گوشارەكانی حكوومەتی ئێران لەسەر دەوڵەتی عێراق لەبارەی گرووپی حزبە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری ڕژێم كە بنكە و بارەگەیان لە هەرێمی كوردستان هەیە زیادی كردووە. تاران داوای كردووە كە ئەو حزب و گرووپانە لەسەر خاكی وڵاتەكەی دەربكات، بۆ ئەمەیش پشت بە ڕێككەوتنی واژووكراوی نێوان هەردوولا لە 2023 دەبەستێ و هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی بنكە سەربازییەكانی ئەو حزبانە دەكات، لە ئەگەری دەرنەكردنیان لە وڵاتەكە.
هێرشی ئێران بە درۆن و مووشەك بۆ سەر بارەگای ئەو حزبە بەرهەڵستكارانەی ڕژێم لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، شەمووی ڕابردوویش بە چوار درۆن هێرش كرایە سەر بنكەیەكی حزبێكی كوردی بەرهەڵستكاری ڕژێم لە ناوچەی خەلیفانی باكوری رۆژهەڵاتی هەولێر و تەنیا زیانی مادی لێ كەوتەوە.
لە كۆتایی ئاب/ئۆگەستسی 2023 هەریەك لە بەغدا و تاران، ڕێككەوتنێكی تەناهییان واژوو كرد و بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنە، بەغدا پابەند كراوە كە بارەگای حزبە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی ئێران دوور بخاتەوە، 80 كیلۆمەتر بۆ قووڵایی ناوەوەی خاكی عێراق لە سنوورەكانی ئێران دوور بخرێنەوە و چەكی قورسی و تایبەتیش لێ وەربگیرێت. لە بەرانبەر ئەو ڕێككەوتنە ئێران بەڵێنی دا كە هیچ هێرشێكی سەربازی ناكاتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
ڕێككەوتنەكە بووە هۆی وەستانی هێرشەكانی ئێران بە مووشەك و درۆن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی عێراق دەستی بە ڕێوشوێن كرد و بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لەسەر سنووری ئێران لە پارێزگەی هەولێر و سلێمانی گواستەوە و بە تەواوی لە سنوورەكان دووری خستنەوە، بەتایبەت لە كۆیە و خانەقین و نەفتخانە و ڕانیە.
ئەو ڕێككەوتنە بووە قوربانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، چونكە تاران دووبارە دەستی بە هەڵدانی مووشەك و درۆن بۆ بۆردمانكردنی بنكەكانی ئەو حزبانە لە قووڵایی خاكی عێراق كردەوە، لە مانگی ئایار/مایۆ لە چەندان ناوچەی جیاجیای هەرێمی كوردستان، زنجیرەیەك هێرشی چڕ كراونەتە سەر بارەگەی ئەو حزبانە، دیارترینیان هێرشەكەی سەر كەمپی جەژنیكان لە هەولێر و ناوچەی باشیك لە ڕۆژهەڵاتی دهۆك و كەمپی زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و كەمپی سوورداش لە دوكان و كەمپی ئالانە لە هەولێر و كەمپێك لە ناوچەی بالیسانی هەولێر بوو.
ئەو هێرشانە بەگوێرەی بەدواداچوونێكی وردی ڕۆژنامەی "
العربی الجدید"، گرووپەكانی "كۆمەڵە و خەبات و پژاك و پدكا و هێزەكانی تری كردە ئامانج كە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەك گرووپی "تیرۆریستی" هەژمار كراون، چونكە لە دژی ڕژێم خەبات دەكەن و چەكیان كردووەتە شان.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی عێراق لە بەغدا و سیاسەتوانێكی كورد لە هەولێر، چەندان بەرپرسی ئێرانی پەیامیان گەیاندووەتە عێراق، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكەی 2023 هەموار بكەنەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ سوودێكی تەناهی بۆ بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.
بەرپرسێكی عێراقی لە ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا گوتی، ئێرانییەكان ڕێككەوتنەكە بە نەگونجاو دەبینن و دەیانەوێ شێوازێكی تری ڕێككەوتن واژوو بكەن، بەتایبەت بەهۆی پێشڤەچوونەكان لە ئەنجامی جەنگەوە، داواكارییەكەیشیان ئەوەیە كە تەواوی گرووپە چەكدارییە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری ڕژێم لە سەرانسەری عێراق لە وڵات بكرێنە دەرەوە، هاوشێوەی گرووپی موجاهیدینی خەلق بۆ وڵاتی سێیەم ڕەوانە بكرێن.
لە 2012 و لەوكاتەی نووری مالیكی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بوو، بڕیاری ڕەوانەكردنی هێزەكانی موجاهیدینی خەلقی ئێرانی بۆ وڵاتی سێیەم و دەركردنیان لە عێراق دەركرد، بەوهۆیەوە هەزاران لە چەكدارانی موجاهیدینی خەلق بۆ ئەلبانیا و فڕەنسا گوێزرانەوە.
سیاسییەكی كوردی و ئەندامێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانی حزبی فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەكە ڕای گەیاندووە، سەردانی ئەمدواییەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا، داوای ڕاستەوخۆی لە عێراق كردووە كە پێویستە گرووپە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی ئێران لە عێراق دەربكرێن، نەك تەنیا لە سنوورەكانی ئێران دوور بخرێنەوە، هاوكات داوای كردووە كە ناوی سەركردەكانی ڕیزی یەكەمی ئەو گرووپانە بە ئێران بدەن، چونكە تاران تۆمەتباری كردوون بەوەی دەستیان لەگەڵ ئەمەریكا لە كاتی جەنگ لە دژی ڕژێم تێكەڵ كردووە.
ئەو سیاسەتوانە كوردە بە دووری زانی كە هیچ كەسایەتییەكی ئەو حزبانە ڕادەستی ئێران بكرێن، چونكە كوردن و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، هاوكات ئەمە پرسێكی نێودەوڵەتییە و ئەمەریكایش بە دیاریكراوی لێی بێدەنگ نابێت.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، داواكارییە نوێكانی ئێران و بەردەوامی هێرش بۆ سەر ئەو حزبانە، مانای ئەوەیە كە ڕێككەوتنی ئاب/ئۆگەستسی 2023 هەڵوەشاوەتەوە، بەشێك لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بارەگای ئەو حزبانەیش لە ناوخۆی عێراق ئەنجام دەدرێن، ئەمەیش بەو مانایە دێ كە گرووپە چەكدارەكانیش هاتوونەتە سەر هێڵی بە ئامانجگرتنی بارەگای گرووپە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئارین بەختیار ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ "العربی الجدید" گوتی، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئێران بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل ڕەت دەكاتەوە و هیچ بەڵگەیەكیش بۆ ئەوە نییە، لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكایش تەنیا جەنگی پروپاگەندە بوو دژی ئێران، ئەگەر ڕاستەقینە بووایە كوا پشتیوانیكردنمان لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل و لەسەر ئەرزی واقیع ئەمە لە كوێیە، هیچ شتێك لای ئێمە و لە دۆزەكەمان نەگۆڕاوە و وەك خۆیەتی.