هۆشداریی.. چۆن خۆتان لە مەترسیی سەگە بەڕەڵاكان دەپارێزن؟

:: PM:03:35:04/05/2026 ‌
لە زۆربەی وڵاتان و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو كووچە و كۆڵانەكان سەگی بەڕەڵا دەبینرێن و زۆرجاریش بوونی ئەو جۆرە سەگانە، مەترسی بۆ مرۆڤ دروست دەكەن و ئەگەری پەلاماری سەگەكان بۆ سەر مرۆڤ بەگشتی هەیە، بۆیە پزیشكێكی ڤیتێرنەری لەوبارەیەوە زانیاری دەخاتە روو كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ سەگی بەڕەڵا بكرێت تا پەلاماری مرۆڤ نەدات.

دكتۆر مەحموود سامی كە پزیشكێكی ڤیتێرنەرییە لە میسر، بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری هەندێك رێنوێنیی خستووەتەڕوو كە كاتێك مرۆڤ تووشی سەگی بەڕەڵا دەبێت و بۆ ئەوەی پەلاماری نەدات، چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو جۆرە سەگە بكات. ئەو پزیشكە پێی وایە سەگ بەگشتی و بەتایبەتی سەگی بەڕەڵا لە خۆڕایی پەلاماری مرۆڤ نادات، بەڵكو كاتێك هەست دەكات مەترسیی كەوتووەتە سەر گیان و ژیانی، بۆ بەرگریكردن لە خۆی، ناچار دەبێت پەلامار بدات، بۆیە گرنگە بزانرێ چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت تا مەترسییەكانی دوور بخرێنەوە.

ئەو پزیشكە دەڵێت كە سەگ بەسەر چەند قۆناغێك تیدەپەڕێت تا دەگاتە قۆناغی پەلامار، لە سەرەتادا كە مرۆڤ دەبینێ تەنیا چاودێریی دەكات، پاشان لە رێگەی وەڕینەوە هۆشداریی دەدات، هاوكات ئەو سەگە مەبەستی نییە پەلامار بكات، تەنیا لە كاتێكدا پەلامار دەدات ئەگەر دڵنیا بێ لەوەی مەترسی كەوتووەتە سەر گیانی و شوێنی ژیانی، چونكە ئەو شوێنەی تێیدا دەژی، بە موڵكی خۆی دەزانێ و ئەگەر هەست بكات مەترسی كەوتووەتە سەر شوێنەكە، بە ناچاری پەلامار دەدات.

دووپاتی دەكاتەوە كە كاتێك تووشی سەگی بەڕەڵا بوون، نابێ رابكەن یان بە خێرایی بۆ بچن تا دووری بكەنەوە یان هاواری بەسەردا بكەن، چونكە سەگەكە لەوكاتەدا هەست دەكات مەترسیی لەسەر هەیە، ئەوكات كاردانەوەی دەبێت و كاردانەوەكەیش پەلامار دەبێت.

كاتێك تووشی سەگی بەڕەڵا بوون، پزیشكەكە رێنوێنی دەكات كە چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەن، بۆ ئەوەیش دەڵێ باشترین رێگە، وەستانە لە شوێنی خۆتان و لە جووڵە بكەون و پارێزگاری لە هێمنی بكەن، هاوكات هەوڵ بدەن راستەوخۆ تەماشای چاوی سەگەكە مەكەن، لەوكاتەدا سەگەكە هەست دەكات نابنە مەترسی لەسەر گیان و ژیانی، بۆیە پەلامار نادات.

ئەوەیش دەڵێ كە هەرچەند سەگەكە لێتان نزیك ببێتەوە، هەوڵ بدەن رانەكەن، بەڵكو زۆر بە هێمنی و بە لەسەرخۆیی لێی دوور بكەونەوە، چونكە زمانی جەستە بەرانبەر بە سەگ زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی سەگ زۆر بەخێرایی ترس و دڵەڕاوكێ لەلایەن مرۆڤەوە دەخوێنێتەوە، بۆیە هێمنی باشترین رێگەیە بۆ پارێزگاری لە خۆتان و دوورخستنەوەی مەترسیی سەگە بەڕەڵاكان.

دواتریش دكتۆر مەحموود سامی باس لە هەڵسوكەوتی هەڵە بەرانبەر بە سەگی بەڕەڵا دەكات و دەڵێت، هەرچی پێتان دەكرێ هەوڵی دەركردنی سەگی بەڕەڵا لە رێگەی توندوتیژییەوە مەدەن، واتە لێدانی بە دار و بەرد، یان بتانەوێ لێیەوە نزیك بن بۆ وێنەگرتنی، هەموو ئەوانە وا دەكەن كە سەگەكە هەست بە مەترسی بكات و لە كاردانەوەدا ناچار دەبێ پەلامار بدات.

هەمان كێشە لە كوردستان و بەتایبەتی لە شاری هەولێر هەبوو كە بەهۆی پەلاماردانی سەگی بەڕەڵا بۆ سەر مرۆڤ بەگشتی، ئەنجامی كارەساتاویی بەدواوە بووە، بەڵام دواتر بە بڕیارێك كە لەلایەن پارێزگای پایتەختەوە شەڵتەڕێك بۆ كۆكردنەوەی سەگی بەڕەڵا كرایەوە و كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، لەوكاتەوە تا ئێستە رووداوی كارەساتاوی رووی لە كەمی كرد و خەریكە دەگاتە ئاستی نەمان.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د