چاپكردنی دیناری زیاتر لە عێراق.. حكوومەت دڵنیایی و شارەزایان هۆشداریی دەدەن

:: AM:11:36:26/05/2026 ‌
حكوومەتی عێراق ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی قووڵی سیولە بووەتەوە و ئەمەیش كاریگەریی لەسەر پارەداركردنی خەرجییە پێویستییەكان دروست كردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەیە پەنا بۆ چاپكردنی زیاتری دراوی عێراق و خستنە بازاڕی دەدات، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ، ئەو هەنگاوە بە میكانیزمی هونەری زۆر ورد و پاڵپشتیكراوە بە یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق، لە بەرانبەردا شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن، فراوانكردن و زیادكردنی بڕی دراو بە چاپكردنی زیاتری بێ گەشەی ڕاستەقینەی ئابووری، دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە و ڕێژەی هەڵئاوسان زۆر بەرز دەكاتەوە.

د. مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی بۆ "ئەلعالەم ئەلجەدید" گوتی، ئەمە ڕۆڵ دەبینێ لە چارەسەری دۆخەكە، چونكە بڕێكی زۆر یەدەگی دراوی بیانیمان هەیە و توانای دەستوەردانیشمان بە مەبەستی چاككردن لە بازاڕی دراو هەیە، سەرەنجام ئەمە دەبێتە هۆی پاراستنی ئابووری نیشتمانی لە شۆكی بودجە زەبەلاحەكانی پڕكردنەوەی پێویستییەكان كە لە گەنجینەی عێراق دێتە دەرەوە و بۆی ناگەڕێتەوە، بەهۆكاری كۆتوبەندی جیۆپۆلەتیك و داخراوی گەرووی هورمز كە ڕێڕەوی سەرەكی هەناردەكردنی نەوتی عێراقە، 85%ی داهاتی عێراقیش لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوەیە.

زیاتر گوتی، سیاسەتی قەرزكردن لە ڕێگەی ئامرازی چاپكردنی زیاتری پارە بە وریایی، ئەمڕۆ یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی پشتیوانی جێگیری دارایی و بوونی سیولە لە عێراق، میكانیزمی داشكاندن و پێدانی سەنەداتی حكوومی وەك ئامرازێك بۆ دانەوەی قەرزی ناوخۆیی، لە ڕێگەی بازاڕی كراوە لە نێوان بانكەكان و بانكی ناوەندی عێراق، ئەمە گەرەنتی و دڵنیایی سەرەكی پاراستنی جێگیری دۆخی دارایی و نرخ دەبێت لە عێراق.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ئەوەیشی خستەڕوو، چاپكردنی دراوی زیاتر بە میكانیزمی هونەری زۆر ورد لە چوارچێوەی سنوورێك دەبێت، نابێ هێندە زۆر بێت كە ئاستی جێگیری نەختینە ناجێگیر بكات، یەدەگی دراوی بیانی تا ئێستەیش لە سەرووی هێڵی سوورە و نەگەیشتووە بە ئاستێكی نیگەرانكەر، ئەمەیش ڕێ بۆ سیاسەتی نەختینە خۆش دەكات كە جووڵە بكات، بێ ئەوەی كاریگەری لەسەر یەدەگی دۆلار هەبێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پرۆسەی ئامادەكردن و چاپكردنی دراوی عێراق بە پێوەری تەناهی و هونەری بەرز تێپەڕ دەبێ و لە چوارچێوەی چاودێریی چڕ دەبێت بە ئامانجی پاراستنی جێگیری دارایی و نەختینە. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری پارەداركردنی خەرجی گشتی و گەرەنتی سیولە لە بانكەكان دەكات.

ساڵح گوتی، سەرجەم پێویستییەكانی چاپكردنی پارە بۆ پشتیوانیكردنی سیولە و پارەداركردنی پێویستییەكانی بودجەی گشتی، پابەندبوون بە بودجەی بەكارخستن و پاراستنی جێگری ئاڵوگۆڕی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار لە ڕێگەی دەستوەردان لە بازاڕی دراوەكان، لە پەراوێزی بەردەوامیدان بەو شۆكە جیۆپۆلەتییكەی وڵاتی گرتووەتەوە، ناچارمان دەكات پەنا بۆ قەرزی سەنەدەكان و هاوسەنگی دینار بەرانبەر دراوی بیانی ببەین.

گرنگیی قەرزی دەرەكیش لە خولی پشتیوانی بە پرۆسەی "لەنگەرگرتنی ناوخۆ" لە سیاسەتی نەختی ناو دەبرێت، ئەوە گۆڕانێكی ئابوورییە كە دەسەڵاتی نەختینە پشتی پێ دەبەستێت بۆ چەسپاندنی پێشبینییەكانی بازاڕ و هاووڵاتییان بەرانبەر بە هەڵئاوسان و جێگیری نەختینە.

پێویستی بە قەرزی دەرەكی بۆ پشتیوانیكردنی بودجەی گشتی وێنەیەكی ئەرێنی پێچەوانە لەسەر پشتیوانیكردنی یەدەگی بیانی دروست دەكات، بەتایبەت لە كاتی نزیكبوونەوە لە هێڵی سوور، یان ڕێژەی داپۆشینی پێویستییەكان بە دراوی بیانی كەم دەبێتەوە، بەمشێوەیە پارەی كاش بە بڕێكی كەم لە سنووری جێگیری دۆخی ئابووری بە ڕێژەی 75 كەم دەبێتەوە.

گەیشتن بەو دۆخە پێویستی بە دەستەبەركردنی سەرچاوەی نەختینەی زیاتر بە دراوی بیانی هەیە، بۆ گەرەنتی بەردەوامیدان و كارایی پرۆسەی لەنگەرگرتنی ناوخۆی لە جێگیركردنی پێشبینییەكانی هەڵئاوسان و پاراستنی جێگیری نەخت و سیولە. هاوكات ئەم پرۆسەیە هۆكارێكی دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دەبێت، چونكە متمانە بە بانكی ناوەندی زیاتر دەكات و ڕێ لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەڵبەز و دابەز دەگرێت.

جێی باسە حكوومەتی ئێستەی عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بەڕێوەبردنی سیولە بە دینار بووەتەوە و بە دەست كەمیی دینار دەناڵێنێت، ئەمەیش تواناكانی لە پابەندبوون بە خەرجكردنی شایستە داراییەكان بۆ پێدانی مووچە و دانەوەی قەرز و پارەداركردنی پڕۆژەكان كەم كردووەتەوە.

ئەحمەد عید توێژەری كاروباری ئابووری لەبارەی چاپكردنی دراوی زیاتر گوتی، سەركەوتنی ئەو ئامرازە دەوەستێتە سەر قەبارەی بەكارهێنانی و سروشتی ئابووری و توانای دەوڵەت لە كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراو و خەرجی گشتی. ئابووری عێراق تا ئێستەیش بە ڕێژەیەكی ڕەها پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، لە كاتێكدا كەرتی بەرهەمهێنانی نەوت بەدەست كەمبوونەوەی زۆر دەناڵێنێت.

زیاتر گوتی، پەنابردن بۆ چاپكردنی دیناری زیاتر، ڕووبەرێكی كاتی دەبەخشێتە حكوومەت و بانكی ناوەندی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیولە و پارەداركردنی شایستە داراییەكان و چارەسەرێكی كاتی دەبەخشێت، بەڵام چارەسەرێكی ئابووری درێژخایەن نییە، ئەگەر نەبێتە زیادبوونی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان و چالاكی ئابووری.

چاپكردنی دیناری زیاتری بێ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە، هەنگاو بە هەنگاو ئاستی هەڵئاوسان بەرز دەكاتەوە و هێزی كڕین لای هاووڵاتییان كەم دەكاتەوە، بەتایبەت ئەگەر بڕی زەبەلاحی دیناری تازەی چاپكراو بێ گەشەی ڕاستەقینەی ئابووری بخرێتە بازاڕەوە.

عید ئەوەیشی گوت، زیادبوونی سیولە لە ناو بازاڕ بێ زیادبوونی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، وا دەكات نرخی كاڵاكان بەرز ببنەوە، بە هەموو پێوەرێك چاپكردنی زیاتری دینار نابێتە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ كورتهێنان و تەنگژەی دارایی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د