ئامۆزاكان.. لە دیوەخانەوە بۆ دادگا

:: PM:03:49:07/05/2026 ‌
عەزیز ڕەئووف نووسەری شاری سلێمانی كە ئەمڕۆ لە دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی ئامادە بووە، چەند نهێنییەكی تری دانیشتەكە دەخاتە ڕوو، دەڵێ‌، كاتێك پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی داوای ئاوی بۆ بریكاردارەكانی، دادوەر كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا. 

"وشە" دەقی نووسینەكە وەك خۆی بڵاو دەكاتەوە:
كە پێوەندی بە ئاوات خان خوشكی لاهور شێخ جەنگی دەكەم كە دەمەوێت وەك چاودێرێك لە دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی ئامادە بم، بە خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، ڕۆژی دواتر زەنگی لێدا و گوتی: ڕۆژی پێنجشەم ساعات هەشت و نیو ئامادەبە.

سەرلەبەیانییەكی جیاواز
سەرلەبەیانی بەرەو دادگای سلێمانی دەكەومە ڕێ. ئەو ناوە بە هێز تەنرابوو، ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەكەی بەردەم دادگا پڕ بوو لە ئۆتۆمبێلی سەربازی. چەكدارێكی زۆر بە جلی سەربازی و چەكەوە، هەندێكیش بە جلی مەدەنی و جیهاز یان مۆبایلەوە، هەموو سەرقاڵ و پەشۆكاو وەك ئەوەی شتێك ڕوو بدا وابوو. گڵۆپی ترافیك سەوز دەبێ و دەپەڕمەوە بەری دادگای سلێمانی. قەرەباڵغییەكی زۆر ئەو ناوەی تەنیوە.

بە جیاواز لە ڕۆژانی تر، هەست دەكەی دادگا لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە و كەسانێك دادگایی دەكرێن، كە ساڵێك و نۆ مانگ پێش ئَیستا بە هەزاران چەكدار و تانك و زرێپۆش لە بەرەبەیانێكی هاویندا دوای شەڕێكی سەخت، لەو هاوینەهەواری سەرچنارە دەیانگرن. ئەو سەرلەبەیانییەی كە گەنجەكانی لالەزاریان ڕووت كردووەتەوە لەسەر زەوی و هەر ئەو هێزە ئێستە لە دەسەڵاتن، گەنجێك لە پشتەوە زلەیەك لە لاهووری شێخ جەنگی دەدات و یەكێك ڕوو دەكاتە ناو ئۆتۆمبێلێك كە دیلی تێدایە: وازم لێ بێنە با یەكێكیان بكوژم.

پێڕەكەی خۆم دۆزییەوە
لەناو قەرەباڵغییەكەدا هەریەك لە هاوڕێ ڕەحمان غەریب و هێمن مەحموود سەرنووسەری زووم دەدۆزمەوە و بە پێڕی خۆمیان دەزانم و هەست دەكەم ئەوانیش بەبینینی من كۆڵێك دڵخۆشن.  كاك میرانی محامی دێتە دەرەوە و دەڵێت كاك عەزیز، ئاوات خان دەڵێ وەرە ژوورەوە. بەناو قەرەباڵغی و پشكنینێكی چڕ و لێسەندنی مۆبایل، خۆمان دەگەیەنینە بەردەم ژووری دادگا و ئاوات خان لەناو قەرەباڵغییەكەدا بانگم دەكات و وەژووری دادگا دەكەوم.

كە وەژوور دەكەوم و سڵاو لە خزمانی شێخ جەنگی دەكەم كە زۆرینەیان لەوێن، فێنك و ژینۆ دەبینم، وەك دوو ژنی چالاك لەناو ئەم سەردەمی بێ پیاوییەدا شوێنی سەتان پیاویان بۆ لاهوور و بنەماڵەكەی گرتووەتەوە، ژنانێكی وا سەرسەخت و ئازا دەبینی كۆڵێ دڵت بەوە خۆشە كە هێشتا وەفا بۆ كەسێكی زیندانی و بێدەسەڵات ماوە، كە سەردەمێك كۆی دەسەڵاتە تەناهی و سیاسییەكانی ئەم زۆنەی بەدەستەوە بوو. 

سڵاوكردن و مقۆمقۆ و وەرە ئێرە دانیشە و هەریەك دەخوازێت لای ئەو قەفەزە ئاسنینەوە دانیشێت كە دوای چەند دەقیقەیەكی تر لاهوور شێخ جەنگی و براكەی و ڕێبواری حامی حاجی غالی و نۆ كەسی تر لەو گەنجانە دەهێنن، كە سەردەمانێك دڵسۆزی پیاوێك بوون كە دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە و ئێستەش لە قەفەزێكی ئاسنیندا هەر بە برا گەورە و هاوڕێ و كەسی خۆیانی دەزانن.

چاكەت شینێك لە قەفەزێكی ئاسندا
هەموو چاوەكان لە دەرگای بەرانبەرە و چاوەڕێی لاهوور و هاوڕێكانی دەكەن وەژوور بكەوێت. لەپڕ لاهوور دێتە ژوورەوە و بەدوایدا پۆڵادی برای و ڕێبواری حامی حاجی غالی و كۆی برادەرەكان لە قەفەزەكەدا كەڵەكە دەبن.

لاهوور چاكەتێكی شین و قەمیسێكی سپی پۆشیوە و وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ، وەك جاران كە چۆن دەچووە شوێنێك بە خێرایی دەڕۆیشت و دەستی سڵاوی بەرز دەكردەوە، پێش هاوڕێكانی بەرەو قەفەزە ئاسنینەكە دەڕوا و بە هەموو لایەكدا چاو دەگێڕێ و دەیەوێت بزانێت كێن ئەوانەی لە تەنگانەدا جێیان نەهێشتووە. ئەو جوست و چالاك و شیك و دەم بەخەندەیە. لاهوور یەك یەك تەماشای میوانەكان دەكات و دەستی سڵاو بەرز دەكاتەوە و كە چاوی دەچێتە سەر من، دەستی سڵاو بەرز دەكاتەوە و تەماشام دەكات و لە چاویا سوپاسگوزارییەك دەبینم، وەك ئەوەی بڵێ كە لانی كەم بەرانبەر ئەو غەدرەی لێم كراوە بێدەنگ نەبووی یان لانی كەم سوپاس كە لێرەی.

ڕێكارەكانی دادگا دەستی پێكرد. دادوەر یەك دنیا ئەوراقی لە بەردەست بوو، خوێندنەوەی ئەم هەموو ئەوراقە تاقتەتپڕوكێن بوو. لەو كاتەدا دادوەر داوا لە هەریەك لە پافڵ جەلال حیسامەدین و قوباد جەلال حیسامەدین دەكات كە بێنە ژوورەوە. كارمەندەكە دەچێتە دەرەوە و لەناو خەڵكەكە هاوار دەكات : 
پافڵ جەلال حیسامەدین 
قوباد جەلال حیسامەدین
كارمەندەكە دێتە ژوورەوە: گەورەم نەهاتوون. نەهاتنیان لای كەس گرنگ نەبوو وەك ئەوەی پێشتر هەموو بزانن كە هەردوو خاوەن سكاڵا ئامادە نابن.

فەرشی ناو سانسۆرەكە
شاشەیەكی گەورە دەكرێتەوە. چەند ڤیدۆیەك پێشان دەدرێ كە چۆن هەوڵی تیرۆركردنی پافڵ و قوباد دەدرێت. وێنەی سەیارە و وێنەی درۆن و جووڵەی سەیارەكان، زۆری ڤیدیۆكان تەواو تاقەتپڕوكێنە و لەگەڵ هەر ڤیدیۆیەكدا لاهوور پێدەكەنێ و بە چرپە شتێك بە ڕێبواری حامی دەڵێت و هەردووكیان پێدەكەنن. ڤیدیۆ بەردەوامە تا دەگاتە فەرشە چەماوەكەی ناو ئاسانسۆرەكە كە قەناسی تێدایە، هەموو ئامادەبووان بە لاهوور و برادەرەكانیشیەوە پێدەكەنن.

هێنانی چەك بۆ ناو شوقەیەك لەناو فەرشێكی لوولكراوی چەماوەدا كەمێك بۆ ئامادەبووان و تۆمەتبارانیش مایەی پێكەنین بوو.

لەوكاتەدا لاهوور قسە دەكا: جەنابی دادوەر من پێنچ كەس لە كەسە نزیكەكانم لە ڕانیە تیرۆر كران، كەیسەكەیان گەیشت بە كوێ؟ ئەو تۆمەتانەی من دوو ساڵ پێش ئێستەیە، بەڵام كەیسی هاوڕێ شەهیدەكانم چوار ساڵ پێش ئێستەیە. دادوەر هەڵدەداتێ: كار لەسەر ئەو كەیسە كراوە و چاوەڕیی ڕێكارە یاساییەكانین. 

خوشكێك وەك شنەی با
ژووری دادگا گەرم دادێ. ئاوات شێخ جەنگی چەند پارچە كاغەزێك دەداتە هاوڕێكانی بۆ خۆباوەشێنكردن. بە بیانووی گەرماوە كاغەزێك لە خانمێكی ناو ژوورەكە وەردەگرم بۆ باوەشێن، بەڵام بۆ نووسینی تێبینییەكانم لەسەر دادگاییكردنەكە و ئەوەی بینیومە پارچە كاغەزەكە بەكار دێنم.

سەعات و نیوێك دەخایەنێت. جارجار پارێزەرەكانی ڕیزی پێشەوە قسەیەك دەكەن و دادوەر وڵامیان دەداتەوە. لاهوور بە كلینێكسێك نێوچاوان و لا ملی دەسڕێ. ئاوات خان كاغەزێكی سپی دەدات بە كارمەندەكە تا بیدات بە لاهوور تا خۆی باوەشێن بكات. خوشك گەوهەرە بۆ خۆی. شەوی سەر لالەزارم بیر دێتەوە كە چۆن ئاوات خان براكانی جێناهێڵی و دەبێتە پشت و پەنا بۆیان.

دادوەر ئەوراقەكان دەخوێنێتەوە. كات زۆر ڕۆی. لاهوور و برادەرانی سەیری یەك دەكەن و پێدەكەنن. وەك ئەوەی بڵێی ئێمە ئاگامان لەم شتانە نییە. لاهوور چاوی بچووك دەكاتەوە و بە تەواوی گوێقوڵاغی خوێندنەوەی نووسراوەكانی بەردەم دادوەرەكەیە، جارجار سەیری ڕێبوار و جارجارەش سەیری ئامادەبووان دەكات و پێدەكەنێ.

تینوو بۆ ئاو، یان ئازادی؟
گەرما بێتامی كرد و كات دەڕوا. پەنجەرەكە دەكەنەوە تا هەوا بێتە ژوور. بورهان رەشید وەك پارێزەر داوای ئاوی خواردنەوە دەكات بۆ تۆمەتباران. دادوەر كۆتایی بە دانیشتنەكە دێنێت بۆ پێنجشەمی داهاتوو. ئاوی خواردنەوە نەگەیشت و لاهوور و براكەی و ڕێبوار و نۆ لە هاوڕێكانی كە هەموو گەنجن و ڕیشی ڕەشی نەتاشراویان سەرنج رادەكێشێ. لاهوور لە پێشەوە و ئەوانی تر بەدوایا، دەستی خواحافیزی بەرز دەكەنەوە و لە ژوورەكە دەچنە دەرەوە.



وشە - وشه‌