ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، بە سەردانێكی چارەنووسساز دەگاتە پەكین و لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆ دەبێتەوە، پرسی گوشاری پەكین لەسەر ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و ڕازیبوون بە مەرجەكانی ئەمەریكا، تەوەرێكی گرنگی گفتوگۆكان دەبێ و بەرپرسانیش دووپات لەوە دەكەنەوە، پەكین لە بەرانبەر ئەوە داوای دەستهەڵگرتنی ئەمەریكا لە یارمەتیدانی تایوان دەكات.
ئەو دیدارە لووتكەیە دەرفەتێكی مێژوویی گەورەیە بۆ دوو گەورەترین ئابووری دنیا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێوەندییە بازرگانییەكانیان، بەڵام بۆ دەسكەوتنی ئەوە لەسەر ترەمپ و شی پێویستە ناكۆكییە ئاڵۆزەكانی بواری تەكنەلۆجیا و بازرگانی و كانزاكان و تایوان وەلا بنێن و دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی چڕ بكەن، كە لە سێبەری گفتوگۆكانیش باس لە جەنگی ئەمەریكا لە دژی ئێران بكرێت.
نزیكەی 10 ساڵە هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا سەردانی چینی نەكردووە و ئەو سەردانەی ترەمیش لە دۆخێكی تەواو جیاوازدایە، ئێستە ترەمپ و شی لە دوو لایەنی جیاوازن لە ناو دیمەنێكی جیۆپۆلەتیكی تێكشكاودا، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی ململانێكان لەگەڵ ئێران كە هاوپەیمانێكی نزیكی چینە و سەركێشی دەكا و بە داواكانی ئەمەریكا بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ ڕازی نابێت.
هاوكات چین گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی زیانی زۆری لە گەڕی یەكەمی جەنگی بازرگانی و تەكنەلۆجی ئەمەریكا دژی بە وڵاتەكەی پێگەیشتن، ئێستە تواناكانی هەناردەكردنی پێشخستووە و خۆی كردووە بە هێزێكی تەكنەلۆجی پێشكەوتوو لە دنیا.
ترەمپ لەگەڵ شی كۆ دەبێتەوە كە دەستی بەسەر دەسەڵاتی چین تا كۆتایی تەمەنیدا گرتووە، بەڵام سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا دوا خولی سەرۆكایەتییەكەیەتی و پەكین دەیەوێ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرانبەر بە وڵاتەكەی بهێنێتەدی.
ویستی لە پێشینی ئەم دوو پیاوە بەر لە كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكە، بریتییە لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ دینامیكیەتی ئاڵنگارییە گشتییەكان، نەك تەنیا پێوەندیی دوو وڵاتی زلهێز و بەهێزترین ئابووری لە دنیا، بەڵكو لەسەر ئاستی سیستمی نێودەوڵەتی كە پێوەندی تۆكمە لەو ڕووەوە بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە.
ترەمپ چیی لە پەكین دەوێ؟
بۆ ترەمپ ئەو گەشتە شتێك نییە كە وێنای بكات، بەڵكو شتێكە بەدەستی هێناوە، كۆبوونەوەیەكی مێژوویی لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە كۆریای باشوور، گرژییەكانی نێوان ترەمپ و شی كەم كردەوە و گەیشتن بە ڕێككەوتنی زارەكی تا دواتر ڕێككەوتنی بازرگانی گەورە و كەمكردنەوەی باجی گومرگی لەلایەن ئەمەریكاوە بەدواوەی بێت.
چاوەڕوان دەكرا دیداری لووتكەی هەردوو وڵات لە مانگی ئادار/مارس ئەنجام بدرێ و دۆسیەی سەرەكیش ئابووری و بازرگانی و ئاسایشی نەتەوەیی بێت، هاوكات پلان بۆ ڕێككەوتنی بازرگانی نوێ داڕێژراوە، بەڵام جەنگی ئەمەریكا دژی ئێران ستراتیجی ترەمپی ئاڵۆز كرد، نەیویست لەو كاتەی كە لە ئێران دەدات سەردانی چین بكات، بۆیە گەشتەكەی دواخست تا كاتێكی گونجاوی هەبێت بۆ جەنگ.
ترەمپ پێشتر گوتی، جەنگەكە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، بەڵام ئێستە پێی ناوەتە سێیەم مانگەوە و تا ئێستەیش ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی دوورە، دوێنێش گوتی، ئاگربەست لە لێواری هەرەس و لە ژووری چاودێری چڕدایە و هەڕەشەی دەستكردنەوە بە بۆردمانەكان بۆ سەر ئێران لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریكا دووپاتی لێكدرایەوە.
ئێستە لە سەروبەندی تەنگژەی وزە لە دنیا، پرسیاری كرۆكی گرنگ هاتوونەتە پێشەوە لەبارەی ئەوەی ئەگەری توانینی ترەمپ لە دەسكەوتنی ئەوەی دەیەوێت، بۆ رزگاربوون لەو دۆخەی كە لە ناو ململانێكان نقوم بووە.
چاوەڕوان دەكرێ دۆسیەی جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئێران باڵ بەسەر كۆبوونەوەكە بكێشێت، ترەمپ بۆ سی ئێن ئێن پێشتر گوتی، بە ڕژدی بیر لەوە دەكاتەوە كە هەڵمەتێكی گەورەی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدات، هاوكات ئەوەیشی خستە ڕوو كە پلانی ئەوەی هەیە گفتوگۆیەكی دوور و درێژ لەبارەی ئێران لەگەڵ شی جین پینگ بكات.
لە وەڵامی پرسیاری ئەلینا ترینی نێردراوی
سی ئێن ئێن لەبارەی ناوەڕۆكی پەیامی بۆ سەرۆكی چین و گفتوگۆكان لەبارەی ئێران، ترەمپ گوتی، لەو باوەڕەدام كە بەشێوەیەكی ڕێژەیی باش دەبێت، ئەگەر بمەوێ لەگەڵت بە ڕاشكاوی بدوێم، بڕواننە گەمارۆكەمان كێشە نییە، ئەوان نەوتی زۆریان لەو ناوچەیە دەست دەكەوێ و رووبەڕووی كێشە نابنەوە، ئەو هاوڕێیەكی منە.
بەڵام داخستنی گەرووی هورمز ئاڵنگاری گەورەی بۆ چین دروست كردووە كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتی ئێرانە، جیا لەوەی زۆر لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ئەمەریكایش لە ئاسیا رووبەڕووی هەمان گرفت بووەتەوە.
سەردانەكەی ترەمپ بۆ پەكین، چەند ڕۆژێك دوای سەردانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەكین دێت، هەواڵگریی ئەمەریكا پێشتر دووپاتی كردەوە،كە چین ئامادەكاری دەكات تا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی نوێ بە ئێران بدات، بەڵام پەكین ئەو زانیارییانەی بە تەواوی ڕەت كردەوە.
پێشبینی دەكرێ ترەمپ هانی شی بدات تا گوشار لەسەر تاران دروست بكات و گەرووی هورمز بكرێتەوە، جیا لەوەی دەیەوێ لە ڕێگەی گوشاری چین، تاران بە مەرجەكانی واشنتن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن ڕازی بكات. بەرپرسێكی ئەمەریكیش دووپاتی لەوە كردەوە و گوتی، پێشبینی دەكەم كە سەرۆك گوشار لەسەر چین بۆ ئەو كارە دروست بكات.
بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكایش بە نیگەرانییەوە لە دیداری لووتكەكە دەڕوانن، چونكە ترەمپ دەچێتە ناو كۆبوونەوەیەك، كە شی جین پینگ كارتی گوشاری زیاتری بەدەستەوەیە و سەرۆكی چین ئەو كارتی گوشارە بە ئەگەری زۆرەوە بەكار دەهێنێت، بۆ دۆسیەی تایوان.
ترەمپ پێشوەخت بۆ ڕۆژنامەوانان لەبارەی ئەو خواستەی پەكین قسەی كرد و گوتی، من كاریگەریی گەورە لەسەر دۆسیەی تایوان دروست دەكەم، بەجۆرێك پێشتر ئەمە ڕووی نەدابێت، بەرپرسانی ئەمەریكا ترسی ئەوەیان هەیە كە شی جین پینگ ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە ، مەرجی كەمكردنەوەی ناردنی چەك و پشتیوانی سەربازی لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ تایوان بسەپێنێت.
سەرۆكی ئەمەریكایش لەبارەی بەردەوامی ئەمەریكا بە فرۆشتنی چەك بە تایوان گوتی، لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك شی دەكەم، ئەو خواستی لەسەر ئەوە نییە و ئێمەیش گفتوگۆی لەسەر دەكەین. بەڵام بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، چاوەڕوانی ئەوە ناكەن سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرانبەر بە تایوان گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
شی چیی لە واشنتن دەوێت؟
ئەوە ڕوونە كە چین هەژموونی بەهێزی هەیە بەر لەوەی گفتوگۆكان دەست پێ بكەن، پەكین بە ڕوونی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران و نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمەریكا دەبینێ، ئەمە وەك دەرفەتێكی نایاب بۆ سوودوەرگرتن دەقۆزێتەوە.
ویستی لە پێشینەی چین بەهێزكردنی ئاگربەستی جەنگی بازرگانییە كە لە كۆریای باشوور پێی گەیشتن، لە بەرانبەردا پەكین ئامادەیە ڕەگەزە خاكییەكان لە كانزای ناوازە و دەگمەن بنێرێتە واشنتن. لە بەرانبەردا داوای كەمكردنەوەی كۆتوبەند و سزاكان لەسەر هەناردەی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو بۆ دەرەوە و ئەمەریكا دەكات.
دۆسیەیەكی تری سەرەكی بەلای پەكین، گوشار خستنە سەر واشنتن بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانی بەرانبەر تایوان، دەیەوێ پشتیوانی نەكردنی ئەمەریكا لە سەربەخۆیی تایوان بۆ بەرهەڵستیكردن بگۆڕێت و فرۆشتنی چەك بەو دوورگەیە كەم بكاتەوە، واشنتن ڕێگە بدات كە كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەستیان بگاتە بازاڕەكانی ئەمەریكا و لە لیستی ڕەش ناویان دەربهێنرێت.