پترایۆس بۆچی سەردانی بەغدای كرد؟

:: PM:07:27:21/05/2026 ‌

هەفتەی رابردوو دێڤید پترایۆس جەنەراڵی خانەنشینی ئەمەریكی سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی كەوت، بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ئەو نووسراوێكی واشنتنی سەبارەت بە كۆتاهێنان بە چەكی میلیشیاكان داوەتە بەغدا، واشنتن هەوڵی دابڕینی فەرماندەی میلیشیاكان و رادەستكردنی چەكی قورسی میلیشیاكان دەدات، لە بەرانبەر پێداگریی تاران بۆ پلانەكە.

بەرپرسانی عێراق ئاماژە دەكەن كە ئەمەریكا مەرجی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و دابڕینی فەرماندەكانیان و دامەزراندنی چەند ئەفسەرێكی پیشەگەر وەك سەرپەرشتیار لەسەر ژێرخانی حەشدی شەعبی وەك سەرەتایەك بۆ یەكخستنەوەیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق دیاری كردووە ، كە واشنتن بە بەربەستێكی گەورەی لەبەردەم ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دادەنێت.

پترایۆس، كە ئێستە شارەزایەكی سەربەخۆی سەربازییە و راوێژ پێشكەش كۆشكی سپی دەكات، دوای گەڕانەوەی لە بەغدا لە 17ی ئەم مانگە لە سەكۆی "لینكدن"، نووسیویەتی، ئەو گەشبینە بەوەی لە بەغدا گوێبیستی بووە، بەپێی زانیارییەكان، پترایۆس پێنج رۆژ لە بەغدا بووە و چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق كەوتووە، لەوانە فایەق زێدان و عەلی زەیدی و هەیبەت حەلبووسی و كەریم تەمیمی سەرۆكی دەزگەی دژەتیرۆری عێراق و گفتوگۆیان لەسەر چارەنووسی ئەندامانی حەشدی شەعبی كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگەداری عێراقی دەڵێت، كۆبوونەوەكانی پترایۆس لەسەر یەك تەوەر بووە، چاكسازی لە دامەزراوەی سەربازی و كۆتاهێنان بە شێوەی ئێستەی حەشدی شەعبی و تاوتوێكردنی میكانیزمی یەكخستنی ئەندامانی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكان.

چەند سەرچاوەیەكی عێر اقی دووپاتیان كردەوە كە پترایۆس راسپێردراوە بە داڕشتنی پلانێك لە رێگەی تۆم باراك نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا رادەستی كۆشكی سپی بكرێت سەبارەت بە چارەنووسی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان، چەند كەسێكی نزیكیش لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەیان كرد، بڕیارە زەیدی ئەو دۆسیە هەستیارە لە میانی سەردانی چاوەڕوانكراوی بۆ ئەمەریكا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێ بكات.

بەرپرسێكی عێراقی دەڵێت، ئەگەری هەیە وادەی سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن لە دوای جەژنی قوربان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دیاری بكرێت، بەڵام رەنگە ئەو وادەیە بە دۆخی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا كاریگەر بێت، ئەوە لەوكاتەی واشنتن خوازیارە زەیدی بتوانێت حكوومەتەكەی لە دەسەڵاتی ئێران داببڕێت، پێی وایە بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە لایەن حكوومەتەكەی، تاقیكردنەوە بۆ بەردەوامی متمانە و دەست پێكردنەوەی پاڵپشتی بۆ بەغدا، ئەگەرچی ئەو ئەركە ئاسان نییە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە گفتوگۆكانی پترایۆس لە بەغدا ئاماژە دەكات، پترایۆس وەڵامی پرسیاری بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە پاڵپشتیی واشنتن لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە حاڵەتی لێكهەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی نەداوە، بەتایبەتی كە مانەوەی حەشدی شەعبی بۆ سەركردەكانی شیعە لە عێراق پرسێكی چارەنووسسازە و هێڵێكی سوورە و تێپەڕ ناكرێت، ئەگەرچی لە شەڕی دوایی ئێران راستەوخۆ تێوەگلاوە.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی ئەمەریكا و گوشارەكانی لەسەر حكوومەتی عێراق، سەركردەیەكی میلیشیاكان ئاشكرای كرد كە ئێران داوای لەوان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پلانەكانی ئەمەریكا بۆ كۆتاهێنان بە گەورەترین هێزی سەربازی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە، بۆیە ئەگەر هەوڵەكان بۆ لێكهەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەست پێ بكات، فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەوانەی سەرپەرشتیی میلیشیاكان لە عێراق دەكەن، بەربەستی دەخەنە پێشی. 

دوو ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتیان، زۆرینەی سەركردەكانی شیعە بە سەرۆكی حكوومەتی عێراقیان گوتووە كە لەبارەی مەترسیی میلیشیاكانەوە كۆكن، بەڵام چارەسەری ئەوان پێویستی بە گفتوگۆیەكی نیشتمانی و پلانێكی هاندان هەیە، لە چوارچێوەی پلانێكی فرەوانتر كە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف بەشێك بێت لە پلانەكە، بەهۆی هەستیاریی هاوسەنگیی سیاسی و تەناهییەوە.

بەپێی سەرچاوەكان شیعە لەوبارەوە پێشنیازیان بۆ ئەمەریكا كردووە بە رێكخستنی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان لە چوارچێوەی وەزارەتێكی نوێ بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەت، بەڵام ئەمەریكا گوێی بۆ ئەوان نەگرتووە، واتە دامەزراندنی وەزارەتێك بە ناوی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی"، كە تەواوی هێزە تەناهییەكان لەخۆ بگرێت. 

لەوكاتەی شارەزایان پێیان وایە هێرشی دوایی میلیشیاكان بۆ سەر سعوودیە و ئیمارات، بەشێكی پێوەندی شەڕی ئێران و ئەمەریكاوە هەیە و بەشەكەی تری هەوڵێكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێكهەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و رێگرتن لە لاوازكردنی لە عێراق، كەچی سەرچاوەكان پێشبینیان كرد یەكەم قۆناغی پلانی لاوازكردن و لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی لە داهاتوو دەست پێ بكات، لەوانە رادەستكردنی چەكە قورس و ناوەندەكانیان بۆ لایەنێكی تەناهیی عێراقی، بە رێككەوتنی بەغدا و واشنتن. 

هەر یەكەم قۆناغ لادانی ئەو فەرماندە و ئەندامانەی حەشدی شەعبییە كە تۆمەتی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكە لەسەرە و دانای چەند ئەفسەرێكی باڵای عێراقی وەك سەرپەرشتیار لەسەر ژێرخانی سەربازی و حەشدی شەعبی، بۆیە ئێستە ئەو میلیشیایانەی نوێنەرایەتیی سیاسییان لە پەرلەمان هەیە، دوای رادەستكردنی چەكەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆست لە حكوومەتی نوێی عێراق دانوستان دەكەن، بەڵام داوای گەرەنتیی لابردنی ناوەكانیان لە لیستی قەدەغەكراو بۆ بەشداریكردن لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق كردووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل