مزگەوتی نەمرە.. تەنیا یەک جار لە ساڵێکدا نوێژی بەکۆمەڵی تێدا دەکرێت

:: PM:09:03:28/05/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایاری 2026، مزگەوتی نەمرە بە یەکێک لە دیارترین شوێنەوارە ئیسلامییەکانی پێوەندیدار بە وەرزی حەج دادەنرێت، کە ساڵانە لە نۆی مانگی زیلحەججەدا ملیۆنان موسڵمان ڕووی تێدەکەن بۆ گوێگرتن لە گوتاری ڕۆژی عەرەفە و ئەنجامدانی هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە کۆکراوەیی و کورتکراوەیی لە دوای پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حەرام.

مزگەوتەکە لە ناوچەی عەرەفات لە ڕۆژئاوای چیای ڕەحمە هەڵکەوتووە، ناونانەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی نەمرە کە تێیدا دروست کراوە. پێگەیەکی گەورەی ئاینی و مێژوویی هەیە بەهۆی پێوەستبوونی بە گوتاری ماڵئاوایی کە پێغەمبەر محەمەد لە حەجی ماڵئاواییدا پێشکەشی کرد.

مزگەوتی نەمرە تایبەتمەندییەکی ناوازەی هەیە، چونکە تەنیا یەک نوێژی بەکۆمەڵی لە ساڵێکدا تێدا دەکرێت، ئەویش نوێژی ڕۆژی عەرەفەیە، کە مزگەوتەکە و گۆڕەپانەکانی پڕ دەبن لە سەدان هەزار حاجی کە لە سەعاتەکانی سەرەتای بەیانییەوە ڕوویان تێکردووە بۆ گوێگرتن لە گوتاری عەرەفە، کە بە یەکێک لە دیارترین وێستگە ڕۆحی و ئاینییەکانی وەرزی حەج دادەنرێت.

ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی خودا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی وەستان لە عەرەفە ڕوویان لە مزگەوتەکە کرد، ئەمەش لە ناو سیستەمێکی یەکگرتووی خزمەتگوزاری و ڕێکخستندا بوو. هاوکات گوتاری عەرەفە ڕاستەوخۆ و بە چەندان زمان بۆ وڵاتانی جیاوازی جیهان گواسترایەوە، کە گوزارشت لە پێگەی گەورەی ئیسلامیی ئەم بۆنەیە دەکات.

لە مزگەوتی نەمرە شێخ عەلی حوزەیفی گوتاری ڕۆژی عەرەفەی پێشکەش کرد، کە تێیدا باسی لە ماناکانی لەخواترسان و ئامادەکاری بۆ ڕۆژی دوایی کرد، دووپاتی کردەوە کە ڕزگاربوون بە ئەنجامدانی کارە باشەکان و وازهێنان لە تاوان و خراپە دەبێت، لە ڕۆژێکدا کە بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆژەکانی ساڵ لە ئیسلامدا دادەنرێت.

گوتارخوێنی عەرەفە دووپاتی کردەوە کە وەرزی حەج موسڵمانان لە هەموو شوێنێکەوە لەسەر یەک پەرستش و دروشمی یەکگرتوو کۆ دەکاتەوە، داواشی کرد ڕێز لە دروشمەکانی خودا بگیرێت، پێگیری بە هێمنی بکرێت و دوور بکەونەوە لە هەر شتێک کە زیان بە ڕۆحی مەناسکەکان بگەیەنێت. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕۆژی عەرەفە یەکێکە لە گەورەترین کاتەکانی قبووڵبوونی نزاکان، داوای لە موسڵمانان کرد لەو ڕۆژە پیرۆزەدا زۆر نزا و زیكر بکەن.

لەلایەکی ترەوە، داوای لە حاجییان کرد کە سوور بن لەسەر ئارامی، دوورکەوتنەوە لە پاڵەپەستۆ، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی لایەنە ڕێکخەرەکان و پێگیری بە ڕێکخستنەکانی گواستنەوە و ڕێڕەوی جووڵە بکەن بۆ پاراستنی گیانیان و ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. ئاماژەی بەوەش دا کە لە حەجدا دیمەنەکانی یەکترناسین، برایەتی، هاوکاری و پشتیوانی لە نێوان مسوڵماناندا دەردەکەوێت، کە سەرباری جیاوازیی زمان و ڕەنگ و وڵاتەکانیان، وەک برایەکی یەکتری مەناسکەکان جێبەجێ دەکەن.

شێخ حوزەیفی لە درێژەی گوتارەکەیدا دووپاتی کردەوە کە لە حەجدا هیچ دروشمێکی سیاسی یان بانگەشەی حزبی بوونی نییە، بەڵکوو هەمووی ملکەچبوونە بۆ خودا و شوێنکەوتنی پێغەمبەرە، لەگەڵ پاکی لە ڕواڵەت و ناخدا. دواتر باسی مەناسکەکانی حەجی کرد، لە وەستان لە عەرەفە کە گەورەترین ڕوکنە، پاشان مانەوە لە موزەلیفە، دواتر چوونە مینا بۆ فڕێدانی بەرد، سەربڕینی ئاژەڵ، سەرتاشین و تەوافی ئیفازە. لە ڕۆژانی تەشریقیشدا حاجی سێ جەمراتەکە ڕەجم دەکات، کە هەر جەمرەیەک بە حەوت بەردە لە ڕۆژێکدا، باشترە تا ڕۆژی 13 بمێنێتەوە، دەکرێت پەلە بکات و لە ڕۆژی 12 بڕوات، و پێش سەفەرکردنیش تەوافی ماڵئاوایی دەکات.

مزگەوتی نەمرە بە یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی جیهان دادەنرێت، کە ڕووبەرە گشتییەکەی زیاتر لە 110 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، سەدان دەروازە و ئاودەست و سیستەمی فێنککەرەوە و دەنگی پێشکەوتووی تێدایە، کە دەتوانێت پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە حاجییان بکات لە ڕۆژی عەرەفەدا. لایەنە پێوەندیدارەکانی حكوومەتی سعوودیە ساڵانە هەوڵ دەدەن مزگەوتەکە بە تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستی و ڕێکخستن و تەکنیکییەکانەوە ئامادە بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئارامیی حاجییان و ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی مەناسکەکانیان.

مزگەوتەکە دیزاینێکی تەلارسازیی ئیسلامیی ناوازەی هەیە، درێژییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا 340 مەترە و پانییەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور 240 مەترە. شەش منارەی هەیە کە بەرزیی هەر یەکێکیان 60 مەترە، لەگەڵ سێ گومەز، 10 دەروازەی سەرەکی و 64 دەرگای تر بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی خەڵک. هاوکات بە نوێترین سیستەمی تەکنیکی و خزمەتگوزاری تەیار کراوە، لەوانەش پەخشی ڕاستەوخۆ، گۆڕەپانی سێبەرکراو، شاشەی دیجیتاڵی، و سیستەمی سەلامەتی بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ میوانانی خودا لە ڕۆژی گەورەی حەجدا.


وشە - پۆڵا مەحموود