بەڵگەنامە بازرگانییەكان و تۆماری جووڵەی كەشتییەكان ئەوە دەردەخەن كە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، تۆڕێكی كۆمپانیای لە ئیمارات هەیە، تا لە ڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە كەلوپەلی پێوەندیكردنی ئاسمانی چینی پێشكەوتووی پێ بگات و لە دروستكردنی درۆن و جەنگی ئەلیكترۆنی بەكاریان بهێنێت، ئەم پرۆسەیەیش بە نهێنی لە ڕێگی ئیماراتەوە و بە ڕێگەی دەریایی ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی
بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڕێكی بازرگان و كۆمپانیای هەیە كە لە ناوخۆی ئیمارات كاری بۆ دەكەن و هەوڵی دەستخستنی كەلوپەلی پێویست لە چین دەدەن، ئەمە پرۆسەیەكی زۆر هەستیار و نهێنییە و دوای كڕینی كەلوپەلەكان لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە بە ڕێوشوێنێكی بازرگانی هەرێمی زۆر بە وردی تێدەپەڕێنرێن، تا بازرگان و كۆمپانیاكان خۆیان لە سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بدزنەوە.
بەڵگەنامە بازرگانییەكان دووپات لە سەركەوتنی هێزی ئاسمانیی سەربە سوپای پاسداران بە هاوردەكردنی تەكنەلۆجیای پێوەندی و گەیاندنی سەربازی لە كۆتایی ساڵی 2025، لە ڕێی كۆمپانیایەك كە بارەگای سەرەكی لە ئیماراتە دەكەنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران پێوەندیی لەگەڵ ئیمارات بەو جۆرە باش نییە و لە ئەنجامی شەڕی ئەمدواییەیش زۆرترین هێرشی كردە سەر ئەو وڵاتە.
هەستیاری ئەو دۆسیەیە تەنیا پێوەست نییە بە سروشتی هێنانی ئەو كەرەستانە بۆ ئێران، بەڵكو ئیمارات خۆی لە ڕێی ئەو كەلوپەلانەی لەلایەن كۆمپانیاكانی ناو وڵاتەكەی بۆ ئێران ڕەوانە كراوە، ڕووبەڕووی هێرشی فراوان و گەورە بووەوە، لە ماوەی جەنگی 40 ڕۆژەدا ئێران دوو هەزار و 800 مووشەك و درۆنی ئاراستەی ئیمارات كرد كە بەشێكیان بنكەی سەربازی و ئامانجی مەدەنیشیان كردە ئامانج.
ڕۆژنامەكە ئەوەیشی نووسیوە، ئیمارات سەرەڕای هەڵوێستی توندی دژ بە ئێران، بەڵام چەندان ساڵ ناوەندی سەرەكیی كۆمپانیاكانی ئێران لە دەرەوە بووە، ئەو كۆمپانیایانە سوودیان لە جووڵە و ئازادیی بازرگانی لە ئیمارات وەرگرتووە و وەك دەروازەیەكی لۆجستی گرنگ لە ناوچەكە ئیماراتیان بەكار هێناوە.
كۆمپانیای "تیلیسۆن" كە بنكەی سەرەكی لە ئیمارەتی "رەئیس خەیمە"یە، بارێكی بە قەبارەی 1.8 تۆن لە كەلوپەلی مانگی دەستكردی چینی لە شاری شەنگەهای هێناوە و بە نهێنی گەیاندوویەتییە ئێران، ئەمە پێویستییەكی گەورەیە بۆ دروستكردنی درۆن و پێوەندی و گەیاندنی سەربازی لە سەردەمی جەنگدا.
فاینەنشاڵ تایمز ئەوەیشی نووسیوە، ئەو ئامێرە پێشكەوتووانە درێژیان چوار مەتر و نیو بووە و دروستكراوی كۆمپانیای ستاروینی چینی بوون، ئەو كەلوپەلانە پێوەست دەكرێن بە سیستمی پێوەندیكردنی ئاسمانی زۆر پێشكەوتوو، دەتوانرێ لە پرۆگرامی درۆن و گەیاندنی سەربازی ڕۆڵێكی گەورە بگێڕێت.
بەگوێرەی شیكردنەوەی وێنەی مانگە دەستكردەكان و چاودێری جووڵەی كەشتیوانی، كەشتی ئێرانی ڕاما3 كە ئەو كەلوپەلانەی گواستووەتەوە، داتا و زانیاری كەشتیوانی هەڵخەڵەتێنراوی بەكار هێناوە و ئەو شوێنە ڕاستییەی كە بۆی دەچێت شاردوویەتییەوە، بۆ ئەوەی بێ هیچ كێشەیەك كەلوپەلەكان بگەیەنێتە ئێران.
كەشتیی كۆنتێنەرەكانی چینی "چۆنگ گو ین چوارن" لە مانگی ئاب/ئۆگەستسی 2025 گەیشتە بەندەری جەبەل عەلی، ئەو كۆنتێنەرانەی كە لەسەری بوو، ڕادەستی كەشتی ئێرانی راما 3ی لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری هەمان ساڵ كردووە و كەشتییە ئێرانییەكەیش دوای وەرگرتنی كۆنتێنەرەكان بەرەو كەناراوەكانی ئێران ڕۆیشتووە.
ئاماژەكانی سیستمی چاودێریكردنی كەشتییەكان ئەوەیان دەرخستووە كە كەشتییەكە دوای هاتنی لە كەناراوەكانی عومان گیرساوەتەوە، بەڵام وێنەی مانگە دەستكردەكان ئەوە ڕەت دەكەنەوە و سەلماندوویانە كە كەشتییەكە چووەتە كەناراوەكانی ئێران، ئەوەیش بەو مانایە دێت كە ئێران خاوەنی تەكنەلۆجیای پێشكەوتووە و دەتوانێ ڕێڕەوی كەشتییە دەریاییەكانی بشارێتەوە.
وێنەی گیراوی مانگە دەستكردەكان لە 29ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2025 ئەوە دەردەخەن، كەشتی راما3ی ئێرانی لە بەندەری شەهید رەجائی لە بەندەر عەباس گیرساوەتەوە، ئەوەیش لە بەڵگەنامەكان تۆمار كراوە و وەك دوا وێستگەی گەشتەكەی كەشتی راما3ی ئێرانی ئاماژەی بۆ كراوە.
كۆمپانیای تیلیسۆن ئەو كەلوپەلانەی بە نوێنەرایەتی كۆمپانیای پێوەندییەكانی ئێران "ئەی ئێف كەی" كڕیوە و وەریگرتووە، ئەمەیش لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی پێوەست بە گرووپی "سامان"ی پیشەسازی ئێران بووە، كە ئەمەی دواییان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە لە 2023ەوە سزای قورسی خراوەتە سەر و سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەمەریكا گرووپی پیشەسازی سامانی تۆمەتبار كردووە بە پڕچەككردنی سوپای پاسداران و دەسخستنی كەلوپەلی پێویست بە بەرنامەی درۆن و بزوێنەر و سیستەمی پێوەندی پێشكەوتوو، بۆ خزمەتی بەرنامەی پیشەسازیی سەربازیی پاسداران.
هاوكات یەكێتیی ئەوروپایش بەهەمانشێوە سزای خستووەتە سەر ڕێكخراوی "جیهادی خۆبژێوی" كە گرووپی سامان، یەكێكە لە پایە گرنگەكانی ئەو ڕێكخراوە و ئەوروپا ئەو ڕێكخراوەی تۆمەتبار كردووە بە ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا تا لە دژی ئۆكراینا بەكاری بهێنێت.
فاینەنشاڵ تایمز نووسیویەتی، كۆمپانیای تیلیسۆن خۆی وەك كۆمپانیایەكی ئیماراتی تایبەت بە سیستمی گەیاندنی ئاسمانی جێگر و جووڵا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا ناو دەبات و خزمەتگوزاری دیزاین و بەستن و بەكارخستنی سیستمەكانی دەداتە كڕیارانی. لە پێوەندیی ڕۆژنامەكە ئەو كۆمپانیایە هیچ قسەیەكیان نەكردووە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات و باڵوێزخانەی ئێرانیش لە لەندەن بێدەنگیان بەرانبەر بەو دۆسیەیە هەڵبژاردن.