گەنجترین وەزیری عێراق بەرپرسیاری ئاڵۆزترین تەنگژەی وڵاتی خراوەتە ئەستۆ

:: AM:10:30:16/05/2026 ‌
عەلی وەهیب سەیهوودی تەمەن 38 ساڵ وەك وەزیری نوێی كارەبای عێراق، لە بەردەم بەرپرسیاریەتیی چارەسەركردنی ئاڵۆزترین تەنگژەی خزمەتگوزارییە لە عێراقدا، ئەویش تەنگژەی نەبوونی كارەبایە كە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو حكوومەتەكان پارەی زەبەلاحی تێدا خەرج دەكەن و ناتوانن چارەسەری بكەن.

ڕۆژنامەی "العرب"ی لەندەنی ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، زۆربەی حكوومەتەكانی ڕابردوو بەڵێنیان دا و هەوڵی چارەسەركردنی ئەو تەنگژە ئاڵۆزەیان دا، بەڵام دواجار شكستیان لە كۆتاهێنان بەو تەنگژەیە هێنا، چونكە لە كاتی جێبەجێكردنی هەوڵەكان بۆ چارسەرەكردنی، ڕووبەڕووی كۆسپ و كێشەی زۆر بوونەوە كە سروشتێكی سیاسییان هەبوو، نەك كێشەی تەكنیكی و نەبوونی توانا، چونكە عێراق وڵاتێكی نەوتییە و وزەی زۆرە تا وێستگەكانی كارەبا بەگەڕ بخات، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش نەیتوانیوە ئەو دۆسیەیە یەكلا بكاتەوە.

سەیهوود لەلایەن هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بۆ پۆستی وەزیری كارەبا لە ناو 24 وەزیرەكەی حكوومەتی زەیدی متمانەی پێ درا، ئەو گەنجە خاوەن ئەزموونە لە بواری وزە، بەهۆی ئەوەی كاری لە دامەزراوەكانی باوكی كە سەرمایەدارێكی چالاك بووە كردووە، كە بەشێك لە كارەكانی باوكی لە بواری وزە بووە.

لە سی ڤی ئەو وەزیرە لێهاتووی و ڕێكخراوەیی لە كاركردن هاتووە، ئەو جۆرە سیفەتانە سوودبەخش و پێویستن بۆ چارەسەری تەنگژەی كارەبا، ئەمە ئەگەر تەنگژەی كارەبا تەنیا بەهۆی گرفت و كێشەی تەكنیكی و لۆجستییەوە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاسییە پێویستی بەوەیە شارەزایی لە سیاسەت و زانیاری لەبارەی هاوسەنگی هێز و حوكمكردن لە وڵات و ململانێی هەژموون هەبێت، كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە دۆسیەی كارەباوە هەیە.

كێشەكە پێوەستە بە هێزە جێبەجێكارە باڵادەست و شاراوەكان لە ناو جومگەكانی دەوڵەتی عێراق كە خاوەنی پێوەندی تۆكمەن لەگەڵ ئێران، چەندان ساڵە ڕێ لە جێبەجێكردنی پرۆژەی زەبەلاح و ڕێوشوێنی پێویست دەگرن، بۆ دەستەبەركردنی كارەبا بۆ تەواوی عێراقییەكان لە 24 سەعاتدا. هۆكاری ڕێگرتنی هێزە باڵادەستەكانی نزیك لە ئێرانیش بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی كارەبا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، عێراق لە دۆخی پێویستی بەردەوام بە كڕینی غاز لە ئێران بهێڵنەوە. چونكە عێراق بە دراوی دۆلار غاز لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكڕێ، ئەمەیش دەرفەتێكی گەورەیە لە بەردەم تاران تا لە پەراوێزی سزا قورس و توندەكان كە لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتەسەری، بڕێكی زۆر دۆلاری دەست بكەوێت.

یەكێك لە چارەسەر گرنگ و خێراكان بۆ دەسكەوتنی غاز، وەرگرتنی غازی دەرچووە لە بیرە نەوتەكان كە بە هەوا بڵاو دەبێتەوە و دەسووتێت، بەڵام لەبری ئەوە دەتوانرێ سوودی لێ وەربگیرێت و كۆتایی بە تەنگژەی كارەبا لە عێراق بهێنێت.

لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی وەزیری كارەبا لەلایەن ئەو گەنجەوە وەرزی هاوین لە عێراق دەست پێ دەكات، ئەمەیش ئەركی سەرشانی هێندەی تر قورس دەكات، خەڵكی عێراق لەو وەرزە ناڕەزایی و خۆپێشاندانی بەردەوام ئەنجام دەدەن، بەهۆی كەمی كارەبا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و نەبوونی كارەبا بۆ فێنككەرەوەكان، ئەمەیش لە كاتێكدایە كارەبایەكی زۆر لە دامەزراوەكانی حكوومەت و بارەگاكان بەكار دەبرێت. 

ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی تر، بەهۆی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران و بۆردمانكردنی زۆری ئێران، ئەگەری زۆرە گەیشتنی غازی ئێرانیش بۆ عێراق بوەستێت، پێشتر  ئێران بە فەرمی ڕەوانەكردنی غازی بۆ عێراق وەستاند، بەهۆی پێویستی لە ناوخۆی وڵاتدا، بۆیە ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی پێشوو كە بەغدا غازی بە پارەیەكی زۆر لە ئێران دەكڕی، تا وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێی غازەوە بەردەوام بن لە كاركردن، كەچی ئەمساڵ ئەمەیشی لە دەست داوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ سەعاتەكانی پێدانەوەی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان كەمتر دەبێت.

لە ساڵانی ڕابردوو هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، شەپۆلی گەورەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییان دژی كەمی و نەبوونی كارەبا ئەنجام داوە و یەكێك لە داوا سەرەكییەكانی خۆپێشاندەرانیش ئەوە بووە، چیتر پشت بە هاوردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێی غازەوە نەبەستێت و وەبەرهێنان لە غازی بەرهەمهاتوو بكات، كە لە بیرە نەوتییەكان بە هەوا بڵاو دەبنەوە و دەسووتێن.

هەروەها یەكێكی تر لە داواكارییەكان نوێكردنەوەی تۆڕی گواستنەوەی كارەبا بوو لە عێراق كە بە تەواوی ماندوو و پەككەوتە بووە، بەڵام ئەو جۆرە داواكاری و پێشنیازانەی هاووڵاتییان هیچ دەرچەیەكی لەلایەن حكوومەت بۆ نەكرایەوە، تا بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە و هەنگاوی پێویست لەوبارەوە بنرێت، كێشەی سەرەكی لە بەردەم حكوومەتەكانی عێراق بوونی حزب و گرووپی چەكداری شیعەی سەر بە ئێرانن، كە سوورن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق و هەژموونی خۆیان بەكار دەهێنن، تا رێ لە حكوومەتەكان بگرن وەبەرهێنان لە كەرتی غازی عێراق بكات و چیتر پێویستی بە هاوردەكردنی غاز لە ئێران نەمێنێت.

ڕەخنەگرانی سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراق لە بواری وزەی كارەبا دەڵێن، كەسایەتییە باڵادەستەكان لە ناو حزب و گرووپە چەكدارە شیعەكان، كۆسپ و تەگەرەیان خستووەتە بەردەم حكوومەتەكان و بە بیانووی بێ سوودی و زۆری بڕی تێچوون، ڕێگەیان نەداوە ئەو پڕۆژانە وەبەرهێنانیان تێدا بكرێ، لە كاتێكدا ئامانجی نهێنی و راستەقینەیان هێشتنەوەی عێراق بووە لەو دۆخە تا پێویستی بە هاوردەكردنی غاز بێت لە ئێران، ئەمەیش دواتر لەلایەن ئەو گرووپ و حزبانەوە وەك چەكێك دژی حكوومەتی عێراق بەكار هێنراوە كە ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكەن، ئەوا غازی هاوردەكراو لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەوەستێنن، ئەمەیش پەستانێكی گەورە لەسەر حكوومەتی عێراق دروست دەكات، چونكە خەڵكی دەست بە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەكەن.

یەكێكی تر لە هۆكارەكان كە بارگرانی لەسەر شانی ئەو وەزیرە گەنجە دروست دەكات، كارەبا و غاز یەكێكە لەو دۆسیانەی كە ململانێی قورس لە نێوان ئێران و ئەمەریكای لەسەر هەیە، بە بەردەوامی واشنتن هۆشداریی بەزەیدی دەدات كە هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە دەسەڵات دوور بخاتەوە، بەغدا پێویستە پشت بەخۆی ببەستێت و چیتر غاز لە ئێران هاوردە نەكات و بە دۆلار پارەی بە تاران بدات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د