لە پەراوێزی بڕیارەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" بۆ كشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازی وڵاتەكەی لە ئەڵمانیا لە كۆی 36 هەزار سەرباز، گفتوگۆ و پرسیار لەبارەی كۆی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەوروپا و ئەو شوێنانەی تێیدا كۆبوونەتەوە دروست بووە، لەو ڕاپۆرتەدا وردەكاری بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا دەخەینەڕوو.
بڕیاری كشانەوەی سەربازانی
ئەمەریكا لە ئەڵمانیا لە دوای مشتومڕ و ڕەخنەی فریدریش مێرتسی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لە ترەمپ و ئەمەریكا لەبارەی جەنگ دژی ئێران هات، كە ترەمپ وەڵامی دایەوە و بە كەسێكی ناتێگەیشتوو و بێ ئاگا مێرتسی ناوبرد و دواتریش گوتی، لە داهاتوویەكی نزیك ژمارەی هێزەكانمان لە ئەڵمانیا كەم دەكەینەوە.
ئەمە تەنیا كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا بە دوای خۆیدا ناهێنێت، بگرە واشنتن دەیەوێ هێز لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بكشێنێتەوە، دوای ئەوەی زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی لۆجستی و مەعنەوییان لە ئەمەریكا لەو جەنگەی دژی ئێران هەڵیگرساندبوو نەكرد، ئەمەیش تووڕەیی زۆری واشنتنی لێ كەوتەوە و هەڕەشەی كشانەوە لە ناتۆ و كشاندنەوەی سەربازانی لە ئەوروپا كرد.
بە گوێرەی داتا و زانیارییەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" تا كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری 2025 ئەمەریكا، زیاتر لە 68 هەزار سەربازی بە كرداری لە بنكە سەربازییەكانی لە ئەوروپا هەبووە، ئەو ژمارەیەیش هێزە كاتییەكان ناگرێتەوە كە بۆ ئەركێك رۆیشتوونەتە ئەوروپا و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەو ژمارە زۆرەی سەربازان لە 31 بنكەی سەربازی لە وڵاتە جیاجیاكانی ئەوروپا بڵاوەیان پێكراوە، جیا لەو ژمارە بنكە سەربازییە، 19 بنكەی تری سەربازی ئەوروپایش، ئەمەریكا مافی ئەوەی هەیە بەكاریان بهێنێت لە كاتی پێویستدا.
فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ئەوروپا دەكات و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە ناتۆ لە ڕێی شەش فەرماندەیی دەكات، ئەوانیش فەرماندەیی هێزی وشكایی، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، پیادەڕۆی دەریایی و هێزە تایبەتەكان، هێزی بۆشایی ئاسمانن.
زۆرینەی بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا لە ئەوروپا كەوتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، بۆ وەڵامدانەوەی هەر تەنگژە و ئەگەرێك ئامادەن و هاریكاری سەربازی و تەناهی لە نێوان ئەوروپا و ئەفریقایش دەكەن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەمەریكا بنكەی سەربازی لە 12 وڵاتی ئەوروپی هەیە. زۆرینەی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بەریتانیان.
ئەڵمانیا بە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ئەوروپا هەژمار دەكرێت، بنكەی سەربازی رامشتاینی ئاسمانییە، هاوكات ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا بە 36 هەزار و 436 كەس دەخەمڵێنرێت كە لە پێنج بنكەی سەربازی لە ناو خاكی ئەڵمانی بڵاوەیان پێكراوە.
ئیتاڵیا 12 هەزار و 662 سەربازی ئەمەریكیی تێدایە كە لە بنكەكانی سەربازی فیتشنزا، ئەفیانۆ و ناپۆلی و سەقەلییە بڵاوەیان پێكراوە، لە بەریتانیا 10 هەزار و 156 سەرباز بوونیان هەیە كە زۆرینەیان هێزی ئاسمانین، لە ئیسپانیا دوو بنكەی سەربازی دەریایی و ئاسمانی لە نزیك گەرووی جەبەل تاریق بوونیان هەیە كە سێ هەزار 841 سەربازی ئەمەریكیان تێدایە، لە پۆڵەندا 369 سەربازی ئەمەریكی بەشێوەی هەمیشەیی لەوێن و 10 هەزار سەربازی تریش وەك هێزی خولاو دەچن و دەگەڕێنەوە بۆ پۆڵەندا.
لە ڕۆمانیا 153 سەربازی ئەمەریكی هەمیشەیی بوونیان هەیە، لەگەڵ هاتن و چوونی هێزی زیاتر بۆ بنكە سەربازییەكانی وەك میهایل و كۆگالنیتچیانۆ، لە هەنگاریا 77 سەربازی هەمیشەیی ئەمەریكا و هاتن و چوونی سەربازان بۆ مەشقی سەربازی بوونی هەیە.
هەموو ئەمانە بوونەتە پایەیەكی گرنگی سیستمی بەرگریی ئەوروپا دژی هەر هەڕەشە و دەستوەردانێكی ڕووسیا لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەڵمانیا بە دیاریكراوی زۆر پشت بە هێزەكانی ئەمەریكا دەبەستێت، چونكە دوای شكستی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی، ڕێككەوتنی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان، ئەڵمانیا بۆی نییە هیچ هێزێكی هێرشبەری هەبێت و هێزی زۆری ئەمەریكا بۆ بەرگریكردن لەو وڵاتە دەمێننەوە.
ئێستە كە ڕووسیا لە دژی ئۆكراینا چەندان ساڵە لە جەنگ و هێرشبردندایە و نەوت و غازی لەسەر ئەوروپا گرتووەتەوە و بووەتە هەڕەشەیەكی ڕژد بەسەر ئەوروپا، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا پێویستی زۆریان بە هێزی سەربازی ئەمەریكا و پشتیوانییە سەربازییەكانی هەیە، چونكە ئەوان بە هیچ شێوەیەك هێز و چەكی پێویست و ئامادەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی رووسیا نییە، بۆیە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا و هەڕەشەی كشانەوەی لە ناتۆ، وایكردووە كە ئەو وڵاتانە بكەونە كێبەركێ بۆ زیادكردنی سوپا و كڕینی چەك و كەلوپەلی سەربازی پێویست، تا بتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و ڕووبەڕووی هەڕەشەكان بوەستنەوە.
پێشتر ترەمپ ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت، بەوەی بێدەنگ و بێهەڵوێست و ڕێگری و كۆسپیان لە بەردەم ئەمەریكا لە هێرشكردنە سەر ئێران دروست كردووە، لە كاتێكدا سەرجەمیان لەگەڵ ئەمەریكا لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ئەندامن، كە بە گوێرەی پەیماننامەی ناتۆیش هەر ئەندامێكی بچێتە ناو شەڕ و ململانێكانەوە دەبێ وڵاتانی تری ناو هاوپەیمانییەكە پشتیوانی و كۆمەك و هاوكاری بكەن.