لەوانەیە سەرۆكی ئەمەریكا لە هەموو ئەو جەنگانەی بەرپای كردووە سەركەوتوو بێت، بەڵام دوای سێ مانگ لە دەستكردن بە هێرشكردنە سەر ئێران و ئاگربەست و دانوستان و ململانێ و سزا و گەمارۆكان، ئێستە ڕووبەڕووی پرسیارێكی قورس بووەتەوە، ئایا ترەمپ جەنگەكە دەدۆڕێنێت؟
لەگەڵ زاڵبوونی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و ڕەتكردنەوەی سازشكردن لەسەر دۆسیەی بەرنامەی ناوكی و مانەوەی پیاوانی ئاینی لە دەسەڵاتی ئێران، گومانەكان لەبارەی توانای ترەمپ بۆ وەرگێڕانی سەركەوتنە تاكتیكییەكانی سوپای ئەمەریكا بۆ ئەنجامێك كە وێنا و باوەڕی ئەوە دروست بكات، ترەمپ لە ڕووی جیۆپۆلەتیكیشەوە سەركەوتوو بووە، لە بەردەم كێشەی گەورەدان.
بەشێك لە شرۆڤەكان دەڵێن، قسە دووبارەكانی ترەمپ لەبارەی سەركەوتنی تەواوەتی بایەخێكی ئەوتۆی نییە، چونكە هەردوولا لە ناو ڕێی دیپلۆماسییەتی نادڵنیا و هەڕەشە لەیەكتركردنی دووبارە و بەردەوام و ئەنجامدانی گورزی كورت و بەردەوام لە دەریا، هەموو ئەوانە وای لە تاران كردووە بێ هیچ دوودڵییەك وەڵامی ئێران بداتەوە و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر وڵاتانی ناوچەكە بكات.
ترەمپ ئێستە ڕووبەڕووی مەترسی دەرچوونی ئەمەریكا و هاوپەیمانە عەرەبەكانی لە كەنداو لە ململانێكە بووەتەوە، لە كاتێكدا دۆخەكە زۆر خراپە و تارانیش سەرەڕای ئەوەی گورزی گەورەی سەربازی و ئابووری بەركەوتووە، بەڵام بە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ڕێڕەوی تێپەڕینی پێنجیەكی نەوت و غازی دنیا باڵادەستە.
تەنگژەكە كۆتایی نەهاتووە و بەشێك لە شارەزایان دەڵێن، ئەگەری زۆرە ترەمپ دواجار دەرچەیەك بۆ هێشتنەوەی ئاوی ڕووی خۆی بهێڵێتەوە، ئەگەر دانوستانەكان لە بەرژەوەندی ئەو هەنگاو بنێن، بەڵام بەشێكی تر نایشارنەوە كە داهاتوویەكی خراپ لەو دۆسیەیە چاوەڕوانی ترەمپ دەكات.
ئارۆن دەیڤد میلەر دانوستانكاری پێشوو بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوكاتە كە كۆمارییەكان و دیموكراتەكانیش لە حكوومەت بوون دەڵێ: تێپەڕینی سێ مانگ وەك ئەوەیە جەنگ بە جۆرێك نەخشەی بۆ دانراوە كە بەردەوام سەركێشی كورت مەودای دۆناڵد ترەمپ ببێت، تا دواجار ئەمە بۆ شكستی ستراتیجی درێژمەودا دەگۆڕێت.
بۆ ترەمپ ئەمە زۆر گرنگ و تایبەتە، بەهۆی ئەوەی بە هەستیاریی ناسراوە بەوەی بە خێرایی شكست بهێنێت، چونكە ئەو ئەمە بە سەرزەنشتكردن سەیر دەكات، لە تەنگژەی دژ بە ئێرانیش خۆی بە فەرماندەی گشتی بەهێزترین سوپا لە دنیا دەبینێت، كە ڕووبەڕووی هێزێكی پلە دووی دنیا بووەتەوە و لەو باوەڕەیشدایە باڵادەستە.
ئەو تەنگەبەرە وا لە ترەمپ دەكات، تا ئێستە پلانێكی ڕوونی بۆ كۆتاهێنان بە تەنگژەكە نییە، زۆرترین مەیلی بۆ ڕەتكردنەوەی هەر یەكلاكردنەوەیەكی كێشەكان بێ لەگەڵ ئێران و وەك ئەوەی پاشەكشە لە بۆچوون و هەڵوێستە توندەكانی و ڕێگەدانی ئێران بە مانەوەی بەرنامەی ناوكی، لە كاتێكدا باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا ڕێی بە ئێران دا خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی بێت لە ساڵی 2015.
ئۆلیڤیا ویلز گوتەبێژی كۆشكی سپی پێشتر بۆ "
رۆیتهرز" دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا دەسكەوتی زۆر و سەرجەم ئامانجە سەربازییەكانی لە ئۆپراسیۆنی داستانی تووڕەیی وێران كردووە، ئێستە سەرۆك ترەمپ سەرجەم كارتەكانی لە بەردەستدایە تا بە حیكمەتەوە تەواوی بژارەكان بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ترەمپ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ویلایەتی دووەمی خۆی بە سنوورداركردنی دەستوەردانی سەربازی ئەمەریكا كە ناپێویستن لە دەرەوە دووپات كردەوە، بەڵام ئێستە ئەمەریكای خستووەتە دۆخێكە كە زیانی هەمیشەیی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا و متمانەپێكردنەوە بە ئەمەریكا لە دەرەوە ئەستەم دەكات.
لە كاتێكدا تەنگژەی ئێستە ئێرانی بە خۆڕاگری هێشتووەتەوە، بەڵام ئەو لە ناوخۆ ڕووبەڕووی گوشار دەبێتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمەریكا و كەمبوونەوەی ئاستی پشتیوانیكردنی لەلایەن خەڵكەوە، دوای ئەوەی گورزی سەربازی لە دژی ئەمەریكا وەشاند و لەلایەن دەنگدەرانەوە ئێستە پشتیوانی ناكرێ، لە كاتێكدا لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی نیوەیی لە ئەمەریكا ساز دەكرێ، پارتی كۆمارییەكان كە ترەمپیش تێیدایە دەیەوێ زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێسی وڵاتەكە جارێكی تر بباتەوە.
دوای تێپەڕینی شەش هەفتە بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەشێك لە شرۆڤەكاران دەڵێن، ترەمپ ڕووبەڕووی بژاری قورس بووەتەوە، یان قبووڵكردنی ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران وەك دەرچەیەك بۆ دەرچوون لە تەنگژەكە، یان بۆردمانكردنەوەی ئێران و درێژكردنەوەی ماوەی جەنگ، ئەوان دەڵێن، بژارەی ئێستەی بەردەستی هێرشكردنەوەیە بۆ سەر ئێران بەشێوەیەكی كورت و سنووردار، ئەگەر دانوستانەكان شكست بهێنن و نەتوانێ لە رێگەی دانوستانەوە بە سەركەوتنێكی گەورە بگات و كۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
دیوێكی تریش لە بژارەكانی بەردەم ترەمپ بوونی هەیە، ئەویش گواستنەوەی سەرنجە بۆ سەر كوبا، چونكە لەو باوەڕەدایە كە بە خێرایی و ئاسانی دەتوانێ بەسەر كوبا سەركەوێت، بۆیە پەلاماری كوبا بدات، بەڵام ئەمە خوێندنەوەی دروستی بۆ نەكراوە و ئاڵنگارییەكی تری گەورەی ترەمپە، وەك ئەوەی یاریدەدەرانی لە قسەكردن لەبارەی ئۆپراسیۆن دژی ئێران قسەیان بۆ كردبوو.
لەگەڵ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە دروستیشی كردووە، پارێزەر و پشتیوانانی ترەمپ هێشتە بوونیان هەیە، ئەلیكساندەر گرای ڕاوێژكاری پێشوو له ویلایەتی یەكەمی ترەمپ و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەمەریكان گلۆبال ستراتجیزد بۆ ڕاوێژی هزری دەڵێ، هەڵمەتی سەرۆك دژی ئێران لە سەروبەندی شكستدایە، بەڵام ئەو گورزە سەربازییە كوشندەیەی لە توانای سەربازی ئێران دراوە، سەركەوتنێكی ستراتیجییە، هاوكات جەنگ ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداوی لە یەكتر نزیك كردەوە و وڵاتانی كەنداویشی لە چین دوورتر خستەوە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە كە چارەنووسی بەرنامەی ناوكی ئێرانە.
سەرەڕای ئەوەی ئاماژەكان بە بێزاری و ڕەشبینی ترەمپ دەركەوتوون، دەستەوەستانە لە زاڵبوون بەسەر شێوازی ململانێكان و هێرشكردنە سەر رەخنەگرانی و تۆمەتباركردنی میدیاكانی وڵاتەكەی بە خیانەتكردن لە نیشتمان.
ترەمپ لەوكاتەی لەگەڵ ئیسرائیل هاتە ناو جەنگەوە، دووپاتی لەوە دەكردەوە كە جەنگ تەنیا شەش هەفتە دەخایەنێت، ئەوكات بنكەی سیاسیی بزووتنەوەكەی "دووبارە مەزنی ئەمەریكا بگەڕێنێنەوە" پشتیوانیان دەكرد، بەڵام دواجار درێژەكێشانی ململانێكان و بەرجەستەنەبوونی سەركەوتنی تەواوەتی ئەمەریكا وایكردووە، زۆرینەی ئەو كۆنگرێسمانانەی پشتیوانیان دەكرد لە بۆچوونەكانیان پاشگەز ببنەوە.
جۆناسان بانیكۆڤ جێگری پێشووی بەرپرسی هەواڵگریی نیشتمانی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، سەرەڕای ئەوەی ئێران گورزی وێرانكەری زۆری پێكەوت، بەڵام دەسەڵاتدارانی وای دەبینن كە ڕزگاربوون لە هێرشی ئەمەریكا و پەیبردن بە زاڵبوون بەسەر هورمز كە بەردەوام پێوەی پابەندن، كاریگەریی گەورە لەسەر تەنگژەكە دروست دەكات.
بانیكۆڤ كە ئێستە لە ناوەندی ئەتلانتیك بۆ توێژینەوە كار دەكات دەڵێ، ئەوان دەتوانن ئەو جۆرە هەژموونە بەرانبەر بە كەمێك سزای ئەمەریكا بەكار بهێنن، چونكە ئێران دڵنیایە لەوەی بەرگەی ژان و ئازاری ئابووری زیاتر لەوەی ترەمپ چاوەڕوانی دەكات.
ئامانجی سەرەكی ترەمپ لەو جەنگە كۆتاهێنان بوو بە توانای ناوكی ئێران، بەڵام ئەمە لە كاتی جەنگ و لە كاتی ئاگربەست و دانوستانەكانیش تا ئێستە بەدی نەهاتووە، هاوكات یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی بەرز لە ئێران كە ئەمەریكا داوی هێنانە دەرەوەی لە ئێران دەكات، بەهەمانشێوە تاران ئامادە نییە بیباتە دەرەوە.
دوو بەرپرسی باڵای ئێران بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرایان كرد، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایسپاردوون كە قبووڵی دەرچوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی بەرز بۆ دەرەوەی ئێران نەكەن، ئەمەیش دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە.
بەشێك لە شیكەرەوانان دەڵێن، جەنگەكە وا لە ئێران دەكات زیاتر مەیلی بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بێ، لەوەی ویستەكانی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی كەم ببێتەوە، چونكە دڵنیایە تەنیا بەم ڕێگەیە و هاوشێوەی كۆریای باكور، دەتوانێ لەسەر پێ بمێنێتەوە.