گەندەڵی عێراقی هەڵتەكاند.. دەسپاكی ئاماژە مەترسیدارەكانی بڵاو كردەوە

:: PM:04:14:12/05/2026 ‌
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تا ئێستەیش، پەتای گەندەڵی عێراقی ڕووبەڕووی هەراسانی گەورە كردووە، ئامارەكانی دەستەی دەسپاكی عێراق ئاماژەی مەترسیدار لەبارەی گەیشتنی ئەو پەتایە بەناو هەناوی عێراق پێشان دەدەن. 

عێراق كە تا ئێستە بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی دنیایە، بیری لە راماڵینی ئەو گەندەڵییانە نەكردووەتەوە، چەند ساڵی ڕابردوویش بەهۆی گەشەی زیاتری گرووپە چەكدارەكان، ئەو وڵاتە زیاتر رووبەڕووی گەندەڵی دارایی و ئیداری بووەوە و تەواوی جومگەكانی حوكمڕانی داكەوتن.

لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2026 تا مانگی نیسانی ڕابردوو، دەستەی دەستپاكی زیاتر لە 101 حاڵەتی گرتنی لە سەرانسەری عێراق تۆمار كردووە، كە 23 لەوانە لە كاتی ئەنجامدانی گەندەڵییەكە تۆمار كراوە و گیراون، 91 دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە و دۆسیەكانی پێوەست بە گەندەڵی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هەبووە.

هەر دەستەی دەسپاكی عێراق 26 فەرمانی گرتن و بانگهێشتكردن لە دژی بەرپرس و فەرمانبەران هەبووە، كە بەشێكیان پۆستی باڵایان هەبووە و ئێستە دۆسیەكانیان لە دادگایە، جیا لەوەی بەشێكیان گیراون و بەشێكیشیان هەڵاتوون یان خۆیان شاردووەتەوە.

لە هەمان مانگدا 30 كەس سزا دراون، لەگەڵ وردبینیكردنی زیاتر لە چوار هەزار و 600 فۆرمی دارایی.

ئەو رێوشوێنانەی كە دەستەی دەسپاكی عێراق كردوویەتی لەگەڵ ئەوەی توندن، بەڵام لە چوارچێوەی رۆتین ماونەتەوە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەمبوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتەكەدا دانەناوە. 

لە مانگی ئاداردا دامەزراوەكانی چاودێر پرۆسەی چاودێرییان توندتر كردووەتەوە و 91 ئۆپراسیۆنی نوێ ئەنجام دراون، لە ئەنجامدا 13 كەس گیراون و 18 فەرمانی گرتن دەركرا، هاوكات 81 سزادراو تۆمار كراون.

مانگی نیسان لە ڕووی ژمارەوە چالاكترین مانگ بووە، دەستەی دەسپاكی لە ماوەی یەك مانگدا 181 ئۆپراسیۆنی ئەنجام داوە، ئەمانە بوونە هۆی گرتنی 168 كەس كە تۆمەتبارن بە دۆسیەی جۆراوجۆری گەندەڵی، ئەمە جگە لە گرتنی 74 تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی 107 بەڵگەنامە و تۆماری پێوەست بە گرێبەست و پڕۆژەكانی حكوومەت.

بەپێی ئامارەكان، داتاكانی دەستەی دەسپاكی زیاتر لە 37 هەزار ڕاپۆرتی گەندەڵی هەیە، ئەمە جگە لە زیاتر لە 31 هەزار دۆسیەی تاوانكاری كە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان یان هەڵپەسێردراون.

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەمدواییانەدا زیاتر لە 14 هەزار و 600 فەرمانی گرتن دەرچووە، كە وەزیرەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و كارمەندانی پلە تایبەتیان كردووەتە ئامانج، لە ناویاندا دەیان حاڵەت كە بەرپرسانی پلەباڵایان تێدایە.

ئەو ژمارانەی دەستەی دەستپاكی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بڵاوی كردوونەتەوە، نەك تەنیا قەبارەی گەندەڵی دەردەخەن، بەڵكو ڕادەی سستی و چالاكنەبوونی كارگێڕی و دادوەری لە چارەسەركردنی دۆسیەكاندا پێشان دەدات، ئاشكرا دەكەن.



وشە - وشه‌