"سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو و ئەنجامی باشی دەبێت"

:: PM:06:22:25/05/2026 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی چەند رۆژە گەیشتە بەغدا، لە نزیكەوە تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگی لە ساتێكی هەستیاری عێراق و ناوچەكە و دنیا لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حكوومەتی عێراق كرد، چاوی بە تەواوی كارەكتەرە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردان لە بەغدا كەوت و وەك شارەزایان ئاماژەی بۆ دەكەن، سەردانێكی زۆر گرنگ بوو و چاوەڕوانی ئەنجامی زۆر باشی لێ دەكرێت.

وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی دووپاتی دەكاتەوە كە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی لە سایەی بوونی لێكتێگیشتنی ئەرێنی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، روونی كردەوە، چەند دۆسیەیەكی ناكۆك و هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان هەیە و زیاتر لە چەندان ساڵە بەردەوامن، كەچی لەو قۆناغەی ئێستە چەند هەنگاوێكی كردەنی نراوە بۆ جێبەجێكردنی چەند داواكارییەكی كورد، بەتایبەتی پێوەست بە دۆسیەی نەوت و دەركردنی یاسای نەوت و غاز. 

ئاماژەی كرد، جیا لەوە جموجۆڵەكانی كورد بە ئاراستەی جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجە و دوورخستنەوەی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانە بە ناكۆكییە سیاسییەكان، كە سەرۆك وەزیران لە لێدوانەكانی دوایی دووپاتی لەسەر كردەوە، ئێستە پاڵپشتییەكی تەواو بۆ حكوومەتی زەیدی بەهۆی جێبەجێكردنی داواكارییە دەستوورییەكان هەیە كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ هەولێر دووپاتی لێ كردەوە، ئەو توێژەرە ئاماژەی كرد كە رێككەوتنەكان تایبەت بە دۆسیەی نەوت و سیستمی ئەسیكۆدای گومرگ و پشكەكان لە داهاتی دەوڵەت و دەستبەكاركردنەوەی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لە هەرێم، هەر هەموو ئەوانە پێویستیان بە پاڵپشتیی فرەوانی سیاسی و پەرلەمانی هەیە.

كەریم ئاماژەی كرد كە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور و مسۆگەركردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، بەشێكی سەرەكیی لێكتێگەیشتنی ئێستەی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمن، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا بە مەبەستی فەراهەمكردنی پاڵپشتیی سیاسی و پەرلەمانی بۆ رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا، چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكانی شیعە و سوننە كەوت، حكوومەتی هەرێم پێشنیازێكی بە بەغدا داوە سەبارەت بە پڕۆژەی رووناكی و پاڵپشتیكردنی تۆڕی نیشتمانی لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق، بۆیە ئاماژەكانی لەبارەی سەردانەكەوە هەن زۆر باشن، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گەشبینی خۆی بەرانبەر بە حكوومەتی نوێی عێراق دەربڕیوە و پێی وایە ئێستە خاڵە ئەرێنییەكانی پێوەندیی بەغدا و هەولێر لە خاڵە ناكۆكەكان زیاترن.   

لای خۆیەوە موختار مووسەوی پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزكردنی لێكتێگەیشتنی هەردوولا، سەردانەكە لە كاتێكی هەستیار دێت كە عێراق رووبەڕووی چەند دۆسیەیەكی ئاڵۆز و هەستیاری ئابووری و دارایی و نەوتی دەبێتەوە و پێویست بە چارەسەرییەكی سازانلەسەر كراو دەكات.

روونی كردەوە، دیدارەكانی لەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا هاتنە سازكردن، بووە هۆی پێشوەچوون لەسەر ئاستی بۆچوونەكانی هەردوولا، بەتایبەتی پێوەست بە میكانیزمەكانی ئیدارەدانی داهاتی نەوت و دابەشكردنی داهاتە داراییەكەی، لەپاڵ چارەسەركردنی بابەتی پابەندییەكانی بەغدا و هەولێر بەرانبەر بە یەكتر، ئێستە ویستێكی هاوبەشی سیاسی هەیە بۆ برەودان بە پێوەندییەكان بە ئاراستەیەكی سەقامگیرتر و گونجاو لەگەڵ پێویستییەكانی قۆناغی داهاتوو، كە پاڵپشتی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی مسۆگەر بكات و بەتواناتری بكات لە جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزاری و ئابوورییەكەی. 

مووسەوی دووپاتی كردەوە كە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی وەك نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی، تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوون لە بەغدا، لەگەڵ بوونی ئاماژە بۆ ئەگەری گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی كردەنی لە قۆناغی داهاتوودا، سەردانەكە دەرگە بۆ قۆناغێكی نوێی هاریكاریی بەغدا و هەولێر دەكاتەوە و ئەگەر دۆخەكە لەسەر ئەو لێكنزیكبوونەوەی لە كۆبوونەوەكانی دوایی هاتە دی بنیات بنرێت، ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانی ئەرێنی و بە بەرهەم دەبن.

لای خۆیەوە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بۆ بوونی لێكگەیشتنێكی گەورە لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەو شێوەی لە بەرژەوەندیی عێراقییەكاندایە كرد، دووپاتی كردەوەن شاندێكی باڵای هاوبەشی تەناهیی هەولێر و بەغدا سەردانی تاران دەكەن، نوێنەرایەتیی لیژنەی باڵای تەناهیی عێراقی ئێرانی دەكەن كە پێشتر پێك هاتووە، ئەوان تاوتوێی وردی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكەن، جیا لە بابەتی تری هاوبەش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل