قائانی بۆچی سەردانی بەغدای كردەوە؟

:: PM:08:32:10/05/2026 ‌

بەر لە راسپاردنی عەلی زەیدی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد و بە جیا چاوی بە سەركردە سیاسییەكان و میلیشیاكانی شیعە كەوت، دوای ئەوە زەیدی هاتە راسپاردن و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان متمانە بە كابینەی حكوومەت و بەرنامەی حكوومەتەكەی بدرێت، جارێكی قائانی سەردانی بەغدای كردەوە.

لەوكاتەی شارەزایان ئاماژە دەكەن كە تاران ترسی لەوە هەیە حكوومەتەكەی زەیدی ببێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات، كە لە چەند سەعاتی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس گەیشتووەتە بەغدا و زنجیرە دیدار و كۆبوونەوەیەكی داخراوی لەگەڵ سەركردە دیارەكانی شیعە ساز كردووە، جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكان، هەموو ئەوەش لە سایەی بوونی مشتومڕ لەناو ماڵی شیعە لەبارەی میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی زەیدی. 

بەپێی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەكان، قائانی بەشێوەیەكی سەرەكی سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بەڵێنانەی زەیدی بە ئەمەریكای داوە، بەتایبەتی پێوەست بە میلیشیاكانەوە، بۆیە ئێران تێبینی لەسەر ئەو بابەتە و پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا بۆ زەیدی هەیە، تاران ترسی لەوە هەیە حكوومەتی نوێ ببێتە سەرەتایەك بۆ گۆڕانكاریی سیاسی و تەناهی و كەمبوونەوەی دەسەڵاتی لە عێراق، بەتایبەتی لە دۆسیەی میلیشیاكان و چەكەكانیان.

ئەوە دووەم سەردانی قائانییە بۆ بەغدا لە ماوەی كەمتر لە مانگێك، كاتێك لە 19ی نیسانی رابردوو سەردانی بەغدای كرد و لە دوای سەردانەكەش پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەستوەردانی ئەمەریكای لە دۆسیەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق رەت كردەوە، چاودێران پێیان وایە رەنگە ئەو جموجۆڵەی ئێران كاریگەری لەسەر خێرایی لێكگەیشتن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی زەیدی هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی بێمتمانەیی لە نێوان لایەنە پاڵپشتیكار و نەیارەكان بۆ زەیدی بەردەوام بێت.

عەلی جبووری توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، سەردانەكەی قائانی بۆ بەغدا بەرجەستەی قەبارەی نیگەرانیی ئێران لە شێوەی قۆناغی داهاتووی سیاسی لە عێراق دەكات، بەتایبەتی لەگەڵ قسەكانی باسی نزیكبوونەوەی پێكهاتنی حكوومەتی زەیدی بە پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا دەكەن كە هەوڵی داڕشتنەوەی هاوسەنگییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دەوڵەتی عێراق دەدات.  

روونی كردەوە، ئەو جموجۆڵانەی ئێستەی ئێران بەدەر نییە لە دۆخی رارای ناوچەكە و ئەو ململانێیەی لەسەر دەسەڵات لە عێراق هەیە، چونكە تاران سەیری هەر حكوومەتێكی پاڵپشتیكراو لە لایەن ئەمەریكا و رۆژئاوا لە عێراق وەك هەڕەشەیەك بۆ دەسەڵاتی سیاسی و تەناهیی خۆی لەو وڵاتە دەكات، بەتایبەتی لە دۆسیەكانی پێوەست بە میلیشیاكان و چەكی ئەوان و رۆڵیان لە قۆناغی داهاتوودا.

جبووری پێی وایە بەردەوامبوونی تێبینی و ناڕەزاییەكانی ئێران لەسەر هەندێك لە وردەكارییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی زەیدی، رەنگە ببێتە هۆی خاوبوونەوەی لێكگەیشتنە سیاسییەكان، بەتایبەتی ئەگەر هێزە پاڵپشتیكارەكان بۆ زەیدی دڵنیاكردنەوەی پێویست لەبارەی پێوەندیی داهاتووی حكوومەتەكە لە گەڵ ئێران و میكانیزمەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران لە عێراق پێشكەش نەكەن، تایبەتتر كە هێشتا عێراق گۆڕەپانێكە بۆ هاوسەنگییەكی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەر حكوومەتێكی نوێ پێویستە بە وریاییەوە ئیدارەی ئەو هاوسەنگییە بدات، بۆ خۆپاراستن لە چوونە ناو بەریەككەوتنی سیاسی و تەناهی لەسەر ئاستەكانی ناوخۆیی و دەرەكی. 

لە لایەكی تر باسل حوسێن توێژەری سیاسی ئاشكرای دەكات كە ئێران ڤیتۆی لەسەر عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەیە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی لە رۆژی یەكشەمەوە بۆ پێنجشەمی داهاتوو.

ئەو لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو زانیاریم بەدەست گەیشتووە بەوەی ئێران ڤیتۆی لەسەر زەیدی داناوە، ئەوەش هۆكاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتەكەی بووە بۆ پێنجشەمی داهاتوو، ئەوەش مانای وایە لە سایەی خواستی ئێران بە رەتكردنەوەی زەیدی، ململانێی نێوان هەردوو لایەنی پاڵپشتیكار و نەیار بۆ زەیدی روو لە پەرەسەندن دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل