سەرۆكی حكوومەتی عێراق عەلی زەیدی لە سەرەتای كابینە وەزارییەكەی، ڕووبەڕووی گوشاری وڵاتانی كەنداو و هەڕەشەكانیان دەبێتەوە، دوای ئەوەی هەریەك لە ئیمارات و سعوودیە دووپاتیان كردەوە، ئەو درۆنانەی هێرشیان كردە سەر ئەو دوو وڵاتە لە عێراقەوە هەڵدرابوون.
لە كاتێكدا بەغدا لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو هێرشانە پێكهێناوە، دووبارە پرسیاری ئەوە هاتووەتە پێشەوە كە حكوومەتی نوێی عێراق، توانای كۆنترۆڵكردنی میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێرانی هەیە، تا رێگەیان لێ بگرێ لەوەی خاكی عێراق بە یەكلاكردنەوەی ململانێكانی ناوچەكە بەكار بهێنن.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بۆ "
ئەلحوڕە" گوتی، وڵاتانی كەنداو بە نیگەرانیی زۆرەوە لە عێراق دەڕوانن، بەهۆی بوونی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق كە خاوەنی درۆن و مووشەكن و دەتوانرێ لە عێراقەوە بهاوێژرێن و بگاتە ئەو وڵاتانە.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی لەوە كردەوە، بەشێك لە وڵاتانی كەنداو بەهۆی نیگەرانی و تووڕەییان لە عێراقەوە، ئێستە پێوەندی بە حكوومەتی عێراق لەسەر ئاستی باڵا ناكەن، بەهۆی ئەوەی حكوومەت بە كەمتەرخەم دەزانن لەوەی بگاتە ئاماجی ڕوون و لێكۆڵینەوەی ورد لەبارەی شوێن و بكەری ئەو هێرشانە بكات.
چوارشەمی ڕابردوو ئیمارات ڕای گەیاند، ئەو درۆنانەی هێرشیان كردە سەر وێستگەی ناوكی بەراكە لە عێراقەوە هەڵدرابوون، داوای لە بەغدا كرد كە ڕێگە لەو هێرشە دوژمنكارییانە بە پەلە بگرێ كە لە ناو خاكی ئەو دەكرێتە سەر وڵاتەكەی، بۆ ئەوەیش پێویستە بە پەلە و بێ هیچ مەرجێك دەست بە هەنگاو بكات.
هاوكات سعوودیە پێشتر دووپاتی كردەوە، سێ درۆن لە خاكی عێراقەوە هەڵدراون و هاتوونەتە ناو ئاسمانی سعوودیە و ڕیاز ڕێوشوێنی پێویستی وەڵامدانەوە تاوتوێ دەكات، بەرانبەر هەر پێشێلكارییەك كە بكرێتە سەر ئاسایش و سەروەری وڵاتەكە.
بەرپرسێكی باڵای عێراق لەوبارەیەوە بۆ "ئەلحوڕە" گوتی، پەیامی وڵاتانی كەنداو بۆ عێراق بە فەرمی و نافەرمی گەیشتووەتە بەغدا و هەڕەشەی هەڵپەساردنی نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی كەنداو لە بەغدا دەدەن، ئەگەر هێرشەكان بەردەوامیان پێ بدرێ و هیچ لێپرسینەوە و سزادانێكی كەسانی بەرپرس لەو هێرشانەی لێ نەكەوێتەوە.
ئەو بەرپرسەی عێراق كە پێشتر پۆستی باڵای هەبووە و پێوەندییەكانی لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو پاراستووە دەڵێ، كشانەوەی نێردە دیپلۆماسییەكان لەلایەن وڵاتانی كەنداو، پچڕانی پێوەندی بەشێوەی كاتی و درێژمەودایش دەبێت، حكوومەتی زەیدی ترسی زۆری لەمە هەیە و دەیەوێ بڕوا بە سعوودیە و ئیمارات بهێنێت، زۆر ڕژدە بۆ مامەڵەكردن و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە.
پێنجشەمی ڕابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە، فەرمانی بە لێكۆڵینەوە و دەخستنی سەرەداوەكانی هێرش و تاوانی دوژمنكارانە دژ بە سعوودیە و ئیمارات دەركردووە و گرنگیشە كە لێكۆڵینەوەی هاوبەش لەسەر ئەو دۆسیەیە بكرێت، بە ئامانجی گەیشتن بە سەرجەم بەڵگەكان و سەلماندنی ئەوەی ئەو دەستدرێژییانە لەسەر خاكی عێراق ئەنجام دراون، تا لە بەرانبەردا بەغدا ڕێوشوێنی ئەمنی و یاسایی بەرانبەر بەو دۆسیەیە بگرێتەبەر.
لە كاتێكدایە ڕیاز و ئەبوزەبی دووپات لەوە دەكەنەوە كە درۆنەكان لە خاكی عێراقەوە هەڵدراون، بەڵام لایەنەكانی عێراق ڕەتی دەكەنەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، بەڵگەی پێویست و یەكلاكەرەوە بەردەست نییە تا ئەو مشتومڕە كۆتایی پێ بهێنرێت.
یاسر ئەسكەندەر وەتووت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، سعوودیە و ئیمارات تا ئێستە هیچ زانیارییەكی فەرمییان نەناردووە كە پشتڕاستی ئەوە بكاتەوە درۆنەكان لە عێراقەوە هەڵدراون.
زیاتر گوتی، بەغدا چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو دۆسیەیە دەكات و بە پێویستیشی دەزانێ ئەو دوو وڵاتەی بە ئامانج گیراون، بەشێوەی ڕاستەوخۆ هاریكاریی بەغدا بكەن بەر لەوەی هەر بڕیارێكی كۆتایی بدەن، بڕیاری حكوومەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە توند و سوورە دژ بە هەر لایەنێك بیەوێ كارتەكان تێكەڵ بكات و ئاسایشی وڵات بشێوێنێت، لە ناو دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەت بن یان لە دەرەوەی ئەمە قبووڵكراو نییە.
پێشتر قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەلحوڕە ڕای گەیاند، وڵاتانی كەنداو چەندان جار دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە لە ناو خاكی عێراقەوە هێرشیان دەكرێتەسەر، بەڵام تا ئێستە هیچ بەڵگەیەكی ڕوونیان لەوبارەیەوە پێشان نەداوە.
ئەو دۆسیەیە پرسیاری زۆری لەبارەی داهاتووی پێوەندییەكانی بەغدا بە وڵاتانی كەنداو هێناوەتە كایەوە، پێوەست كراوە بە توانای حكوومەتی نوێ لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و كۆكردنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت، ڕێگرتن لە گرووپە چەكدارەكان لە جووڵەكردن لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەكان.
ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی وای دەبینێت كە ئەو لایەنانەی دەیانەوێ ئاڵنگاریی ڕاستەوخۆ بۆ عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەت دروست بكەن، لە پشتیانەوە پەیامێكی ڕوونیان هەیە، ئەویش شەرمەزاركردنی حكوومەتی نوێ و ڕێگرتنە لەوەی كە دەست بە دروستكردنی پێوەندی و پتەو و تۆكمە لەوبارەیەوە بدات.
زیاتر گوتی، سەرەڕای بەڵێن و سووربوونی زەیدی لە وەستانەوە دژی میلیشیاكان، بەڵام بەشێكیان تا ئێستەیش سوورن لەسەر ئەوەی بیسەلمێنن كە خاوەنی ڕاستەقینەی بڕیاری خۆیانن لەبارەی جەنگ و ئاشتی لە ناوخۆی عێراق.
لەلایەكی ترەوە عاید مەناع سیاسی و ئەكادیمستی كوێتی دەڵێ، حكوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی تەواوی هەر هێرشێكی دەكەوێتە ئەستۆ كە لە ناو خاكی عێراقەوە بكرێتە سەر وڵاتانی ناوچەكە، مافی هەر دەوڵەتێكە كە بەرگریی لە خۆی بكات و بەرهەڵستی هێرشەكان بكات و بەڕووی ئەو گرووپانە بوەستێتەوە كە بە فەرمانی سوپای پاسداران جووڵە دەكەن. ئەگەر حكوومەتی بەغدا بەسەر ئەو گرووپانە زاڵ نییە، پێویستە بە ڕوونی ئەوە ڕابگەیەنێت.
زیاتر گوتی، زەیدی ئێستە لە ناوخۆ و دەرەوە وەك سەرۆكی حكوومەت قبووڵكراوە، بۆیە لەسەریەتی هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بنێت و بە كردەیی بیانخاتە بوارەی جێبەجێكردنەوە.