مانگه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌وروپا نیگه‌رانی خۆی له‌وه ده‌ربڕیووه كه وڵاتانی دراوسێ و ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو كاردانه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵیان به‌هۆی هێرشه‌كانی ئێران ڕانه‌گه‌یاندووه و ئاماژه‌ی داوه كه ناكۆكی و دابه‌شبوون له نێو ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو دروست بووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار ده‌ڵێ، ئیمارات وا بیر ده‌كاته‌وه كه توانای هه‌نارده‌كردنی بڕێكی زۆری نه‌وتی هه‌یه، به‌ڵام له ئۆپێك پشكی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و كه‌متر كراوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌یه‌وێ بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له ئۆپێك كه سعوودیه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات.
له‌لایه‌كی تره‌وه ڕۆژنامه‌ی
نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی نووسیویه‌تی، كشانه‌وه‌ی ئیمارات له ئۆپێك كه وه‌ك شۆكێكی سیاسی و ئابووری فره‌وان بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێوه‌ندی به هه‌ره‌س و تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌بوزه‌بی و ڕیاز هه‌یه.
ئاماژه‌ی داوه، ئیمارات ده‌یه‌وێ ڕێڕه‌وێكی تر بگرێته‌به‌ر و خۆی سیاسه‌تی خۆی دابڕێژێت و له‌و شێوازه كلاسیكی و یه‌كێتییه‌ی نێو وڵاتانی كه‌نداو بێته ده‌ره‌وه.
كاتێك سێشه‌می ڕابردوو دیداری لووتكه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو له جه‌ده به‌ڕێوه ده‌چوو، میدیاكانی ئیمارات دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه نزیكن له ده‌ركردنی بڕیارێكی گه‌وره، به‌ڵام له‌كاتی كردنه‌وه‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له جه‌ده، ئه‌بوزه‌بی كشانه‌وه‌ی خۆی له ئۆپێك ڕاگه‌یاند.
هاوكات ئیماراتییه‌كان له هه‌ڵوێستی سعوودیه به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ئێران زۆر نیگه‌رانن و له‌میانه‌ی گفتوگۆكان دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه به‌شێك له وڵاتانی كه‌نداو هه‌ڵوێستی ئاسان و ڕووكه‌شیان به‌رانبه‌ر به هێرشه‌كانی ئێران هه‌بووه، له كاتێكدا ئێران به هه‌زاران مووشه‌ك و درۆنی ئاراسته‌ی وڵاتانی كه‌نداو كرد.
هه‌رچه‌نده ئیماراتییه‌كان بیانووی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه كه ده‌یانه‌وێ به ئازادانه و بێ هیچ كۆتوبه‌ندێك نه‌وت هه‌نارده بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه په‌یامێكی سیاسی ڕوون بوو، چونكه ئه‌بوزه‌بی نایه‌وێ چیتر له‌و چوارچێوه‌یه بمێنێته‌وه كه ناوی ئۆپێك و سعوودیه كۆنتڕۆڵی كردووه و بووه‌ته قسه‌ی كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه له نێو رێكخراوه‌كه.
ئه‌و بڕیاره به‌ڵگه‌ی به‌هێزه له‌سه‌ر دروستبوونی گۆڕانكاری گه‌وره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دوای جه‌نگ دژی ئێران، ئه‌بوزه‌بی ئاماژه‌ی ڕوونی به هه‌مووان داوه كه ئاماده‌یه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بگرێته‌به‌ر تا به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی بپارێزێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیارانه پێچه‌وانه‌ی لێكگه‌یشتنه كلاسیكییه‌كان و هاوپه‌یمانییه‌كان بن له نێو وڵاتانی كه‌نداودا.
كریستین دیون توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له واشنتن ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی ڕوویدا ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئیماڕات بوو، ئه‌وان چیتر ناچار نین پابه‌ندی بڕیاری دامه‌زراوه هه‌رێمییه‌كان بن كه له‌گه‌ڵ پێشینه و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی‌یان یه‌كناگرێته‌وه.
ده‌ركه‌وتنی ئیمارات به‌مشێوه سه‌ربه‌خۆیه كاریگه‌ری به ته‌نیا له‌سه‌ر كه‌نداو دروست ناكات، به‌ڵكوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی دنیا و ململانێكان له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌بێت، چونكه ئیمارات خاوه‌نی سامانی سیادی زۆره كه زیاتره له تریلیۆنێك دۆلار، پێگه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو زۆر فره‌وانتر بووه و هه‌ژموونی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئابووری به‌سه‌ر رووبه‌رێكی فره‌وانی دنیا هه‌یه كه زۆر زیاتره له قه‌باره‌ی جیوگرافی خۆی.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، ناكۆكییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته ته‌نیا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت كورت ناكرێته‌وه، بگره له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی تر ناكۆكن، له‌وانه ئیمارات پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌هێزتر و به‌هێزتر ده‌كات، به‌ڵام وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی به وریاییه‌وه له‌مه ده‌ڕوانن، ئه‌مه‌یش دوو سیاسه‌تی پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره، هه‌روه‌ها ئیمارات پشتیوانی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری له یه‌مه‌ن كرد، كه ئه‌مه تووڕه‌یی سعوودیه‌ی لێ كه‌وته‌وه كه پشتیوانی حكوومه‌تی شه‌رعی یه‌مه‌نه.
هاوكات له سوودانیش میسر و سعوودیه پشتیوانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئیمارات له پشت گرووپه نیمچه چه‌كداره‌كانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئیمارات ڕه‌تیان كرده‌وه كه چه‌كیان بۆ هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا له سوودان ڕه‌وانه كردبێت.
ناكۆكییه‌كان ده‌مێكه سه‌ریانهه‌ڵداوه و بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی وڵاتانی كه‌نداو له جه‌نگی دژ به ئێران به جیا و هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵی ده‌دا به ته‌نیا خۆی بپارێزێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌ڕێوه ببات، دابه‌شبوون و ناكۆكییه‌كانی له نێوان سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو قووڵتر كردووه‌ته‌وه.