میدیا لۆكاڵییەكانی بافڵ تاڵەبانی هەموو هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو قسەی پێشووی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان كاڵ بكەنەوە كە لەبارەی پارتی و سلێمانی كردبووی.
میدیای بافڵ تاڵەبانی چەند رۆژێكە دەیانەوێ بەناوی خەڵكی سلێمانییەوە رق بەرانبەر هەولێر و پارتی بڕژن، لەكاتێكدا ئەم جۆری گوتارە میدیایە لای خەڵكی كوردستان بێزراوە.
لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد كە تێیدا سەرۆك بارزانی رووداوەكانی ساڵی 2003 تا 2016 دەخاتە ڕوو، ئاماژە بە چەندان پرسی گرنگ دەكات، سەرنج دەخاتە سەر هەڵبژاردنەكانی كوردستان لە ساڵی 2013 و ئاماژە بە شكستی گەورەی یەكێتی دەكات.
سەرۆك بارزانی لەوێدا نووسیویەتی، "رۆژی 21ی ئەیلوولی 2013 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرا، بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە یەكی ئەیلوولەوە دەستی پێ كرد، بەمەبەستی پشتگیریی زیاتری هەڵبژاردنەكان و هاندانی جەماوەر بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكەدا بەشداریی بانگەشەی هەڵبژدنەكانم كرد، هەرچەندە كێبەركێی توند لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا هەبوو، بەڵام كێبەركێی توند و سەرەكی لە نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو لە دەڤەری سلێمانی، كەشێكی زۆر ئاڵۆز و گرژ هاتبووەوە ئاراوە.
هەروەها ئاماژەی بە رۆژی هەڵبژاردن كردووە كە لە وادەی خۆی لە 21ی ئەیلوولی 2013، هاووڵاتییان روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە لایەنە سیاسییەكان، دوای پەسندكردنی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پارتی 38 كورسی و گۆڕان 24 كورسی و یەكێتی 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی 10 كورسی و كۆمەڵ 8 كورسییان بە دەست هێنا.
"یەكێتی زۆر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نیگەران بوو، بەڕاستی ترسێكی زۆریان لێ نیشتبوو لەبەر دەنگەكانی گۆڕان، ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی سەردانیان كردم، بەڵام بێهیوایی و ناهەماهەنگی و نەبوونی یەكگرتووییان پێوە دیار بوو، باسی بابەتی زۆر خراپ و دژبەیەكیان دەكرد. چەند رۆژ دواتر بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی ئەنجامەكان، مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا خاڵە لاواز و بەهێزەكان و كەموكوڕییەكان دەستنیشان بكرێن، هەروەها بڕیاریش درا كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەست پێ بكرێتەوە كە یەكەم كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی بوو".
سەرۆك نووسیویەتی، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی، هەستمان بەبێ ورەیی و نیگەرانیی یەكێتی كرد، داوای دەرفەتیان كرد بۆ ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە و بارودۆخیان رێك بخەنەوە، دواتر بڕیاری بەشداریكردن لە حكوومەت بدەن.
"بەهۆی شكستیان بەرانبەر بە گۆڕان، یەكێتی هەوڵێكی تەواویان دا بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەت پێك نەهێنرێت و دانەمەزرێ و بێنەوبەرەیەكی زۆریان كرد، بەهەموو شێوەیەك خۆیان لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت دەدزییەوە، پارتیش بە رادەیەكی زۆر و بێسنوور بارودۆخی یەكێتی لە بەرچاو گرت و موراعاتی كردن، تا گەیشتە رادەیەك كە لە پشوودرێژیی هەموو لایەك دەرچوو، دواتر دەركەوت كە یەكێتی چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دەركرد، یەكێتی بە ساختەكارییەكی زۆرەوە، توانی 11 كورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەست بێنێت، گۆڕانیش 12 كورسیی بەدەست هێنا". سەرۆك بارزانی وای نووسیوە.
هەروەها سەرنجی لەسەر ئەو بەشە زیاتر هەیە و دەڵێ، رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2013، نەوشیروان مستەفا سەردانی كردم و لە دیدارێكدا داوای كرد لاپەڕەیەكی نوێ لە نێوان پارتی و گۆڕاندا بكرێتەوە، ئامادەیی گۆڕانی پێشان دا بۆ بەشداری لە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمدا، لە كۆبوونەوەكەدا رای گەیاند، بەمەبەستی نەهێشتنی گرژی و ساردیی نێوان هەردوولا هاتووە و داوا دەكات وەك رابردوو پێكەوە كار بكەن و هاوكار بن لەكار و بریارەكاندا و دەست بە قۆناغێكی نوێ بكەن. هەروەها زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر هێرۆخان و باڵەكەی لەناو یەكێتی و گوتی، پێویستە هەوڵ بدرێت دۆخی سلێمانی ئاسایی بكرێتەوە، سلێمانی لە پارتی تووڕە نییە، بەڵكو لەوە عاجز و تووڕەیە كە پارتی پشتگیریی ئیدارە شكستخواردووەكەی سلێمانی دەكات. لە وەڵامدا پێم راگەیاند، ئێمەش بە كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ ئامادەین، نێچیرڤانم ئاگادار كردەوە كە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر بەشداری گۆڕان بكەن لە حكوومەتدا و بەشداری گۆڕان لە حكوومەتدا هەنگاوێكی باش و بەجێیە.
ئینجا تازە بەتازە میدیا لۆكاڵییەكانی یەكێتی خراونەتە كار بۆ ئەوەی وای پێشان بدەن كە سلێمانی رقی لە پارتی بێت، بەڵام ئەو خەیاڵە هەر بەتاڵە، ئەم مێژووەی كە نەوشیروان مستەفا سەلماندوویەتی و بە سەرۆكی راگەیاندووە ئێستە تۆختر بووەتەوە، خەڵكی سلێمانی چاوەڕێن پارتی بە تەواوی حكومڕانیان بێ تا ئاوەدانی روویان تێ بكات.