ئەمڕۆ یەكی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی منداڵانە، ڕۆژێكە ساڵانە یادی دەكرێتەوە بۆ هۆشیاركردنەوە و بەبیرهێنانەوەی مافەكانی منداڵان. دوو ملیار و 400 ملیۆن منداڵ لە دنیادا هەن.
مێژووی دیاریكردنی ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1925، بۆ یەكەم جار لە جنێڤ لە كۆنفرانسی جیهانیی چاودێریی منداڵاندا ئەو ڕۆژە دیاری كرا. ساڵانە لە هەرێمی كوردستانیش لە یەكی حوزەیران یادی ئەم ڕۆژە دەكرێتەوە.
لە ساڵی 1950ەوە تا ئەمڕۆ لە یەكی حوزەیران، لە زۆربەی وڵاتان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەكرێت و یادی دەكرێتەوە، ئامانج لێی دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنانی مافەكانی منداڵانە.
لە زۆربەی وڵاتان ئەو یادە دەكرێتەوە، جگە لە چەند وڵاتێك كە لە مانگەكانی ئادار و نیسان و ئایار یادەكە دەگێڕن.
هاوكات لەگەڵ هەبوونی زیاتر لە دوو ملیار و 400 ملیۆن منداڵ لە دنیادا، ئامارەكانی ڕێكخراوی یونیسێف ئاشكرای دەكەن كە پشكی شێری داهاتووی مرۆڤایەتی لە دەستی ئەم توێژەدایە.
منداڵان نەوەیەكن دەتوانێ چارەنووسی داهاتووی مرۆڤایەتیی ڕەنگڕێژ بكەن، بەڵام بەشێكیشیان هەر لە ئێستەوە بوونەتە قوربانیی برسێتی و نەبوونی پەروەردەیەكی باش و ژیانێكی تەندروست.