پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ 23 رەشنووسی یاسا كردووە، روانگەی ئیكۆی عێراق دەڵێت، ئەو یاسایانە خەرجیی گشتییان زیاتر كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئایار، روانگەی ئیكۆی عێراق رای گەیاند، پەرلەمان لە ماوەی وەرزی یاسادانانەكەیدا كە لەگەڵ پشووی جەژندا كۆتایی دێت، خوێندنەوەی بۆ 23 رەشنووسی یاسا كردووە كە بەسەر لیژنە جیاوازەكاندا دابەش بوون.
روانگەكە روونی كردەوە، نزیكەی 70%ی ئەم رەشنووسانە بێكاریی شاراوە زیاد دەكات، لە رێگەی دروستكردنی دەستە و ئەنجوومەنی نوێوە كە هەندێكیان بە وەزارەتەكانەوە بەستراونەتەوە، هەندێكیشیان راستەوخۆ نەبەستراونەتەوە.
روانگەی ئیكۆ عێراق دەڵێت، ئەم رەشنووسانە زیادبوونی خەرجیی گشتیش لەخۆ دەگرن لە رێگەی دامەزراندنی سندووقی كارپێكردن كە لە پارەی دەوڵەت تەمویل دەكرێن، یان بەخشینی دەرماڵەی دارایی زیادە بە فەرمانبەران.
روونی كردووەتەوە، لە نێوان پڕۆژەیاسا پێشكەشكراوەكاندا، پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەیە، ئەمە جیا لە تەرخانكردنی پارە بۆ تێچووەكانی پێوەست بە دروستكردنی سەربازگەكان و دابینكردنی بژێوی و گواستنەوە، خەرجی گشتی لە چەندان ئاستدا زیاتر دەكات.
لەبارەی پڕۆژەیاسای دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی، روانگەی ئیكۆ عێراق باسی لەوە كردووە، یەكێك لە مادەكانی پڕۆژەكە بڕیار دەدات بە بەخشینی دەرماڵەیەك بە كارمەندانی دەستەكە، كە رەنگە بگاتە 200%ی مووچەی بنەڕەتی، ئەمەش بارگرانییەكی زیادەیە لەسەر خەرجیی گشتی.
هەروەها رای گەیاندووە، پڕۆژەیاساكە دەسەڵات و ئیمتیازەكانی بە پلەی وەزیر دەبەخشێتە سەرۆكی دەستەكە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجیی گشتی بۆ دابینكردنی مووچە، پاسەوان و دەرماڵەی نووسینگەكان، جگە لەوەی یاساكە كردنەوەی نووسینگە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقی لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ئەوەی كە پێویستی بە تەرخانكردنی دارایی هەیە بۆ خانووبەرە، ئامادەكاری و شاندەكان.
لەبارەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو، ئاشكرای كردووە، دەقی یاسای پێشنیازكراو دەڵێت، دەبێت بودجەیەكی سەربەخۆ بۆ ئەنجوومەنەكە تەرخان بكرێت كە داهات و خەرجییەكان لەخۆ بگرێت، ئەمەش دیسانەوە بارگرانییەكی دارایی نوێ دەخاتە سەر بودجەی گشتیی دەوڵەت.