هەرچەندە ئەمەریكا تا ئێستە بە هێز و زەبەلاحە، بەڵام توانای كردنەوەی گەرووی هورمز سنووردارە و بە كردنەوەیشی، بە زەبری هێز ناتوانێ دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و متمانەی بازاڕ و كۆمپانیاكانی گواستنەوە بەدەست بهێنێت، تا كەشتییە بازرگانییەكانیان ڕەوانەی هورمز بكەنەوە.
لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی
ئەمەریكیدا هاتووە، دەسپێشخەری ترەمپ بە ناوی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، سنووری دەسەڵات و توانای واشنتن بۆ سەپاندنی واقیعێكی نوێ بەسەر گەرووی هورمز ئاشكرا دەكات كە یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەكان لە دنیا. پێش ئەوەی ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەم پڕۆژەكە هەڵپەسێرێت، ڕۆژنامەكە پڕۆژەكەی واشنتنی بە سەركێشییەكی پڕ لە مەترسی ناوبرد، كە ئامانج لێی شكاندنی كۆنترۆڵی كردارەكی ئێرانە بەسەر گەرووەكە و دووبارە گێڕانەوەی ئازادی كەشتیوانییە لە هورمز.
دەسپێشخەرییەكە ڕووبەڕووی كۆتوبەندی گەورە بووەوە لەوەی بتوانێ واقیعی ستراتیجی ناوچەكە بگۆڕێت، ترەمپ هەوڵی ناچاركردنی ئێران بۆ سازشكردن دەدات، لە بەرانبەردا سەركردایەتیی ئێران دەیانەوێ لە سەركەوتنێكی روون و ئاشكرا ترەمپ بێبەش بكەن و نایانەوێ سازش بكەن و نەرمی بنوێنن.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئێران بە كردەیی و بە هێرش وەڵامی دەسپێشخەرییەكەی ئەمەریكی دایەوە و بە مووشەكی كرووز، كەشتی جەنگی ئەمەریكی بە ئامانج گرت و بە درۆن و بەلەمی خێرایش پەلاماری ئامانجە سەربازی و مەدەنییەكانی لە ئاوەكانی هورمز دا.
جارید مالسینی ڕۆژنامەنووس كە نووسەری ڕاپۆرتەكە دەڵێ، ئەو واقیعە هەڕەشەیەكی بەردەوامی لەسەر هێزەكانی ئەمەریكا و جووڵەی كەشتیوانی بازرگانی دروست كردووە، كە زۆرینەی كۆمپانیاكانی گواستنەوە تا ئێستە دوودڵن لەوەی كەشتییەكانیان ڕەوانەی هورمز بكەنەوە، بێ ئەوەی گەرەنتیی تەناهی و سەلامەتی كەشتی و تیمەكانیان بە ڕوونی دەرنەكەوێت.
ئەگەر ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی سەركەوتوویش بێت، ئەوا جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووەكە بە ئاستی پێش دەستپێكردنی جەنگ ناگاتەوە، بەر لە جەنگ ڕۆژانە 130 كەشتی بازرگانی بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبوون، بەڵام ئێستە ژمارەی ئەو كەشتییانەی گەرووەكە دەبڕین، لە چەند دانەیەك تێپەڕ ناكات.
ئەو پاشەكشەیە تەنیا پێچەوانەی مەترسییە مادییەكان نییە، بەڵكو ژینگەیەكی گشتی لە بێ متمانەیی دروست كردووە، بۆیە داخستنی گەرووی هورمز گەورەترین شۆكە لە وەستانی گەیشتنی نەوت بە وڵاتانی دنیا بە درێژایی مێژوو، ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووری وڵاتانی دنیا دروست كردووە.
واشنتن بە ئاراستەی ململانێی ماوە درێژ لە دەریا بۆ كۆنترۆڵی گەرووی هورمز هەنگاو دەنێت، بۆیە تەواوی ئامرازەكانی گوشاری سەربازی جێبەجێ كرد، بێ ئەوەی دەرئەنجامێكی یەكلاكەرەوەی هەبێت، بۆیە ئێستە بژارەكانی بەردەستی سنووردارن، دیارترینیشیان نەمانی بژارەی دەستەبەری سەلامەتی كەشتیوانییە لە گەرووی هورمز.
لە ڕووی كردارییەوە هێزی دەریایی ئەمەریكا پشت بە گرووپێك ڕێوشوێن دەبەستن، لەوانە دووبارە گێرانەوەی ئاراستە و ڕێی كەشتییەكان بۆ ڕێگەیەكی پڕ لە ئاسایش و ئارام لە نزیك كەناراوەكانی عومان، بەكارهێنانی تەكنیكی و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو، وەك درۆنی دەریایی بۆ دۆزینەوەی مینە چێنراوەكان.
بەڵام ئەو هەوڵانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە، بەتایبەت كە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت، بە دیاریكراویش وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە سوپای پاسداران لەلایەن هەر كەشتییەكەوە، بەر لەوەی بیەوێ بە گەرووی هورمز تێپەڕێت.
كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمز تەنیا لە ڕێی هێزی سەربازییەوە نایەتە دی، بەڵكو هۆكاری یەكلاكەرەوە بۆ ئەو هەنگاوە، متمانەی بازاڕ و كۆمپانیاكانی دەستەبەری و كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریاییە، چونكە ئەگەر ئەمەریكا بەهێز گەرووەكەیش بكاتەوە و كۆمپانیاكانی گواستنەوە متمانەیان نەبێ و ترسی هێرشیان لەسەر بێ، ئەوا بەرەو هورمز گەشت ناكەنەوە.
بە بێ دروستبوونی ئەو متمانەیە، تەنانەت بەهێزترین هێزی دەریاییش لە دنیا ناتوانێ دۆخی گەرووی هورمز بۆ سروشتی خۆی بگێڕێتەوە، پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە هێزی ئەمەریكا تا ئێستە زۆر گەورەیە، بەڵام بە ڕەهایی نییە.
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەم لەسەر فەرمانی ترەمپ، فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم" ئاشكرای كرد، بە بەشداریی 10 هەزار سەرباز و 100 فڕۆكەی جەنگی و كەشتی جەنگی ترەوە بەشداری لە پرۆژەی ئازادی گەرووی هورمز دەكەن، دەست بە كردنەوەی ڕێڕەوێكی سەلامەت لە گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی كەشتییە گیراخواردووەكان دەكەن.