هەواڵی دژ بەیەك و جیاجیا لەبارەی دەسبەرداربوونی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی و كەتیبەكانی ئیمام عەلی سەربە شبل زەیدی لە چەكەكانیان و ڕادەستكردنەوەی چەكەكان بە دەستەی حەشدی شەعبی هەن، بەڵام ئەمە وەك وەڵامدانەوەیەكی مەرجەكانی ئەمەریكایە لەبارەی داماڵینی گرووپەكانی سەربە ئێران لە عێراق و كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەت، هەرچەندە ئەمە وا دەردەكەوێ كە بە ڕووكەش بێت، بەڵام سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە چوارچێوەیەكی تیۆری هەیە، ڕەنگە ڕێ بەوە بدرێ كە دۆسیەی میلیشیاكان كۆتایی پێ بهێنرێت.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە چەند ڕۆژێك دوای سەركەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان دێت، لە كاندیدكردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق، ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە تا لە ماوەی 30 ڕۆژ كابینە وەزارییەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات. چاوەڕوان دەكرێ پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتیش بۆ زەیدی ئاسان بێت، چونكە ئەمەریكا پشتیوانیەتی و لە ڕۆژانی ڕابردوویش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجام دا و بانگهێشتی كرد تا سەردانی كۆشكی سپی بكات.
لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو نیسان/ئەپریلدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، سەركردەی حەوت گرووپی میلیشیاكانی عێراقی بە تۆمەتی پلاندانان و هەوڵدان و جێبەجێكردنی هێرش دژی كەس و دامەزراوە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، خستە ناو لیستی سزاكانەوە، كە یەكێك لەو گرووپانە "عەسائیبی ئەهلی حەق" بوو.
نزیكەی مانگێكە هەواڵی دژ یەك لەبارەی توانای داماڵینی میلیشیاكان لە چەك بوونی هەیە، بە تایبەت كە ئەو گرووپانە خاوەنی پێگە و قورسایین لە ناو هێزەكانی سەربە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەك عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، بەڵام میلیشیاكانی تری دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەكداماڵین ڕەت دەكەنەوە كە ئەوانیش بزووتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقن.
لە كۆتایی ئادار/مارس، هاوپەیمانی خزمەتگوزاری كە خاوەنی شەش كورسیی پەرلەمانی عێراقن، هەڵوەشانەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ كەتیبەكانی ئیمام عەلی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی شبل زەیدی دەیەویست هاوپەیمانییەك لە نێوان گرووپە چەكدارەكەی و ڕەوتە سیاسییەكەی دروست بكات، بەڵام دواجار ویستی ئەوە پێشان بدات، كە وەك هاوپەیمانییەكی سیاسی و نیشتمانی كە لەسەر بنەمای هاوبەشایەتی نیشتمانی لە چوارچێوەی هێز و ڕەوتە سیاسییە میانڕۆكان دەربكەوێ، كە بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و خزمەتكردنی كۆمەڵگە دەگرنە ئەستۆ.
تا ئێستە چەكداماڵین لەو دوو گرووپە تەنیا قسەیە، هەریەك لە عەسائیب و كەتائیبی ئیمام عەلی بە فەرمی نە پشتڕاستیان كردووە و نە ڕەتیان كردووەتەوە، بەڵام دەگوترێ كە سەرجەم چەكەكانیان ڕادەستی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی كردووەتەوە، ئەمە وردەكاری و پرسیاری زۆری دروست كردووە، تەنانەت شێوازی پێدانەوەی چەكیش بە دەستەی حەشدی شەعبی بەو مانایە دێت كە چەك لە دەستی ڕاستتە بە دەستی چەپتی دەدەیتەوە، بەگوێرەی قسەی سەرچاوە نزیكەكان لە ناو حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران.
ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆژنامەی "
شەرق ئەوسەت" دووپات لەوە دەكەنەوە، عەسائیبی ئەهلی حەق خاوەنی سێ لیوای سەرەكییە لە ڕیزی دەستەی حەشدی شەعبی كە لیوای 41 و 42 و 43ن، لە باكوری بەغدا و پارێزگای سەڵاحەدین بڵاو بوونەتەوە، كەتیبەكانی ئیمام عەلی خاوەنی لیوای 40ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبین و لەلایەن شبل زەیدی بەڕێوە دەبرێن و ئەو چەكانەی كە ڕادەستی حەشدی شەعبی دەكەن، دەیبەخشنە لیواكانی خۆیان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی.
لە بەرانبەردا چەند سەرچاوەیەك هەموو جووڵەیەك بۆ داماڵینی چەك لە گرووپە چەكدارەكان لەو قۆناغەی ئێستە ڕەت دەكەنەوە، تەنانەت توانای ڕادەستكردنیان بە دەستەی حەشدی شەعبی بوونی نییە، بەڵام گفتوگۆكان لەبارەی بوونی "چوارچێوەیەكی تیۆری" دەكرێ، كە دواتر دەتوانرێ بهێنرێتە واقیع و دۆسیەی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت یەكلا بكرێتەوە.
سەرچاوەكان دەڵێن، بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵ و زانیارییانە، جۆرێك لە خوێندنەوەی ویستی پێشینە و نیازی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و مەودای وەڵامدانەوەی داواكاری و گوشارەكانی ئەمەریكا لەبارەی چەكی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، ئەمەیش ڕێگەیەكە بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لە حكوومەتی نوێی عێراق.
ئەو سەرچاوانە نایشارنەوە عەسائیبی ئەهلی حەق كە خاوەنی 27 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی لەم خولەی ئێستە وەرگرتووە، لەوانەیە بە تەواوی ڕژد بێ كە خۆی لە تووڕەیی ئەمەریكا دوور بخاتەوە، هەوڵ بدات مێژووی وەك گرووپێكی چەكداری بسڕێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ پۆستی وەزارەتیشی لە حكوومەت پێ بدرێت، بەڵام ئەو تا ئێستە نەیتوانیوە كە بڕوا و متمانەی واشنتن بەدەست بهێنێت.
بەشێكی تر لە سەرچاوەكان دەڵێن، ڕاگەیاندنی شاراوەی لەمجۆرە لەبارەی ڕادەستكردنەوەی چەك بەس نییە، تا بڕوا و متمانەی واشنتن بەدەست بهێنن و ئەمەریكا بگات بەو بڕوایەی كە دەستیان لە چەك هەڵگرتووە، پرسەكە پێویستی بە ڕێوشوێنی چالاك و دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری حەشدی شەعبی و تێكەڵكردنەوەیان بە هێزە شەرعییەكان هەیە.
زۆر لە چاودێران بە پێویستی دەزانن دووبارە چاوخشاندنەوە بە پەیكەری سەركردایەتیی ناو دەستەی حەشدی شەعبی بكرێت، ئەمەیش وەك هەنگاوێكی یەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەی چەكی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران دادەنرێت، بە پێویستیشی دەزانن كە پێگە هەستیارەكانی ناو دەستەكە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، لە ڕێگەی گواستنەوەی بەشێك لە لیواكانی حەشد بۆ ناوچە دوورەكان و تێكەڵكردنی یەكەكانی بژاردەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و لیواكان بە یەكتر، خانەنشینكردنی ئەفسەر و سەركردەكانی نزیك لە ئێران كە بڕیاری عێراق جێبەجێ ناكەن، یان پێدانی پۆستی سیمبولی.