تونێلە شاراوەكانی ئەسفەهان.. تاران هەوڵی سوپرایزێكی ئەتۆمی دەدات

:: PM:01:12:05/05/2026 ‌
ئەمەریكا و ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژەی حوزەیران/یۆنیۆی 2025 و شوبات/فێبرایەری 2026 كە تا ئێستەیش كۆتایی نەهاتووە، شكستیان هێنا لە ڕیشەكێشكردنی مەترسی دەستگەیشتنی تاران بە بۆمبی ئەتۆمی و پەرەپێدانی بەرنامە ناوكییەكەی، هەواڵگریی ئەمەریكا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە و سەرچاوەكانیش دەڵێن، تونێلە شاراوەكانی ئەسفەهان بەرەو دڵی بەرنامەی ناوكی ئێران لە ژێر زەوی دەڕۆن، ئەگەر هەیە ئێران سوپرایزێكی ئەتۆمی لە دنیا دروست بكات.

هەڵسەنگاندنەكەی هەواڵگریی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەو كاتەی ئێران پێویستیەتی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی لە هاوینی ڕابردووەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ماوەی نزیكەی ساڵێكی پێویستە تا بتوانێ یەكەم چەكی ئەتۆمی خۆی دروست بكات، ئەگەر بەشێوەیەكی نهێنی بەردەوام بێ لە پەرەپێدانی بەرنامە ناوكییەكەی.

ئێران خاوەنی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60%ە و سەرەڕای ئەوەی بەر لە هێرشەكان، چاودێرانی سەربە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی، سەردانی وێستگەكانی ئەتۆمی ئێران نەتەنز و فۆردۆ و ئەسفەهانیان دەكرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو بڕە زۆرەی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60%یان نەبینیوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، نیوەی ئەو 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێنراوە لە تونێلەكانی ژێر زەوی لە ناوەندی ئەسفەهان بۆ توێژینەوەی ناوكی هەڵگیراوە، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، نەیتوانیوە پشتڕاستی ئەو زانیارییانە بكاتەوە، لەو كاتەوەی ئێران گەیشتنی چاودێران و پشكنەرانی ئاژانسەكەی هەڵپەساردووە، لە دوای جەنگی 12 ڕۆژی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر وێستگەكانی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێكی كاتی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە هەشتی نیسان/ئەپریلەوە بە ناوەندگیری پاكستان ڕاگەیەنراوە و دانیشتنێكی ڕاستەوخۆیش لە نێوان شاندی هەردوو وڵات ئەنجام درا، بەڵام ململانێكان لە ناوچەكە كۆتایی نەهاتووە و تەنگژەی وزەی دنیایش هەنگاو بەرەو مەترسی زیاتر دەنێت، گرژی و ناكۆكییەكانیش لە نێوان هەردوولا ئەگەری دووبارە دروستبوونەوەی جەنگ بوونیان هەیە.

واشنتن دەیەوێ گەرەنتی ڕیشەكێشكردنی بەرنامەی ناوكی ئێران لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئێران بكات، بۆیە ترەمپ گوشار لەسەر تاران دروست دەكات، لە ڕێگەی توندكردنی زیاتری گەمارۆی دەریایی و سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتە، بەو ئامانجەی ئەمانە پاڵ بە ئێرانەوە بنێن كە بە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی ڕازی ببێت و ئەمەریكا دەیەوێت و خواستی لەسەرە.

بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا لە ناویشیاندا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ماركۆ رۆبیۆ، لەو بڕوایەدان كە بۆردمانەكان دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەرگریی ئاسمانی ئێران، ئەمەیش دواجار دەبێتە هۆی هەڕەشەی ناوكی، لە ڕێگەی لاوازكردنی توانای ئێران لە پاراستنی دامەزراوە ناوكییەكانی، ئەگەر هەوڵ بۆ دروستكردنی بۆمبی ناوكی لە داهاتوودا بدات.

خواستە ناوكییەكانی ئێران پاشگەزبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كوشتنی دیارترین زاناكانی ئەتۆمی ئێران، تواناكانی ئەو وڵاتەی لە پەرەپێدانی بەرنامە ناوكییەكەی و دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی پەكخستووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی كارینگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ و گەیشتنە ڕێككەوتن شكستیان هێناوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمەریكا ترسێكی هەمیشەیی لە بەرنامەی ناوكی ئێران هەیە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئێران سوورترە لەسەر هێشتنەوەی بەرنامە ناوكییەكەی و لە داهاتوو بە ستراتیجێكی تر هەوڵی پەرەپێدانی دەدات، ئێستەیش تاران توانا و هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكان و بەرنامەی ناوكی و درۆنەكانی، لە تەك بەهێزكردنی تواناكانی لە زاڵبوون بەسەر گەرووی هورمز و هێشتنەوەی بە داخراوی.

بۆردمانكردنی وێستگە ناوكییەكانی وایكردووە كە ئێستە بە چالاكی نەتوانن كار بكەن، تا ماوەیەكی كەم كۆسپی لە بەردەم پێشخستنی توانا ناوكییەكانی ئێران دروست كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێران پارێزگاری لە تواناكانی خۆی زیاتر لە ماوەی پێشوو دەكات و دەیەوێ دووبارە بەرنامە ناوكییەكەی پەرە پێ بداتەوە لە ڕێگەی دروستكردنی وێستگەی ناوكی بچووك و زۆر نهێنی، كە تەنانەت لە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكیش دەیشارێتەوە، كەمترین سەركردەكانی ئەو وڵاتە زانیاریی ڕاستیان لەبارەی شوێن و تواناكانییەوە هەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د