نەتەوە یەكگرتووەكان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا هۆشداریی دەدات لە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین لە دنیادا و ڕای دەگەیەنێت، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئازادیی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی 10٪ پاشەكشەی كردووە، تەنیا لە ساڵی 2025دا 93 ڕۆژنامەنووس كوژراون.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە، زانست و ڕۆشنبیری (یونێسكۆ)، ڕاپۆرتێكی لەبارەی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025 بڵاو كردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەپێی پێوەرەكانی جیهانی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین (V-Dem)، لە ساڵی 2012ـەوە ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، ئەمەش بووەتە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم گەیشتن بە زانیاریی باوەڕپێكراو و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی كراوە و هۆشیار.
ڕاپۆرتەكە ئاشكرای دەكات، ڕێژەی خۆسانسۆركردن لە نێوان ڕۆژنامەنووساندا لە ساڵی 2012ـەوە بە ڕێژەی 63٪ زیادی كردووە، هەروەها هەوڵی حكوومەت و گرووپە دەسەڵاتدارەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی میدیای تەقلیدی و دیجیتاڵی، نزیكەی 48٪ زیاتر بووە. پاشەكشەكانیش تەنیا لە بواری میدیادا نین، بەڵكو ئازادییە زانستی و هونەرییەكانیش ساڵانە بە ڕێژەی 2.86٪ ڕوویان لە كەمبوونەوە كردووە.
یونیسكۆ باس لە مەترسییەكانی سەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان دەكات، بە جۆرێك تەنیا لە ساڵی 2025ـدا تا كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە، 93 ڕۆژنامەنووس كوژراون، بەتایبەت لە ناوچەكانی ململانێ و جەنگدا، هاوكات ژنانی ڕۆژنامەنووسیش زۆرترین جار دەكرێنە ئامانجی هەڕەشەكان.
ڕاپۆرتەكە هۆشداریی داوە لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەكارانە و گوتاری ڕقوكینە، بەتایبەت لە ڕێگەی بەكارهێنانی ژیریی دەستكردەوە، كە متمانەی گشتیی لاواز كردووە و ئاسایشی نەتەوەیی لە زۆر لە وڵاتاندا خستووەتە مەترسییەوە.
هەروەها لەبارەی دۆخی ئەفغانستان، دووپاتی دەكاتەوە كە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئازادیی ڕادەربڕین بە توندی پاشەكشەی كردووە و میدیاكان لە ژێر سانسۆرێكی قورسدان.