میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویان كردەوە، تیرۆریستێكی بە ڕەگەز عێراقیی سەربە ئێران، لەلایەن پاسدارانەوە مەشق و ڕاهێنانی پێ كراوە و ئامادە كراوە بۆ كوشتنی ئیڤانكا ترەمپی كچی سەرۆكی ئەمەریكا و هاوسەری جارید كۆشنەری ڕاوێژكاری ترەمپ، ئەمەیش وەك تۆڵەكردنەوەیەك بووە لە ترەمپ بەرانبەر بە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
بەگوێرەی ڕاپۆرت و
زانیارییەكان، محەمەد باقر سەعد داود ساعدی تەمەن 32 ساڵ، كە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە لە توركیا گیرا و گەیەنرایە واشنتن بۆ دادگاییكردن، یەكێك لەو پلانانەی كە مەشق و ڕاهێنانی زۆری لەلایەن پاسدارانەوە لەسەری پێدرابوو، ڕفاندن یان كوشتنی ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو.
ڕۆژنامەی نیویۆرك پۆست لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی گرتنی محەمەد باقر سەعد داود ساعدی، نەخشەی ماڵەكەی ئیڤانكا ترەمپی لە ویلایەتی فلۆریدا پێ بووە و وردەكاریی پلانی كوشتنی ئیڤانكایش لە بەرنامەی كاری ئەو تیرۆریستە بووە.
لەبارەی پاڵنەری پشت ئەو كارە و پەنابردن بۆ كوشتنی ئیڤانكای كچی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پاسداران و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ویستوویانە بەمشێوەیە تۆڵە لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەنەوە، لە پای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كە لە سێی كانوونی دووەم/یەنایەری 2022 لەمیانەی ویلایەتی یەكەمی حوكمی ترەمپ بە مووشەك لە فڕۆكەخانەی بەغدا بۆردمان كرا و كوژرا.
جێگری پاشكۆی سەربازی پێشووی باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمەریكا لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتی لەوە كردووەتەوە، تۆمەتباری گیراو دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە لە تۆڵەی كوشتنی قاسم سلێمانی، خواستی ئەوەی هەبووە كە ئیڤانكای كچی ترەمپ بكوژێت و ئاگر لە دڵی دۆناڵد ترەمپ بەربدات.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، ساعدی هێندە نزیك بووە لە قاسم سلێمانی كە وەك باوكی رۆحیی خۆی تەماشای سلێمانی كردووە و دوای كوشتنی قاسم سلێمانیش، ئەو كە ئەفسەرێكی سوپای پاسداران بووە، خواست و ویستی خۆی بۆ تۆڵەكردنەوە لە ترەمپ بەرانبەر بە كوشتنی باوكی رۆحی ئەو دەربڕیوە، مەشق و ڕاهێنانی چڕی پێ كراوە و بە تەواوی بۆ ئەنجامدانی ئەركەكە ئامادە كراوە.
ساعدی دوای تەواوبوونی مەشق و ڕاهێنانەكان لە ڕێگەی دانانی ئاژانسێكی گەشتیاری، ویستوویەتی خۆی بشارێتەوە و بگاتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و لەوێشەوە پێوەندیی بەو كەسانە بكات كە زانیارییان لەسەر ماڵەكەی ئیڤانكا بۆ كۆ كردووەتەوە و بگاتە شوێنی ماڵەكەی و هێرشەكە ئەنجام بدات.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی نیویۆرك پۆستدا هاتووە، ساعدی لەوكاتەی هەوڵی جێبەجێكردنی پلانەكەی دەدا و چووبووە توركیا تا لەوێوە بگاتە ئەمەریكا، بە تۆمەتی تیرۆر لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە گیرا و تۆمەتی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا خراوەتە پاڵ و لە نیویۆرك دادگەیی دەكرێت.
ڕۆژی هەینی 16 ئایار/مایۆی واتە بەر لە هەفتەیەك، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا "ئێف بی ئای"، كاش باتێل گرتنی محەمەد باقر سەعد داود ساعدی ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ئەو یەكێكە لە بەرپرسە باڵاكانی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق و ئامانجێكی بەهادار و ئاستبەرزە و دەستی لە كردەی تیرۆریستی بە كۆمەڵ لە دنیا هەبووە.
هاوكات دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا دووپاتیان لەوە كردەوە، ساعدی پلانی بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لە ئەوروپا و كەنەدا و ئەمەریكا داناوە، بەلایەنی كەم بەرپرس بووە لە 18 كردەی تیرۆریستی لە ئەوروپا و كەنەدا و ئەمەریكا و زۆربەی هێرشكەكان بۆ سەر پەرستگەی جووەكان لە ئەوروپا و كەنەدا و ئەمەریكا، لەلایەن ئەوەوە فەرمانی ئەنجامدانی بۆ دەركراوە و بەرپرسی ئەو كارە بووە.
ئەمەریكا زانیاری زیاتری لەسەر ئەو سەركردەیەی حزبوڵای عێراقی بڵاو كردەوە و ئاماژەی دا، ئەو لە ڕێگەی كەسانی سیخوڕی سەربەخۆی بە نهێنی وێنە و نەخشەی پەرستگەی سەرەكی جووەكانی لە نیویۆرك پێگەیشتووە، زانیاریی لەسەر دوو دامەزراوەی تری جووەكانیش یەكێك لە لۆس ئەنجلس و ئەوەی تریش لە سكۆتسدیل لە ئەریزۆنا وەرگرتووە و هەوڵی داوە پەلاماریان بدات و هێرشیان بكاتەسەر.
لە ناو هەموو ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی كراون، هەوڵدان بۆ كوشتن و ڕفاندنی ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، یەكێكە لە ناوازەترین تۆمەتەكان و بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیاكان.
ماری ئیڤانكا ترەمپ لە 30ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 1981 لە مانهاتنی نیویۆرك لە دایك بووە، باوكی دۆناڵد ترەمپ و دایكی ئیڤانای یەكەم ژنی دۆناڵد ترەمپ بووە و جێگری سەرۆكی جێبەجێكاری ڕێكخراوی ترەمپە، بە چڕی كار لەسەر بەڕێوەبردنی سامانی ترەمپ لە بواری خانووبەرە و زەویوزار و هۆتێلەكانی لە ئەمەریكا و وڵاتانی تری دنیا دەكات.