ڕۆژنامەی
تەلەگرافی بەریتانی بڵاوی كردەوە، لە سەروبەندی جەنگی 40 ڕۆژە لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، واشنتن گوشاری خستووەتە سەر ئیمارات و هانی داوە، ڕۆڵی فرەوانتر لە جەنگەكە ببینێت و هێزی وشكایی خۆی ڕەوانە بكات و دوورگەیەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوەكانی كەنداو بگرێت.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە 16ی ئادار/مارس لەوكاتەی بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامیان هەبوو، فڕۆكەیەكی ئایرباس جۆری ئەی 350 ی سەربە هێڵی فڕۆكەوانی ئیمارات لە دوبەی نیشتووەتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدا بوو كە ئێران بەردەوام بوو لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەكان و فڕۆكەخانەكانی ئیمارات.
ئەو فڕۆكەیە هەڵگری دوو بەرپرسی ئەمەریكی لە حكوومەتی ئێستەی ترەمپ بووە و دوای گەیشتنیان، لەگەڵ سەرانی ئیمارات كۆبوونەتەوە و هانیان داوە كە ڕۆڵی ئیمارات لە جەنگ فراوانتر بكرێت و لێكۆڵینەوە و ئامادەكاری بكات بۆ دەستگرتن بەسەر دوورگەیەكی سەر بە ئێران لە ناو كەنداودا.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەشێك لە كەسە نزیكەكانی ترەمپ ئەو بیرۆكەیان خستووەتە بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا و بە باشیان زانیوە، بێ بەشداریی هێزی وشكایی ئەمەریكا و بە هێزی سەربازی ئیمارات هەوڵی دەستگرتن بەسەر دوورگەی "لاوان"ی ئێران لە كەنداو بدات، لە ئاسمانیشەوە ئەمەریكا بە چڕی بۆردمانی هێزەكانی ئێران لەسەر دوورگەكە بكات.
ئەو پلانە بەشی یەكەمی خرایە بواری جێبەجێكردنەوە و لە سەرەتای مانگی نیسان/ئەپریل فڕۆكە جەنگییەكان بە چڕی بۆردمانی دوورگەكەیان كرد، بەو ئامانجەی دواتر هێزی سەربازی ئیمارات جووڵە بكەن و دوورگەكە داگیر بكەن، بەڵام دواتر ئیمارات ئەو هەنگاوەی نەنا و ئەو ریسكە گەورەیەی نەكرد.
بەرپرسانی ئەمەریكا بە ئیماراتییەكانیان گوتووە، بڕۆن بەدەستی بهێنن و داگیری بكەن، وەك ئاماژەیەك بەوەی كە دەبێ هێزە چەكدارەكانی ئیمارات بەو ئەركە هەستن و هێزی ئەمەریكی لەو ئۆپراسیۆنە بەشداری ناكات.
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە كە پێشتریش دووپات لەوە كرایەوە، ئیمارات بە فڕۆكەی جەنگی بە نهێنی بۆردمانی ئێرانی كردووە، هاوكات سەرۆكی هەواڵگریی ئیسرائیل و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتی جەنگ سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە.
شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە، بۆردمان و هێرشە چڕەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو یەكێك بووە لە هۆكارەكانی دووبارە چاوخشاندنەوە بە پلانەكان و پەلامارنەدانی ڕاستەوخۆی ئێران و دوورگەكانی لەلایەن ئیماراتەوە.
لە جەنگی دژ بە ئێران، ئیمارات گەورەترین زیانی بەركەوتو زۆرترین هێرشی لەلایەن ئێرانەوە كرایەسەر، بەشێوەیەكی گشتی دوو هەزار و 800 مووشەك و درۆن لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەوە ئاراستەی ئیمارات كران. لە ئەنجامی ئەو جەنگەیش پێوەندییەكانی ئیمارات لەگەڵ واشنتن و تەلەئبیب گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام پێوەندی ئیمارات لەگەڵ وڵاتانی كەنداو جۆرێك لە ساردی تێدا دروست بووە. بە تایبەت لە نێوان سعوودیە و ئیمارات كە بۆشایی پێوەندییەكانیان ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت، لەبری ئەوەی لە یەكتر نزیك ببنەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئیمارات لە ڕێكخراوی ئۆپێك كشایەوە، ئەمەیش بە بڕوای چاودێران وەستانەوەیەكی ڕوون بوو دژی هەوڵەكانی سعوودیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ڕێكخراوە.
بابەرا لیڤ باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە ئیمارات دەڵێ، لایەنەكانی بەشدار لە جەنگ بە روونی لە دۆخەكەیان دەڕوانی، تا دۆست و دوژمن لە یەكتر جیا بكەنەوە، ئەمە وایكردووە هاوپەیمانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بكرێت.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە سەرەتای جەنگ، ئیمارات هانی سعوودیە و قەتەری داوە كە بەشداری لە ئۆپراسیۆنەكان دژی ئێران بكەن و ئامانجەكان لە ناو خاكی ئێران بپێكن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بەدەم خواستەكانی ئیماراتەوە نەهاتوون.
لە بەرانبەر ئەو دابەشبوونی لە نێوان وڵاتانی كەنداو دروست بووە، ئیسرائیل توانیویەتی هاریكاری بەرگری لەگەڵ ئیمارات زۆر باشتر و بەهێز بكات، بەتایبەت بەهۆی ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی "گومەزی ئاسنین"ی ئیسرائیل، كە تا ئێستە تەلئەبیب ئامادە نییە ئەو سیستمە ڕەوانەی وڵاتانی تر بكات، تەنیا ئەگەر وڵاتێك ئەو سیستمە وەردەگرێ كە پێوەندی زۆر تۆكمە و بەهێزی لەگەڵی هەبێت، ناردنیشی بۆ ئیمارات دەرخەری ئەوەیە كە پێوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە لە بەرزترین ئاستدایە.
ئێران ئاگاداری ئەو زانیارییانە بوو، بۆیە ئیماراتی بە هاوبەشی كردە دوژمنكارییەكان ناوبرد، سەرەڕای ئەوەی ئەبوزەبی ئەو داوایەی ڕەت كردووەتەوە، بەڵام هێمای بۆ ئەوە كرد كە مافی وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێكی هەیە. لێكۆلەران دەڵێن، جەنگ دژی ئێران میحوەرێكی نوێی لە ناوچەكە دروست كردووە، ئەویش هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئیمارات لەخۆ دەگرێت، ئەو جۆرە پۆلێنكردنەیش ئاسایشی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە و ئیمارات دەخاتە ناو جەرگەی جەنگ و ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران.