جەنگ لە دژی ئێران تاقیكردنەوەیەكی قورسی توانای بەرگریی ئاسمانی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەزاران مووشەكی پاتریۆتی تێچوو بەرز بۆ خستنە خوارەوەی درۆنی شاهیدی ئێران و مووشەكی بالیستیك و مەودا مامناوەندی ئێرانی بەكار هێنران، كە چەكەكانی ئێران تێچوویەكی یەكجار كەمیان هەبوو و مووشەكەكانی پاتریۆتیش ملیۆنان دۆلاری تێدەچێت.
ئەو جیاوازە زۆرەی تێچوون لە بەكارهێنانی مووشەكێك كە تێچووەكەی دەگاتە چوار ملیۆن دۆلار بۆ خستنە خوارەوەی درۆنێك كە تێچووی ناگاتە سەرووی 25 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ئەمە هانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكای دا بیر لە داهێنانی جێگرەوە بە تێچووی كەمتر بكاتەوە، بتوانێ لە ئاسمان و زەوییەوە بهاوێژرێت و پێویستی بە سیستمی پاتری پاتریۆت نەبێت.
ئێستە سوپای
ئەمەریكا توانیویەتی مووشەكێكی بچووك بەرهەم بهێنێت كە بە لیزەر ئاراستە دەكرێ، بە جۆرێك دیزاین كراوە كە درۆن و هەلیكۆپتەرەكان لەسەر زەوییەوە بپێكێت، ناوی "سیستمی چەكی بكوژی ورد و پێشكەوتووی" لێ نراوە، كڵاوەیەكی تەقەمەنیی بچووكی هەیە و زۆر كاریگەرە لە بە ئامانجگرتنی درۆن و هەلیكۆپتەری دوژمن لە ئاسمانەوە.
درەنگانی شەوی هەینیی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئەو مووشەكانە بە ئیسرائیل و قەتەر و ئیمارات دەفرۆشێت و دەستەوارەیەك بە بڕی 8.6 ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە واژوو دەكەن.
مووشەكێكی بچووكی ئاسمانی نائاراستەكراوی نەوەكانی پێشوو بە ناوی "مایتی ماوس" كە لە جەنگی دژ بە كۆریای باكور لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بەكار دەهێنرا، پەرەی پێ دراوە و ئەو مووشەكە نوێیەی پێ دروست كراوە، مووشەكەكە تیرەكەی 2.75 بۆسە و درێژییەكەی كەمترە لە چوار پێ، چەكێكی سووك و بەهێزە و كڵاوەكەی بە چەند ڕەتڵێك لە تەقەمەنی پێوەست كراوە، بزوێنەری مووشەكی هەیە و دەتوانرا لەلایەن فڕۆكەكانەوە هەڵبگیرێت و بەكار بهێنرێت.
كێشی ئەو مووشەكە دەگەیشتە نزیكەی 12 كیلۆ، لە جەنگی دژ بە ڤێتنام فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكا نزیكەی 6.2 ملیۆن لەو جۆرە مووشەكەیان دژی ڤێتنامییەكان بەكار هێنا، ئەو مووشەكە دەتوانرا هاوشێوەی ئاڕ بی جی لەسەر زەوی و لەسەر شانیشەوە بهاوێژرێت، ئێستە پەرەی پێدراوە و ڤێرژنە نوێیەكەی دروست كراوە بە ناوی "هایدرا 70" كە تیرەكەی گەیشتووەتە 70 ملیمەتر.
هایدرا 70 بە بۆڕییەكی پۆڵاین دروست كراوە كە درێژییەكەی 1.5 پێ دەبێ و تیرەكەی 2.75 بۆسەیە، دەكەوێتە ناو كڵاوەی مووشەكەكە و بزوێنەرەكەی، ئەو پەیكەرە چوار باڵی جووڵاوی پێوەیە، لە دوای هەڵدانی مووشەكەكە دەبنەوە و لەسەر هەر یەكێك لە باڵەكانی ئامێرێكی بچووك هەیە كە بە تیشكی لیزەر كار دەكات، تا لەو ڕێگەیەوە شوێن ئامانجەكە بكەوێت و بیپێكێت، ئامێرێكی كۆمپیوتەری بچووك لە ناو پەیكەرەكەی هەیە و باڵەكانی دەجووڵێنێت و ئاراستەی دەكات بەرەو ئەو ئامانجەی بۆی دیاری كراوە.
بە پەیكەر و كڵاوەكەی و بزوێنەرەكەی، درێژییەكەی دەگاتە شەش پێ و كێشەكەیشی دەگاتە نزیكەی 16 كیلۆ، تێچووی دروستكردنی هەر یەكێك لەو مووشەكانە دەگاتە 40 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، كۆمپانیای بی ئەی ئی سیستم دووپاتی كردەوە كە 100 هەزار لەو مووشەكەیان بە وەزارەتی بەرگری داوە و ساڵانەیش دەتوانن 20 هەزاری تری دروست بكەن.
پێشتر هێزی دەریایی ئەو جۆرە مووشەكەی بەر لە پەرەپێدانی بەكار هێناوە، بە وردییەكی زۆرەوە ئامانجە جەنگییە بچووكەكانی لە هەر بۆمبێكی ئاسمانی تر پێكاوە، لە كاتی بەركەوتن بە ئامانج ئەو مووشەكە دەتەقێتەوە، بەڵام لەو ڤێرژنە نوێیەی، كاتێك مووشەكەكە بە درۆنەكان دەكەوێت، تەنیا كڵاوەكەی دەتەقێتەوە، یان كاتێك تەنێكی نامۆ لە ئاسمان دەبینێت و بەدوای دەكەوێت، ئەمە وایكردووە كە زۆر گونجاو بێ بۆ ئامانجی جووڵاو، وەك درۆنی شاهیدی ئێرانی. لە 2025 هێزی ئاسمانی ئەمەریكا ئەو جۆرە مووشەكەی بۆ خستنەخوارەوەی درۆنی حووسییەكان لەسەر دەریای سوور بەكار هێناوە.
ئەو مووشەكە دەتوانرێ لە فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر و لەسەر زەویشەوە لەلایەن سەربازان بهاوێژرێت، هەریەك لە ئیسرائیل و قەتەر و ئیمارات خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆكانەن كە دەتوانن ئەو جۆرە مووشەكە هەڵبگرن و بیهاوێژن.
پەرەپێدانی ئەو مووشەكە و دروستكردنی ڤێرژنی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی درۆنی شاهیدی ئێرانی لە كاتێكدایە، پێشتریش ئەمەریكا پەرەی بە درۆنێكی بچووكتری بكوژ دا كە بە تێچوویەكی كەمەوە دروست دەكرێ، بە دوای درۆنی دوژمن لە ئاسمان دەكەوێ و خۆی پێدا دەكێشێت و دەتەقێتەوە.