رۆژنامەیەكی لبنانی: سەركەوتنی سەردانی مەسروور بارزانی رێخۆشكەرە بۆ قۆناغێكی نوێ

:: PM:01:11:25/05/2026 ‌
ئەحمەد ئەنساری: سەردانی مەسروور بارزانی سەردانێكی پرۆتۆكۆلی و ئاسایی نەبوو بەڵكو چەندان رەهەندی سیاسیی روونی هەیە

رۆژنامەی نەهاری لبنانی دووپاتی دەكاتەوە، هەولێر و بەغدا مكوڕن لەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندییەكانیان بكەنەوە و دەشڵێ‌، "سەركەوتنی سەردانی مەسروور بارزانی رێخۆشكەرە بۆ قۆناغێكی نوێی تێگەیشتنی فراوانتر لە نێوان بەغدا و هەولێردا".

ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایار، رۆژنامەی نەهاری لبنانی راپۆرتێكی شیكاری لەسەر سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "بە بڕوای چاودێران سەركەوتنی سەردانی مەسروور بارزانی رێخۆشكەرە بۆ قۆناغێكی نوێی تێگەیشتنی فراوانتر لە نێوان بەغدا و هەولێردا، بەتایبەتی كاتێك لیژنەكان توانیویانە بەربەستەكان لە بەردەم هەندێك دۆسیەی ئاڵۆز لابدەن كە چەندان ساڵ بوو بێ چارەسەر مابوونەوە".

نەهار پێی وایە بابەتی سەردانەكە و نزیكبوونەوەكە رەگدانەوەیەكی ئەرێنی بۆ گشت شانۆی سیاسیی عێراق هەیە، دەرفەتێك بە حكوومەتی نوێی فیدراڵ دەدات توانای خۆی دەربخات لە بەڕێوەبردنی هەستیارترین بابەتەكانی وڵاتەكە.

ئەحمەد ئەنساری كە توێژەرێك و چاودێرێكی سیاسییە لە عێراق، بۆ نەهار قسەی كردووە و دەڵێ‌، "ناكرێت تەنیا وەك سەردانێكی پرۆتۆكۆلی و ئاسایی سەیری سەردانەكەی مەسروور بارزانی بكەین، بەڵكو چەندان رەهەندی سیاسیی روونی هەیە. بە تایبەتی وەك یەكەم هەنگاوی فەرمی لەسەر ئاستی باڵای هەرێم هاتووە دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەمەیش رەنگدانەوەی بۆ هەردوولا دەبێت تا هەلی تێگەیشتن و كردنەوەی كەناڵی نوێی گفتوگۆ بە شێوەیەكی رژتر تاقی بكەنەوە".

هەر ئەو توێژەرە عێراقییە لەسەر روونكردنەوەی بابەتەكە بەردەوام دەبێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەم جووڵەیەی ئێستە هەیە ئاماژەیە بۆ  ئەوەی هەردوولا دركیان بەوە كردووە، بەردەوامبوونی تەنگژەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێوەیەكی گشتی بووەتە بارێكی قورس بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، بە تایبەتی لە بارودۆخێكی وەهادا كە كۆمەڵێك ئاڵنگاری و گوشاری ئابووری هەیە و پێویستی بەوە هەیە ئاستێكی باڵاتری تێگەیشتن و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

 ئەحمەد ئەنساری دەشڵێ‌، "نزیكبوونەوەی تێڕوانینەكان مانای ئەوە نییە بە تەواوی كێشەكان كۆتاییان بێت، چونكە هەندێك دۆسیەی هەیە بە تایبەتی مەسەلەی نەوت، هێشتا ئاڵۆزە و پێویستی بە لێكتێگەیشتنی دوورمەودا هەیە". هەروەها پێی وایە سەركەوتنی ئەو گفتوگۆیانە بەندە بە توانای هەولێر و بەغدا لەوەی تێگەیشتنە سیاسییەكان بكەنە رێكاریی كردەنی، چونكە بە گوتەی ئەو شەقامی كوردی و شەقامی عێراق، سەركەوتنی هەر رێككەوتنێك بەوە بەند دەكەن كە چەندە رەنگدانەوەی لەسەر بابەتەكانی بژێوی هەیە، بەر لە هەمووشیان پرسی مووچە و سەقامگیریی ئابووری.

رۆژنامەی نەهار ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە سەرچاوە سیاسییەكان زانیاریی ئەوەی دەست كەوتووە دیدارەكانی مەسروور بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەركردەكان، لە كەشێكی ئەرێنی و هێمن بەڕێوە چووە، ئەنجامەكەیشی بەدی كراوە كە نزیكبوونەوەی تێڕوانینەكان لەسەر كۆمەڵەی دۆسیەی ناكۆك. بەگوێرەی زانیارییەكانی نەهار، دووپات لەسەر ئەوەیش كراوەتەوە كە دەبێت ئەو دۆسیانە لە قۆناغی بەڕێوەبردنی تەنگژەكانەوە بۆ قۆناغی تێگەیشتنی درێژخایەن بگوازرێنەوە و پشتیش بە دەستوور و بەرژوەندی هاوبەش ببەسترێت.

رۆژنامەكە باسی لەوەیش كردووە هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كۆمەڵێك لیژنەی تەكنیكی هاوبەش دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو لیژنانە چاودێریی دۆسیەی نەوتی و دارایی بكەن.
 
 
 

 

 

 




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل