گۆڤارێكی ئەمەریكی پێنج سیناریۆ و ئەگەری وەك ڕێڕەوی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە پەراوێزی زیادبوونی ئاماژەكانی هەرەسی دانوستانەكان و ئاگربەست و گەڕانەوەی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی سەربازی لە نێوان هەردوو لایەنی جەنگ بڵاو كردووەتەوە.
گۆڤاری
نیوزویكی ئەمەریكی نووسیویەتی، حكوومەتی ترەمپ بژارەی سەربازیی نوێ بە دوور نازانێت، دوای ئەوەی پرسی زۆر دروستبوون لەسەر ئەوەی كە ئێران سازشی گەورە بۆ دووركەوتنەوە لە جەنگ دەكات؟ یان دووبارە قومار بە ئامرازی كات دەكات و دەیەوێ واشنتن لە ڕووی سیاسی و ئابووری تووشی تەنگژە بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش پێنج سیناریۆ لەلایەن گۆڤارەكەوە خراوەتە ڕوو كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
سیناریۆی یەكەم: دەستكردنەوە بە جەنگ بۆ سەپاندنی ڕێككەوتن بەسەر ئێران
گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەی كردووە، یەكێك لە باشترین سیناریۆكان كە ئێستە ئەگەری ڕوودانی هەیە، گەڕانەوەی ئەمەریكایە بۆ بۆردمانكردن و وەشاندنی گورزی سەربازی لە دژی ئێران، تا ناچاری بكات دواتر بە سازشكردنی گەورەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەكان. ئامانجی كۆشكی سپی لە وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ ئەوەیە كە هانی ئێران بدات و تاران ناچار بكات، سازشی گەورە لە بەرنامەی ناوكی ئێران و ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز بكەن، ئەمەیش بە سەركەوتنێكی ماوە كورتی دیپلۆماسی دەتوانرێ هەژمار بكرێت.
هەڕەشەی ترەمپ بەوەی قورسترین گورز دەوەشێنێتە ئێران، ئەوا تاقیكردنەوەیەكی ڕوونی ڕاستگۆی سیاسەتی دەرەوە و سەربازی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات و بۆردمانەكان ئەنجامی یەكلاكەرەوە بەدەست نەهێنن، سەرەڕای ئەوەی گەیشتن بە ڕێككەوتنی سەرەتایی سنووردار لەبارەی پشكنینی بەرنامەی ناوكی ئێران و ئازادی كەشتیوانی بەهێزە، بەڵام دۆسیەی قورستر بوونیان هەیە، ئەویش هەڵوەشانەوەی بەرنامەی ناوكی ئێرانە بە تەواوەتی كە ئەمە چاوەڕوان دەكرێ بۆ كاتێكی تر دوا بخرێت.
سیناریۆی دووەم: ئێران بەهۆی گوشاری ئابووری پاشەكشە دەكات
یەكێك لە ئارامترین سیناریۆكان بریتییە لەوەی كە ئێران بە مەرجەكانی ئەمەریكا ڕازی دەبێت، بەر لەوەی جەنگ بە فراوانی دەست پێ بكاتەوە و سەرچاوەكان بۆ ڕۆژنامەی نیوزویك دووپات لەوە دەكەنەوە، وڵاتانی ناوەندگیر دەیانەوێ بە جۆرێك ڕێككەوتنەكە دابڕێژن و دەرچەیەك بدۆزنەوە، تا لەم ڕێیەوە تاران سازشی گەورە بنوێنێت، بێ ئەوەی لە ڕووكەش و ئاشكرا ئەمە دیار بێت، سەرەڕای ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت.
گوشارە ئابوورییەكان لەسەر ئێران زیاتر و زۆرتر بوون، لەگەڵ بەردەوامی پەكخستنی هاتوچۆی دەریایی و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی وزە، ئەمە وایكردووە تەنگژەیەكی قووڵ بەرۆكی گرتوون و نرخی وزەیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە، ئەمەیش تەنگژەی ئابووری لە ناوخۆی وڵات زۆر فراوان و قورس دەكات.
لە بەرانبەردا ترەمپ بەهەمانشێوە ڕووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی بووەتەوە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و كاریگەریی داخراوی گەرووی هورمز لەسەر ئابووری ئەمەریكا، بەر لە هەڵبژاردنی نیوەیی كە لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر لە ئەمەریكا ئەنجام دەدرێت، ئەو سیناریۆیە دۆزینەوەی شێوازێكی نووسینی ڕێككەوتنی پێویستە كە هەردوو بانگەشەی دەسكەوتی گەورە بكەن و بە دۆڕاو و شكستخواردوو وێنا نەكرێن.
سێیەم سیناریۆ: جەنگی بەردەوام و ماوەدرێژ
ئەمە نیگەرانترین و نەرێترین سیناریۆیە كە خۆی لە گۆڕانی جەنگی كاتی بۆ جەنگی ماوەدرێژ و پڕ لە خوێن و كوشتن و بڕین دەبێت، بۆردمانەكانی ئەمەریكا و وەڵامەكانی ئێران دووبارە كەشتیوانی لە هورمز و ناوچەكە دەخەنە ناو پشێوییەكی زۆر و ماوەدرێژەوە.
ئێران نایەوێ هاوسەنگی هێزی سەربازی لە نێوان هەردوولا دروست ببێت، بۆ ئەوەی زیان بە واشنتن بگەیەنێت، تەنیا ئەوەندی بەسە گەرووی هورمز بە داخراوی یان بە ناسەلامەتی بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی ئابووری دنیا تووشی گرفت و كێشەی گەورە ببێتەوە. ئەو جەنگە ئابوورییە دەبێتە شەڕی ئارامی و خۆڕاگری، ئێران رووبەڕووی وەستانی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە دەبێتەوە، لە بەرانبەردا لە ئەمەریكا نرخی سووتەمەنی و وزە زیاتر دەبێتەوە، دەبێ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەرگەی بگرن و بە نیگەرانییەوە سەیری بەردەوامی تەنگژەكە بكەن.
بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییەكان، دەبێتە هۆی تووڕەیی زیاتری خەڵك لە ناوخۆی ئێران و ئەمەریكا، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ئابووری و سیاسەتی جەنگ وا دەردەكەوێت كە كۆتاییەكی ڕوونی نییە.
سیناریۆی چوارەم: هاتنی وڵاتانی كەنداو بۆ ناو جەنگ بە ئاشكرا
سیناریۆیەكی تری پڕ لە مەترسی، بریتییە لە گۆڕانی وڵاتانی كەنداو لە وڵاتی بێلایەنەوە بۆ لایەنی شەڕكەر و هێرشكەر لە تەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژی ئێران. تێوەگلانی وڵاتانی كەنداو بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە جەنگەكە، دەبێتە هۆی ئەوەی كە رووبەڕووبوونەوەیەكی هەرێمی و ناوچەیی فراوان لە ئێران دروست ببێ و تێچووی مرۆیی و ئابووری زۆر گەورە و زەبەلاح بەخۆیەوە دەبینێت.
دوا سیناریۆ: وەستانی ئاگربەست بە ڕووكەش و جەنگی ناڕاستەوخۆی بەردەوام
لە ئەگەری بڕواهێنانی هەردوولا بەم سیناریۆیە، ئاگربەست بەشێوەیەكی ڕووكەش بوونی دەمێنێت و جەنگی ئابووری و سەربازی كورت لێرە و بەشێوەكەی ناڕاستەوخۆ بەردەوامی دەبێت، لەو دۆخەدا سزاكان و گەمارۆی دەریایی و گرژییەكان لە گەرووی هورمز و هێرشی ئەلیكترۆنی و درۆنەكان بەردەوامیان دەبێت، بێ ئەوەی بە فەرمی جەنگی سەرانسەری لەلایەن هەردوولاوە دژی یەكتر ڕابگەیەنرێت.
ئەو سیناریۆیە بۆ ترەمپ گونجاوترینە، چونكە لەو ڕێگەیەوە ئامرازی گوشاری بەهێزی دەكەوێتە دەست بەرانبەر بە ئێران، بی ئەوەی ناچار ببێت، بێ ئەوەی ناچار بێ بڕیاری یەكلاكەرەوە بۆ جەنگی كراوە لە نێوان هەردوولا بدات. بەڵام ئەو جۆرە دۆخە شاراوە و نەزانراوە، ئەگەری زۆرە بۆ جەنگی هەمیشەیی لە ژێر ناوی ئاگربەستی كاتی و تەنگژەكە بێ ئەوەی لە ڕووی سیاسی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە یەكلا ببێتەوە، زۆر درێژە دەكێشێت.