لە كاتی جەنگ دژی ئۆكراینا، تاران بە هەزاران درۆنی شاهیدی گەیاندە دەست هێزەكانی ڕووسیا و ئێستەیش مۆسكۆ بەردەوامە لە گرتنی ناوچەكانی ئۆكراینا بەهۆی ئەو پشتیوانییە بەهێزەی ئێران، ئێستە نۆرەی مۆسكۆیە قەرزەكانی ئێران بداتەوە، چونكە ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر ئێران و تا ئێستەیش ململانێكان كۆتاییان نەهاتووە، ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكیش دووپات لەوە دەكاتەوە، رووسیا لە ڕێی دەریای قەزوینەوە كەلوپەلی دروستكردنی درۆن و خواردەمەنی و دەیان كاڵای تر دەگەیەنێتە دەستی ڕژێم، لە كاتێكدا واشنتن لە هەموو لایەكەوە هەوڵەكانی بۆ گەمارۆدانی ئێران چڕ كردووەتەوە، تا ڕژێم ناچار بە سازشی گەورە بكات.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە دەریای قەزوین بووەتە ڕێڕەوێكی ستراتیجی بازرگانی لە نێوان ڕووسیا و ئێران لە كاتی جەنگ و ململانێكان لە دژی ئێران، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا بەسەر بەندەرەكانی ئێران لە باشووری وڵاتەكە.
بەهۆی ناردنی كۆمەك و هاوكاری و پارچە و پێكهاتەی دروستكردنی درۆن لە مۆسكۆەوە بۆ تاران، ئێران دەستی كردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی، ئەگەر بارەكان بەو خێراییەی ئێستە لە ڕووسیاوە بگەنە ئێران، تاران دەتوانێ توانای درۆنی بە خێرایی زیاتر و پێش بخات، لە كاتێكدایە لە ئەنجامی بۆردمانی دوو مانگ و بەر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەمەریكا و ئیسرائیل توانیان نزیكەی 60%ی درۆنەكانی ئێران لە ناو ببەن و كۆگەی درۆنی ئەو وڵاتە تووشی تەنگژەیەكی گەورە بكەن.
هەرچەندە ئێران و ڕووسیا سنووری هاوبەشیان لەگەڵ یەكتر نییە، بەڵام ئێران نزیكەی 700 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ دەریای قەزوین لە باشوورەوە هەیە و لە باكوریشەوە ڕووسیا سنوورێكی فراوانی كەوتووەتە سەر دەریای قەزوینەوە، ئەمە وایكردووە كە هەردوو وڵات لە ڕێی پردێكی دەریاییەوە بەیەكەوە ببەسترێنەوە و بازرگانی لە ڕێی دەریاوە ئەنجام بدەن.
جیا لە ناردنی كەلوپەلی دروستكردنی درۆن و پیشەسازی چەك، هاوكات ڕووسیا كەلوپەلی تری خواردەمەنیش بۆ ئێران ڕەوانە دەكات، وەك گەنم و ئالیكی ئاژەڵ و چەند كەلوپەلێكی سەرەكی خواردن، كە لە دۆخی ئاسایی ئەو بارانە بە گەرووی هورمزەوە دەگەیەنرانە ئێران، بەڵام بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووەكە و گەمارۆی ئەمەریكا، ئێستە وەك ڕێگەی جێگرەوە بە دەریای قەزوین ئەو كەلوپەل و بەرهەمانە دەگاتە دەستی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران.
پێشتریش ئێران لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە كۆمەكی ڕووسیای كردووە، ئەو دەریایە بووەتە هێڵێكی سەرەكی بۆ ئێران و ڕووسیا بە ئامانجی خۆ دزینەوە لە سزای وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كۆمپانیای هێڵی گواستنەوەی حكوومی ئێران كە سزای خراوەتە سەر، بە بەردەوامی گەشتەكانی لە بەندەر ئانزەلی لە دەریای قەزوین بۆ ڕووسیا ئەنجام دەدات و بازرگانی و كەلوپەلی سەربازی و پیشەسازی بۆ یەكتر رەوانە دەكەن.
لە كاتی جەنگ لە دژی ئێران، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئادار/مارسی ڕابردوو، چەندان بۆردمانی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی ئێران و ژێرخانی دەریایی بەندەر ئانزەلی ئێران لەسەر دەریای قەزوین ئەنجام دا، بەو ئامانجەی بازرگانی دەریایی لە نێوان ڕووسیا و ئێران لەو ڕێگەیەوە بپچڕێنێت، بەڵام ئەمە سەركەوتوو نەبووە و ئێستەیش ئەو بازرگانییە بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی
زانیارییەكان كە ئەوكات سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، بۆردمانەكان كەشتییەكی هێزی دەریایی ئێران و چوار بەلەمی هەڵدانی مووشەك و ژمارەیەك كەشتیی یاریدەدەر و بەلەمی پاسەوانی و ناوەندی سەركردایەتی و حەوزی لەنگەرگرتنی كەشتییەكان، لە بەندەرەكەدا بۆردمان كران.
ڕووسیا بە هاوپەیمانێكی بەهێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەژمار دەكرێ، هەرچەندە زانیارییەكان دووپات لە كۆمەكی مۆسكۆ بۆ تاران دەكەنەوە، بەڵام بە فەرمی ئەو وڵاتە ناردنی كۆمەكی سەربازی بۆ ئێران ڕەت دەكاتەوە.
پێشتر ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال بڵاوی كردەوە، مۆسكۆ بە وێنەی مانگی دەستكرد و تەكنیكی درۆنەكان بۆ بە ئامانجگرتنی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە یارمەتیی ئێران دەدات، كەلوپەل و پارچەی چاككردنەوەی درۆن بۆ ئێران دەنێرێت، ئەمەیش وایكردووە توانای پێوەندیكردن و وردی پێكانی ئامانجی زۆر باشتر ببێت.