لە بیابانەكانی نەجەف و كەربەلا چی رووی داوە؟

:: PM:07:01:11/05/2026 ‌

چەند رۆژێكە میدیاكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا باسی رووداوێكی سەرەتای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لەناو خاكی عێراق دەكەن، لە بیابانەكانی نەجەف و كەربەلا هێزێكی تایبەتی ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنی بۆ چاودێریكردن دامەزراندووە، كاتێك هێزێكی عێراقی لێیان نزیك بووەتەوە، هێرشیان كراوەتە سەر و كوژراو و بریندار هەبووە، بەڵام چی رووی داوە؟

دوێنێ لە گەرمەی باسەكە و داواكاری بۆ مێوانداریكردنی وەزیر و فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان لە پەرلەمان بەو هۆیەوە، فەریق سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی گوتی، ئەوەی لەسەر بیابانی كەربەلا لە رۆژهەڵاتی ناوچەی نەخیب و نەجەف باسی دەكرێت، رووداوێكە لە پێنجی ئاداری رابردوو رووی داوە، كاتێك هێزێكی تەناهیی عێراق رووبەڕووی چەند هێزێكی گەڕۆكی نەناسراو بووەوە و بەو هۆیەوە سەربازێك كوژرا و دووی تریش بریندار بوون. هێزە تەناهییە عێراقییەكە لەو ناوچەیە مانەوە و كاری گەڕان و پشكنینیان لە هەموو كەرتەكانی ئۆپراسیۆنەكە ئەنجام دا، بێ ئەوەی هیچ هێزێكی بیانی یان كەرەستەكانیانی لێ بێت.

شایەنی باسە لە 4ی ئاداری رابردوو میدیاكانی عێراق باسی پرۆسەیەكی دابەزاندنی هێزی تایبەتی بیانیان لە بیابانی نێوان هەردوو پارێزگای كەربەلا و نەجەف كرد، لە دوای رووداوی بۆردمانی هێزێكی عێراقی كە ویستوویەتی ناوچەكە بپشكنێت، بەو هۆیەوە سەربازێك كوژرا و دووش بریندار بوون.

لە ماوەی دوایی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكی رای گەیاند، بۆ سوودبینین لێی لە شەڕ لە دژی ئێران، ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنیی سەربازی لە بیابانەكانی عێراق دامەزراندووە، ئەوكاتەی هێزەكانی عێراق لێ نزیك بوونەتەوە، هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەریان، رۆژنامەكە لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران، ئیسرائیل ئەو پێگە نهێنییەی دامەزراندووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە پێگەكە لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لەوێ دامەزراوە و ئەوكاتەی هێزە عێراقییەكان ویستوویانە لە شوێنەكە نزیك ببنەوە و ئاشكرای بكەن، لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆردمان كراون. 

ئەبو توراب تەمیمی ئەندامی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە گوتی، ئەو سەربازگە ئەمەریكی- ئیسرائیلییەی باسی دەكرێت، كە بەر لە دوو مانگ لەو ناوچەیە دامەزراوە، هێشتا لە رۆژئاوای عێراق ماوە، رێگە بە هێزە عێراقییەكان نەدراوە لێی نزیك ببنەوە، بەرپرسیارەتیی ئەوەش كەوتووەتە سەر ئەستۆی وەزیری ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و پاسەوانی سنوورەكان، بەو پێیەی ناوچەكە كەوتووەتە بازنەی لێپرسیارەتیی ئەوان.  

ئاشكرای كرد، سەرەتا حكوومەت بەو كارەی نەدەزانی، بەڵام دواتر لە رێگەی دەزگە تەناهییەكانەوە زانی، بە بوونی سەربازگەیەكی هاوبەشی ئەمەریكی- ئیسرائیلی لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، دەرنەكردنی روونكردنەوە و رەتكردنەوەی فەرمی لە لایەن حكوومەت لەبارەی بابەتەكە پاڵپشتیی راستی زانیارییەكان دەكاتەوە.

لە لایەكی تر بەرپرسێكی باڵا لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق زانیاری نوێ لەبارەی ئەو سەربازگە ئاشكرا دەكات كە لە دووری 80 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی سعوودیە لە بیابانی نەجەف ئاشكرا بووە و گوتی، ئەو شوێنە وەك ناوەندێكی پاڵپشتی لە كاتی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران بەكار هاتووە، ئەوەی رووی داوە بە یارمەتی و پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل بۆ هاتنە ناو خاكی عێراق بووە، لە شەوی چواری ئاداری رابردوو شوانكارێكی ناوچەكە زانیاری لەبارەی نیشتنەوەی هەلیكۆپتەر و جموجۆڵی سەربازی لە ناوچەكە بە هێزە تەناهییەكان داوە، هێزێك رووی لە ناوچەكە كردووە بەر لە گەیشتنیان بە شوێنەكە هێرشی ئاسمانیان كراوەتە سەر، سەربازێك كوژرا و دووی تر بریندار بوون و هێزەكە كشایەوە.

ئەو كات داوای روونكردنەوەی لە هێزەكانی ئەمەریكا كرا، بەڵام تا ئێستە زانیارییان نەداوە، ئەوكات وا بڵاو كرایەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا هێرشیان كردووەتە سەر یەكەكانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق، حكوومەت هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رووداوەكە ئاگەدار كردووەتەوە، بۆیە ئەوەی رووی دا بوونێكی كاتیی هێزە تایبەتەكانی ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمەریكا بووە و هێزەكە لە سووریاوە بەرەو بیابانی ئەنبار و ناوچەی نەخیب هاتوون.

بەپێی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی، ئیسرائیل بنكەیەكی نهێنیی سەربازی لە بیابانەكانی عێراق دامەزراند بۆ بەكارهێنانی لە هێرشەكانی بۆ سەر ئێران، وەك بنكەیەكی پاڵپشتیی لۆجیستی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە و بە زانیاریی ئەمەریكا هێزی تایبەتی ئیسرائیلی لەخۆ گرتووە، هەروەها لەو بنكەیە تیمی گەڕان و فریاگوزاری ئیسرائیلی هەبووە بۆ رزگاركردنی هەر فڕۆكەوانێكی ئیسرائیلی كاتێك فڕۆكەكەی لە شەڕەكە تێك بشكێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل