ئەو مادەیەی لاهوور شێخ جەنگیی پێ‌ دادگایی دەكرێت رزگاری دەكات؟

:: PM:04:24:06/05/2026 ‌
وا بڕیارە سبەینێ كەیسی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بخرێتە بەردەم دادگای سلێمانی بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت، وەك ئەوەی پێشتر پارێزەرەكانی رایان گەیاندووە، سكاڵاكە لەسەر بنەمای مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 نووسراوە. 

بەگوێرەی یاسای دادبینیی عێراق لە كاتی دادگاییكردنی ئەوان وەك "داوالێكراو"، دەبێت داواكار بۆ ئەو داوایە ئامادەی دانیشتنەكانی دادگا بن، بەڵام جارێ‌ روون نییە كە داواكاران بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئامادە دەبن یان نا. 

ململانێی نێوان ئەو ئامۆزایانە چەند ساڵێك لەمەوبەر دەستی پێ كرد، تا ئەو كاتەی لە 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، چەكدارانی یەكێتی لە شەوێكدا هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و دوای دوو سەعات شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برایان گرت و ژمارەیەك لە گەنجی هۆتێلەكەیان كوشت و سووتاند.

سبەینێ‌ دادگاییكردنی ئەوان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، دوای ئەوەی لە 22ی ئابەوە لە گرتووخانەكانی یەكێتی ماونەتەوە. گوشاری دادگاییكردنیان بەهۆی مانگرتنی خۆیان بوو كە هەفتەی رابردوو دەستیان پێ كرد و بە مەرجی دادگاییكردنیان مانگرتنەكەیان شكاند. 

بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی، پیلانگێڕی تاوانكاری، تەنانەت ئەگەر هەوڵی ئەنجامدانی تاوانی رێكخستنی دا، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر تاوانەكە تاوانی گەورە بێت. 

ئەگەر تاوانەكە تاوانێكی كەم بێت، ئەوا سزاكە دەبێتە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان غەرامەكردن، مەگەر یاسا سزایەكی دیاریكراوی بۆ پیلانگێڕییەكە دیاری نەكردبێت.

ئەوەی داواكاران پشتیان پێ بەستووە ئەوەیە، گوایە لاهوور شێخ جەنگی پیلانگێڕی دژی ئامۆزاكانی كردووە كە كوڕانی تاڵەبانین، ئەوەیش دوای ئەوەی ددانپێدانانی چەند كەسێكیان بڵاو كردەوە و سبەنێش وەك بەڵگە دژی ئەو كەیسە بەكاری دەهێنن. 

دادبینی بۆ كەیسی لاهوور شێخ جەنگی تا ئاستێك ئاڵۆز دەبێت، هەرچەندە بەگوێرەی یاسای دادبینی، دەبێت پارێزگاری لێیان بوونی هەبێت و بەڵگە دژی تۆمەتەكان بخەنە ڕوو.

ئەوەی زیاتر گومانەكانی بۆ سزادانی ئەوان زیاتر كردووە ئەوەیە، دادگاییەكە لە سلێمانی دەبێت، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 10 جار داوا كراوە دادگاییكردنەكەیان بگوازرێتەوە بۆ هەولێر و نەگوازراوەتەوە. 

حەسەن ئەحمەد پارێزەری راوێژكار، بە "وشە"ی گوت، لە هەموو حاڵەتێكدا مەرج نییە بە یەك دانیشتن بڕیار لەبارەی ئەو كەیسەوە دەربچێ‌، بەڵكو چەند دانیشتنێك زیاتر دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر هەموو بەڵگەكان تەواو بوون و حوكم دەرچوو كە لایەنی داوالێكراو لارییان نەبوو، ئەوە دەبێتە حوكمی كۆتایی. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو دۆسیەیە بكەن، بەڵام روون نییە كە بڕیارەكانی دادگا تا چەند لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەبێت.

هەر لە مادە یاساییەكەدا هاتووە كە ئەگەر دادوەر سزایەكی كەمتر لەو سزایانەی مادەی 56 جێبەجێ بكات، بۆ نموونە چارەكێكی ئەو سزایە بێت، ئەوە بەتاڵ دەبێتەوە و قبووڵ ناكرێ، بۆیە لەو كاتەدا دادگا دەتوانێ‌ داوای بەڵگەی زیاتر بكات، لە ڕێگەی شایەدی زیاتر یان پشكنینی شارەزایان. 

ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت ئەوەیە كە سبەی دۆسیەكە یەكلا بكرێتەوە، بەڵام بڕیار لەبارەی كەیسەكە بە هەموو جۆرێك پێناچێ‌ لە بەرژەوەندیی لاهوور شێخ جەنگی بێت، بەتایبەت كە ئێستە هیچ رێككەوتن و "تەنازول"ێك بۆ سكاڵاكە لەلایەن داواكارانەوە نییە.


وشە - وشه‌