ئەلگۆریتمەكان بنەمای جەنگ دەگۆڕن و دەبنە بڕیاردەری سەربازی

:: AM:11:53:09/05/2026 ‌
بۆ دیاریكردنی بەهێزترین وڵاتی دنیا، چیتر پرسیاری ئەوە ناكرێ كە كێ خاوەنی بەهێزترین چەكە، بەڵكو كێ خاوەنی توانای بەرزە لە شیكردنەوەی زانیاری و دەركردنی بڕیار لە كاتی گونجاودا بووەتە بنەما و پێوەری بەهێزی، بە دیاریكراویش دوای دەركەوتنی جەنگی ئەلگۆریتمەكان (خوارزمیات) كە بووەتە چوارچێوەیەكی نوێ و بنەماكانی ململانێی نێودەوڵەتیی گۆڕیوە و ژیری دەستكرد، لە پێگەی پشتیوانی تەكنیكییەوە بۆ دڵی بڕیاری سیاسی و سەربازی وڵاتانی دنیا گۆڕاوە.

لە پەراوێزی كێبەركێیەكی نائاشكرا بۆ بەیەكەوە لكاندنی ژیری دەستكرد لە ژێرخانی سەربازی و تەناهی، چیتر جەنگ بە چەمكە كلاسیكییەكان و سوپا و كەلوپەلی جەنگی و سنوور كورت ناكرێتەوە، بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئاستێكی زۆر ئاڵۆزتر دەگوازرێتەوە و دووبارە چەمكی هێز لە ژینگەی ژمارە و داتا و ئەلگۆریتم دادەڕێژرێتەوە.

ئەو گۆڕانە قووڵە دەكرێ بە جەنگی "ئەلگۆریتمەكان" ناوی ببرێت، كە وایكردووە تەكنەلۆجیا لە ناوەندی سیستمی بەرگری و وەڵامدانەوە و دەركردنی بڕیار، لە قووڵایی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان پێگەی بەهێزی خۆی جێگیر بكات، ناكرێ ئەمە تەنیا لە چوارچێوی هزری و تیۆری ببینرێت، دەیەیەك پێش ئێستە هەردوو فەیلەسووف "تیۆردۆر ئەدۆرنۆ و ماكس هۆكهایمەر" هۆشدارییان دا، عەقڵ نوێ دەبێتەوە و دووبارە بە وەك ئامرازێكی ئازادبوون و زانین لە دایەك دەبێتەوە و دەبێتە ئامرازی هەژموون و كۆنترۆڵ سەپاندن، لەبری ئەوەی تەنیا ببێتە تەكنیكێك بۆ هەژماركردنی دەرئەنجامەكان و ڕێكخستنی ئاكارەكان.

ئەمڕۆ ئەو بیرۆكەیە دووبارە بووەتەوە جێی باسوخواس، بەڵام لە ڕوانگەیەكی زۆر پێشكەوتووترەوە، سیستمە زیرەكەكان دەتوانن بڕێكی یەكجار زەبەلاحی داتاكان شی بكەنەوە و پێشبینی بۆ جووڵەكانی داهاتوو بكەن و پێشنیاز و بڕیاری كردارەكی و واقیعی پێشكەش بكەن، بێ ئەوەی مرۆڤ دەستوەردانی تێدا بكات و ڕۆڵی هەبێت لە گەیشتن بەو دەرئەنجامانەدا.

كۆمپانیای پالانتێر بۆ تەكنەلۆجیا كە یەكێكە لە دیارترین كۆمپانیاكان و كار لەو گۆڕانكارییە گەورەیە دەكات و یاداشتێكی نووسراوی لە 22 بەش بڵاو كردووەتەوە، پشت بە پەرتووكی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە "ئەلیكساندەر كارب" بە ناونیشانی "كۆماری تەكنەلۆجیا" بەستووە، ئەو تێكستە پێچەوانەی ڕوانینەكانە و باس لە باڵادەستبوونی ژیری دەستكرد دەكات و دەڵێ، چیتر ئەمە بژارەیەكی تەكنیكی و ئابووری نییە، بەڵكو پێویستییەكی ستراتیجی ڕاستەوخۆیە بە چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی و مانەوەی وڵاتان لە ژینگەیەكی نێودەوڵەتی كە كێبەركێی زۆر قورسی تێدا ئەنجام دەدرێت.

یاداشتەكە تەنیا لەسەر پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیا نەوەستاوە، بەڵكو زیاتر لەوە هەنگاوی ناوە و ڕۆڵێكی ئایدلۆجیای نوێی بۆ كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیا لە سیستمی نوێی جیهانی وێنا كردووە، ئەو پێشكەوتنەیش لە دۆڵی سیلیكۆن بە تەنیا كۆ نەكراوەتەوە، بەڵكو بووەتە بە بەشێك لە ژێرخانی ئاسایش و بەرگری وڵاتان و ئامرازێكی ڕاستەوخۆ بۆ دووبارە داڕشتنەوەی جەنگ لە سەردەمی نوێدا.

لەو ڕوانگەیەوە ژیری دەستكرد و شیكاری ئەلگۆریتمەكان بۆ داتاكان، ئەمڕۆ بوونەتە چەكێك هاوشێوەی سەرەتای دۆزینەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە سەدەی ڕابردوو و دەتوانێ توانای دووبارە ڕێكخستنەوەی هاوسەنگی هێز لە دنیا دیاری بكات.

پالانتێر بۆ تەكنەلۆجیا پێگەیەكی بەهێز لەو سیستمە پێشكەوتووە لە ناو دامەزراوەكانی تەناهی ئەمەریكا هەیە، سیستمه دروستكراوەكانی ئەو كۆمپانیایە لە دامەزراوە هەستیارەكانی وەك ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا "سی ئای ئەی" و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، بە فراوانی بەكار دەهێنرێن و توانا و بەكارهێنانەكانی بە تەواوی و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ بواری سەربازی یەكلا كراوەتەوە، لەوانە سیستمی پشتیوانی بڕیاری لۆجستی و شیكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و یارمەتیدان لە دیاریكردنی ئامانجە سەربازییەكان.

یەكێك لە دیارترین پڕۆژەكانی ئەو كۆمپانیایە پرۆگرامی "تایتان"ە كە ژیری دەستكرد لەگەڵ ئۆپراسیۆنە مەیدانییەكان تێكەڵ دەكات، هەروەها پڕۆژەی "ماڤن" بووەتە خاڵێكی وەرچەرخان لە بەكارهێنانی ئەلگۆریتمەكان لە ناو ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، پڕۆژەی ماڤن كە لە 2017 وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ڕای گەیاند، ژیریی دەستكرد لە شیكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان و وێنە گیراوەكان لە ڕێگەی درۆنەوە كۆ دەكاتەوە، بە ئامانجی خێراكردنی ئۆپراسیۆنی دیاریكردنی ئامانجە سەربازییە ستراتیجییەكان.

ئەو پڕۆژەیە بووە جێی باسوخواسێكی فرەوان لە ناوەندەكانی تەكنەلۆجیا و ئەكادیمی، دوای ئەوەی هەزاران كارمەندی ناو كۆمپانیای گووگڵ ناڕەزاییان دەربڕی، بەوەی پڕۆژەكە یارمەتیدەر دەبێ كە ژیریی دەستكرد چەكدار بكرێ و بخرێتە خزمەتی سەربازییەوە، ئەمەیش كۆمپانیاكەی ناچاركرد كە لە گرێبەستەكەی پاشگەز ببێتەوە.

ئەو تێكەڵكردنەی ژیری دەستكرد و توانا سەربازییەكان و ئۆپراسیۆنەكان لە جەنگدا تەنیا لە ئەمەریكا بوونی نییە، بەڵكو بووەتە بە بەشێك لە گۆڕەپانی ململانێكان لە سەرانسەری دنیا، لە ئۆكراینا بۆ نموونە، سیستمی شیكردنەوەی پێشكەوتووی داتاكان بۆ پشتیوانی دەركردنی بڕیاری مەیدانی و هاوئاهەنگی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەدرێت، زۆر لە سوپاكانی دنیا دەستیان كردووە بە پشتبەستن بە تێكەڵكردنی داتا و زانیارییەكان لە ڕێگەی مانگی دەستكرد و درۆنەكان و تۆڕی پێوەندییەكان، بۆ دروستكردنی وێنەی كردەیی و ڕاستەوخۆ كە پێشبینی دەكات و باڵادەستی ئەو سوپایە كە پشت بەو تەكنەلۆجیایە دەبەستێت، یەكلا دەكاتەوە.

جەنگی ئەلگۆریتمەكان تەنیا پێشڤەچوونێكی تەكنەلۆجی نییە تا وەك ئامرازێكی جەنگ سەیری بكرێت، بەڵكو گۆڕانێكی ڕیشەییە لە سروشتی هێز، دنیا بەو ئاراستەیە دەڕوات كە هەژموونی وڵاتان، پێوەستە بە توانای لە بوونی زۆرترین زانیاری و ڕێكخستنی ئەلگۆریتمەكان و دروستكردنی زانیاریی ئۆپراسیۆنەكان و گۆڕەپانەكانی جەنگ لە كاتێكی ڕاستەقینە و گونجاودا. ئەمەیش دواجار پرسیار لەبارەی داهاتووی بڕیاری مرۆڤ دروست دەكان و سنووری كۆنترۆڵكردن بەسەر رۆبۆتەكان و كاریگەرییان لەسەر مرۆڤ دەخاتە بەردەم گریمانەی جۆراوجۆرەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د