دوای وەستانی ئاگربەست لە هەشتی نیسان/ئەپریل، لە بنكە سەربازییەكە لە دەوروبەری تاران بە تۆمەتی نەخۆشیی كوڕەكەم دەرچووم و چیتر بۆی ناگەڕێمەوە، ئەفسەرێكی سوپای پاسداران بە پلەی "رائید" بۆ كەناڵی ئەلحوڕەی ئەمەریكی ئاشكرای كرد و دووپات لەوە دەكاتەوە، بە هەزاران چەكدار و ئەفسەری تر ڕیزەكانی پاسدارانیان جێهێشتووە.
ئەو ئەفسەرە كە ناوی خوازراوی "موراد"ی لە خۆی ناوە و داوای كرد ناوی ڕاستەقینەی بڵاو نەكرێتەوە، تا مەترسی نەكەوێتە سەر ژیانی، بە ڕەچەڵەك ئازەرییە و دوو هەفتە بەر لە ئێستە خۆی و ماڵباتەكەی بە وشكایی ئێرانیان جێهێشتووە بەرەو ئازەربایجان، ئەمە یەكێكە لە هەزاران چەكدار و ئەفسەری پاسداران كە بنكە و ئەركەكانی خۆیان ڕۆژانە جێدەهێڵن، لەو كاتەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردووەتە سەر ئێران و تا ئێستەیش گرژییەكان بەردەوامی هەیە.
موراد دەڵێ، فەرماندەكانی پاسداران و ئەفسەرانی باڵا لە ناوچە ئارامەكانی دوور لە شوێنی بۆردمان خۆیان و ماڵباتەكانیان خۆیان حەشار داوە، ئێمەی ئەفسەری پلە مامناوەند لە دنیا و پلەباڵا لە ناو ئاگر دەخەنە ناو بنكە سەربازییەكانەوە، لە كاتێكدا سەرجەمیان ئەوەیان دەزانی كە بنكە سەربازییەكان بۆردمان دەكرێن، بەڵام دەیانەوێ وەك قەڵغانی مرۆیی بەكارمان بهێنن، بەوەیش ناوەستن، بگرە ئەفسەر و چەكداران دەخەنە گرتووخانەوە كە ڕەخنە لە پلان و بڕیارەكانیان دەگرن، بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ دوژمن.
ئەلحوڕە توانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ موراد بكات، دوای ئەوەی چوار كەس، دوو كەسی ناوخۆی ئێران و دوو سەركردەی بەرەی بەرهەڵستكاری ڕژێم، هەوڵەكانیان خستەڕوو و پێوەندییەكەیان دەستەبەر كرد.
ئەفسەرە ڕاكردووەكەی پاسداران دەڵێ، ترس لە گرتنی لە دوا ڕۆژەكانی مانەوەی لە بنكە سەربازییەكەی و بەر لە جێهێشتنی زۆر زیادی كرد، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزێكی هەواڵگری پاسداران 20 ئەفسەر و چەكداری تریان بە تۆمەتی سیخوڕی و زانیاری ناردن بۆ مۆساد و سەركردەكانیان ڕەوانە كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە گیراوەكان تەنیا داوای باشكردنی ژەمی خۆراكی ڕۆژانەی ناو بنكە سەربازییەكە و باشكردنی دۆخی ژیان و مووچەی ئەفسەر و چەكدارەكانیان لە كاتی جەنگ كردبوو.
زیاتر گوتی، ئێستە من لەگەڵ خزمەكانی باوكم لە ئازەربایجان دەژیم، دۆخی دەروونیم ناجێگیرە و ترسم هەیە كە فەیلەقی قودس و هەواڵگریی ئێران بە دوامەوە بن، هیوا دەخوازم ڕژێم كۆتایی پێ بهێنرێت، تا بتوانم دووبارە بگەڕێمەوە زێدی خۆم.
ئەلحوڕە پێوەندی لەگەڵ ئەفسەرێكی تر بە پلەی "عەقید" لە ڕیزی پاسداران كردووە كە لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردوو، ڕیزەكانی پاسدارانی جێهێشتووە و ڕایكردووەتە توركیا، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا ڕازی بوو قسە بكات، بە دواتر داوای لێبوردنی كرد لە ترسی ئەوەی فەیلەقی قودس شوێنەكەی لە توركیا بزانن و ئاشكرا ببێت.
سەرچاوەی باڵای ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەوبارەیەوە بۆ "حوڕە" دەڵێن، هەزاران لە ئەفسەر و سەرباز لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕیزەكانی پاسداران و هێزەكانی بەسیجیان جێهێشتووە، بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە، لەوانە ناڕازیبوونیان لە بڕیاری پاسداران لە كوشتنی ڕاستەوخۆی خۆپێشاندەران و ڕەتكردنەوەی بەشدارییان لە هەر ئۆپراسیۆنێكی مەیدانی لە ناوچە كوردییەكان و ئەهواز و بەلوجستان.
ژمارەیەكی زۆری تریش لە ترسی ئەوەی بەر بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بكەون، ڕیزەكانی پاسدارانیان جێهێشتووە، دوای كوشتنی چەندان سەركردەی باڵای ئێستە و پێشووی پاسداران. هەندێكی تریش بەهۆی كەمكردنەوەی مووچە و ئیمتیازەكان كە پێشتر بە ئەفسەر و سەربازانی ڕیزی پاسداران دەدرا، ئەركەكانیان جێهێشتووە.
سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەوانەی ڕیزەكانی ڕژێمیان جێهێشتووە، دەسبەجێ ئێران جێدەهێڵن و دەچنە وڵاتانی دراوسێی ئێران بەشێوەیەكی كاتی، زۆرترین ئەو وڵاتانەیشی كە پەنایان بۆ بردوون بریتین لە ئازەربایجان و ئەرمینیا و ئەفغانستان و توركیا، بەشێك لە ئەفغانستانەوە بۆ ئۆزبەكستان و تاجیكستان ڕۆیشتوون و ژمارەیەكیش ئەركەكانیان جێهێشتووە و لە ناوخۆی ئێران خۆیان حەشار داوە.
جەمیل ئەحمەدی چالاكی سیاسیی كوردی و بەرهەڵستكاری ڕژێم كە لە ئەوروپا نیشتەجێیە دەڵێ، ژمارەی ئەوانەی ڕیزەكانی پاسدارانیان جێهێشتووە یەكجار زۆرن، بەڵام نەبوونی ئینتەرنێت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە ئێران و بە سەربازكردنی شارەكان، هۆكارن كە زانیاریی ورد لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی جیابووەوەكان لە ڕژێم وەك پێویست نەبێت.
زیاتر گوتی، جیابووەوەكان لە پاسداران و بەسیج دوو نەوەن، نەوەی كۆن كە پلەیان لە موقەدەم بەرەو سەرەوەیە، نەوەی نوێ پلەیان لە سەرباز تا موقەدەمە و ئەو دوو توێژە بە ڕێژەیەكی زۆر لە هێزەكانی ڕژێم جیا بوونەتەوە. زۆرینەیان لە ترسی لێپرسینەوە بەهۆی جێبەجێنەكردنی فەرمانەكان لە كاتی جەنگ، سەرجەمیان ئێرانیان جێهێشتووە و ئەوانەیشی كە لە ناوەوە خۆیان حەشار داوە و هەوڵ بۆ چوونە دەرەوە دەدەن.
سوپای پاسداران یەكێكە لە هێزە عەقائیدییەكان كە هاوتەریب لەگەڵ ئەرتەشی ئێرانی بوونی هەیە، ئەركی پاراستنی ڕژێم و دەسەڵاتی ئێران و هەناردەكردنی شۆڕشە بۆ دەرەوەی ئێران، روحوڵا خومەینی سێ مانگ دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و گەڕانەوەی بۆ ئێران لە 1979 بڕیاری دامەزراندنی دا.
لە ماوەی 47 ساڵی حوكمی ڕژێمی ویلایەتی فیقهی لە ئێران، سوپای پاسداران لە هێزێكی بچووكەوە بۆ تۆڕێكی ئاڵۆزی هەواڵگری و سەربازی گۆڕا، عەقیدەی چەك و سیاسەت و ئابووری هەڵگرتووە و دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر ئێرانەوە هەیە و كارەكانیشی تەنیا لە ئێران سنووردار نەكراوە، بەڵكو باڵ و گرووپی لە دەرەوەی ئێران و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمەریكای باشوور و ئەوروپایش هەیە.
سوپای پاسداران خاوەنی هێزی وشكایی و دەریای و ئاسمانییە و سەرپەرشتی و كۆنترۆڵی بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیك و بەرنامەی ناوكی ئێران دەكات.
قاسم عەبد ئەندامی سەركردایەتی بەرەی عەرەبی ڕزگاركردنی ئەهواز بۆ حوڕە دەڵێ، هاوكات لەگەڵ دەستكردن بە جیابوونەوەكان، ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەران دەگیرێن، ئەوانەی ئەركە سەربازییەكانیان جێهێشتووە و بەشێكیش لە كاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن بەرەو دەرەوەی وڵات گیراون، هەواڵگریی پاسداران كە توندڕۆترین باڵی پاسدارانە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوان دەكات و بە نهێنی لە سێدارەیان دەدات.
زیاتر گوتی، ڕژێمی توندڕۆی ئێران ڕووبەڕووی ژمارەیەكی زۆر لە تەنگژەی قووڵ بووە، سەرئێشەیەكی زۆری بۆ دامەزراوەكانی ڕژێم دروست كردووە كە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەیە، ڕژێم ئەو تەنگژە قورسانەی بەخۆیەوە نەبینیوە.