ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی باڵای حكوومەتی واشنتنەوە، وردەكاریی ئەو 14 خاڵەی بڵاو كردووەتەوە كە ئەمەریكا وەك ڕەشنووسی ڕێككەوتن، پێشكەشی ئێرانی كردووە و چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ پێنجشەم تاران وەڵامیان بداتەوە.
گرنگترین ئەو هێڵە سوورانەی لە ڕەشنووسەكە هاتوون، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران و وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ ماوەی 20 ساڵ، هەروەها ڕادەستكردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزە، لە بەرانبەردا بە پلەبەندی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێن و دووبارە گەرووی هورمز دەكرێتەوە.
وۆل ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە گواستوویەتیەوە، ئێران ئێستە پێداچوونەوە بە ڕەشنووسەكە دەكات، لە ئەگەری ڕازیبوونی، ئەوا دانوستانی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەردەوامی دەبێت، تا ڕێككەوتن لەسەر ئەو دۆسیانەی خراونەتە ڕوو، بە وردەكارییەوە یەكلا بكرێتەوە.
بەرپرسان دەڵێن، واشنتن داوای لە ئێران كردووە بەڵێن بدات، چیتر هەوڵی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی نەدات و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی هەڵوەشێنێتەوە و هەموو چالاكییەكی ژێر زەوی ئەتۆمیشی لێ قەدەغە دەكرێ، پێویستە تاران ڕای بە پشكنەران بدات كە دەستبەجێ بگەنە تاران، لە كاتی پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكە و دووبارە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئەو وڵاتە.
هێما بۆ ئەوەیش كراوە، بۆ ماوەی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەوەستێنرێت و سەرجەم ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوانەی ئێستەیش هەیەتی، ڕادەستی واشنتنی دەكات، لە بەرانبەردا ئێران دووبارە هەنگاو بە هەنگاو گەرووی هورمز هاوتەریب لەگەڵ هەڵگرتنی سزاكانی ئەمەریكا و گەمارۆی دەریایی جێبەجێ دەكرێت، دوای گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتاییش گەرووی هورمز بێ مەرج بە تەواوی دەكرێتەوە.
سەرجەم ڕێوشوێنەكانی هەڵگرتن و كەمكردنەوەی سزاكانی ئەمەریكا، پێوەستن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن ئێرانەوە، نەك تەنیا بە واژووكردنی و مانەوەی لەسەر كاغەز، لە هەنگاوی سەرەتاییشدا بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد دەكرێن.
وۆل ستریت جۆرنال نووسیەتی، ئەو بۆردمانانەی كە بەرنامەی ناوكی ئێرانیان لە حوزەیران/یۆنیۆی ساڵی ڕابردوو كردە ئامانج، وایكردووە كە مەرجەكانی ڕێككەوتنێكی زۆر چالاك و باشتر بە بەراورد لەگەڵ ڕێككەوتنی 2015 ئەنجام بدرێت، ئەو بۆردمانانە ئەوەیان دەرخست كە واشنتن ئامادەیە بۆردمانی زیاتر و هێرشی فرەوان بكاتە سەر ئێران، لە ئەگەری هەوڵدان بۆ دەستكردنەوە بە بەرنامە ناوكییەكەی.
هەڵوەشانەوەی بەرنامەی ناوكی ئێران گرنگترین هەنگاوە لە هەموو وەستانێكی كاتی پیتاندنی یۆرانیۆم گرنگترە، واشنتن و تەلئەبیب بە كردەیی و لە ڕێگەی بۆردمانەوە پیتاندنی یۆرانیۆمیان لەلایەن ئێرانەوە وەستاند، پێچەوانەی ئەوەی كە لە ڕێككەوتنی 2015 ڕووی دا. ئێران ئێستە ناتوانێ یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام داوای لێ كراوە كە دامەزراوە و توانا ناوكییەكانی بۆ هەمیشە هەڵوەشێنێتەوە و كۆتاییان پێ بهێنێت.
هەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان، هەنگاوی سەرەتایی و یەكەمن و دواتریش تەواوی دامەزراوە ناوكییەكانی ژێر زەویش پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە، چوارچێوەی رێككەوتنەكە باشە و پێویستە گەرەنتی هەڵوەشانەوەی دامەزراوە ئاشكرا و نهێنییە ناوكییەكان بگرێت.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە، ئێران 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ئاستی 60% هەیە، بەڵام كۆگەی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 20%یش مەترسییە و پێویستە لێی وەربگیرێتەوە، قسەكردن تەنیا لەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز بەس نییە، چونكە تاران هەزاران كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 5%یشی هەیە، كە ئەمە ڕێگە بە تاران دەدات، دووبارە بەرنامە ناوكییەكەی بنیات بنێتەوە ئەگەر لە ناوخۆی ئێران بمێنێتەوە.
رافائیل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی ڕوونی كردەوە، یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60% كاری لە پێشینەیە، بەڵام تا ئاستی 20%یش مەترسییە و گرنگە لە ئێران دەربهێنرێت، ڕێژەی زۆری پیتێنراو تا ئاستی 5%یش پێویستە ببرێتە دەرەوەی ئێران، یان ئاستی پیتاندنی كەم بكرێتەوە.
ڕۆژنامەكە دەڵێ، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی پێویستە دەسەڵاتی پشكنینی هەر شوێنێكی هەبێت، نەك تەنیا ئەو شوێنانەی كە ئێران وەك وێستگەی ئەتۆمی دیاریی كردوون، تەنیا ڕێگەدان بە سەردانی وێستگە ئەتۆمییە ئاشكراكان ڕێگە بە ئێران دەدات، وێستگە و بنكەی تری پەرەپێدان دروست بكات كە پشكنەران پێی نەگەن و نەتوانن سەردانی بكەن. بۆیە بوونی تیمێكی هەمیشەیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی لە ناوخۆی ئێران بژارەیەكی زۆرباشە.
پێویستە لەسەر ئێران زانیاری تەواو لەسەر چالاكییە ناوكییەكانی پێشووی بدات، تا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی بتوانێ لێكۆڵینەوەیان تێدا بكات و دووبارە داتا و زانیاری پێوەست بە بەرنامەی ناوكی ئێران نوێ بكاتەوە، بەخشینی ئێران لەو مەرجە یارمەتی بەلاڕیدابردنی تیمی ئاژانسەكە دەدەن، كە ساڵانی ڕابردوویش بەر لە هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015 بەهەمانشێوە تیمەكانی بەلاڕێدا دەبرد.
ئەوەی پێوەستە بە گەرووی هورمزەوە، ئێران و ئەمەریكا هەنگاو بە هەنگاو، داخستنی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەكانی ئێران هەڵدەگرن، لە رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەردوو وڵاتیش ڕێگە لە وەرگرتنی هەر باج و چاندنی هەر مینێك لە ئاوەكانی گەرووەكە بگرێ، ئازادی كەشتیوانی بێ سنوور لە ئاوەكانی كەنداو و هورمز دووپاتی لێ بكرێتەوە.
كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران بە دڵنیاییەوە سوودی بۆ ڕژێم دەبێت، بەڵام پێویستە هەڵگرتنی سزاكان پێوەست بكرێن بە هەنگاوەكانی ئێران و جێبەجێكردنی كردارەكی ڕێككەوتنەكە نەك تەنیا واژووكردنی. سزاكانی پێوەست بە دۆسیەی تیرۆر و مافەكانی مرۆڤ و پشتیوانی تاران لە تیرۆر پێویستە بمێننەوە، تا تاران دەست لەو كارە چەپەڵانە هەڵدەگرێت.