دۆسیەی چەكی دەرەوەی یاسا و دەوڵەت، دووبارە شانۆی سیاسیی عێراقی داپۆشیوە و ئێستە گرەو لەسەر ڕۆڵی مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانییە، تا ئەو دۆسیە هەستیار و ئاڵۆزە یەكلا بكاتەوە، ئەمەیش دوای جووڵەی هاوبەشی موقتەدا سەدری ڕێبەری سەدرییەكان و عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاراستەی نەجەف، بۆ هاندانی سیستانی بۆ دەركردنی فەتوایەكی نوێ كە دووپات لە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت بكاتەوە.
ئاشكرابوونی ئەو هەوڵە لە كاتێكدایە كە حكوومەت دەیەوێ هاوكێشەی هێز لە ناوخۆی عێراق بگۆڕێت، بە پشتبەستن بە قورسایی ئاینی و مەعنەویی عەلی سیستانی و دۆسیەیەكی ئاڵۆز چارەسەر بكات كە حكوومەتەكانی پێشتر نەیانتوانیوە دەستی بۆ ببەن، بەهۆی لێكەوتی سیاسی و تەناهی و هەرێمی.
بەگوێرەی
زانیارییەكانی ناو ناوەندی سیاسیی عێراق، هەریەك لە زەیدی و سەدر داوایان لە سیستانی كردووە، فەتواكەی لە 2014 بە ناوی "جیهادی كەفائی" جیهادی ئارەزوومەندانە ڕەت بكاتەوە، یان سەرپێچیكردن لە ئامانجی ڕاگەیاندنی فەتواكە ڕەت بكاتەوە، كە ئەو فەتوایە بووە بنەمایەكی شەرعی بۆ دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبی و دەركەوتنی دەیان گرووپی میلیشیا كە ڕۆڵیان لە لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش گێڕا.
داوا و گفتوگۆكان لەبارەی داهاتوو چەكی بڵاوبووەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراق چڕ بووەتەوە، لە ناوخۆ و دەرەوە داوای بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەركردنی بڕیاری تەناهی و سەربازی بە دەستی دەوڵەتەوە دەكەن. پشتیوانانی ئەو بیرۆكەیە دووپات لەوە دەكەنەوە، دەركردنی فەتواكە كە زیاتر لە 10 ساڵی بەسەر تێپەڕیوە، ئێستە دۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە و دەوڵەتی عێراق چیتر ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕێكخراوێكی توندڕۆ نابێتەوە، بەڵكو ئاڵنگاری ئێستەی بەردەمی دروستكردنی دەوڵەتی دامەزراوەیە كە توانای سەپاندنی هێز و بڕیار و یاسای لەسەر هەموو لایەك بێ هیچ حاڵەتێكی تایبەت هەبێت.
لەو سۆنگەیەوە سەدر و زەیدی داوایان لە سیستانی كردووە، فەتوایەكی تر بە ناونیشانی "كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت" دەربكات، بەمەیش حكوومەت جیا لە ویستی سیاسی، پشتیوانی ئاینیشی دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو پرۆسەیە و ڕووبەڕووی گرووپە میلیشیاكان دەبێتەوە و دەتوانێ لە ناو دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت ڕێكیان بخاتەوە.
هەریەك لە موقتەدا سەدر و عەلی زەیدی دركیان بەوە كردووە، مەرجەعییەتی ئاینی تاكە شوێنە كە دەتوانێ گۆڕانی ڕیشەیی لەو دۆسیەیە دروست بكات، زۆر لە گرووپە میلیشیاكان بە پشتبەستن بە فەتواكەی سیستانی دروست بوون و ناتوانن هەر فەتوا و ڕێنوێنییەكی نوێی مەرجەعییەت ڕەت بكەنەوە، بۆیە هەڵوێستی سیستانی یەكلاكەرەوەیە بۆ دیاریكردنی داهاتووی ئەو دۆسیەیە.
ڕەوتی سەدر بە كردەیی ئەو ویستەی هێناوەتە واقیع و زانیارییەكان دووپات لە دەستكردن بە هەنگاوەكانی ڕادەستكردنی چەكەكانی گرووپی "سەرایا سەلام" بە هێزەكانی تەناهی عێراق دەكەن، وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی نموونەیەك كە هانی گرووپەكانی تر بدات بە هەمان ڕێگە بڕۆن.
لە تەك ئەمەدا ئەو هەوڵانە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی زۆر لە ناو لایەنەكانی شیعە بووەتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییەكانی شیعە كە گرووپی چەكداریان هەیە، دووپات لەوە دەكەنەوە كە فەتوای جیهادی كەفائی وێستگەیەكی مێژوویی بوو و ناكرێ دەستكاری بكرێت، جیا لەوەی ڕۆڵی باڵا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گێڕا، هاوكات بنەمایەكی یاسایی و شەعبیشی بۆ دروستكردنی دەستەی حەشدی شەعبی دروست كرد، بووە ڕەچەتەیەك تا دامەزراوەیەكی تری تەناهی و سەربازی ددانپێدانراو لە ناو دەوڵەت بێتە كایەوە.
ئەو لایەنانە دووپات لەوە دەكەنەوە كە هەر هەوڵێكی ڕەتكردنەوەی فەتواكە یان دەركردنی فەتوای نوێ، دەبێتە هەنگاوێك كە لە داهاتوو بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی میلیشیاكان سوودی لێ وەردەگیرێ، یان دووبارە پەیكەربەندی حەشدی شەعبی پێ دادەڕێژرێتەوە، ئەمەیش كاریگەریی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناو سیستمی سیاسیی عێراق دروست دەكات.
دۆسیەكە هەر تەنیا لە ناوخۆی عێراق نییە، بگرە ئێران كە پشتیوانیی سەرەكی و بڕیاردەری ئەو گرووپە میلیشیایانەیە، بە توندی هەموو جۆرە جووڵەیەك بۆ لاوازكردنی پێگە و هەژموونی میلیشیاكان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ڕەت دەكاتەوە، لە پەراوێزی ئەو پێشهاتەنەیشدا سیستانی خۆی لە ناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆز دەبینێتەوە، لەلایەكەوە داواكارییەكان زۆرن بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و نەهێشتنی دیاردەی چەكی دەرەوەی دەستی دەوڵەت، لەلایەكی ترەوە مەترسی و ئەگەری دابەشبوونی گەورە لە ناو ماڵی شیعە و گەیشتن بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆی شیعەكان لەگەڵ یەكتر دێنێتە ئاراوە.
مەرجەعییەتی ئاینی درك بە قەبارەی لێكەوتەكان دەكات، بۆیە بە وریایی زۆرەوە دەیەوێ دەست بۆ دۆسیە سیاسییەكان ببات، بەڵام بەردەوامبوونی مشتومڕ و ناكۆكییەكان لەسەر ئەو بابەتە، دواجار هانی دەدات كە ڕوانین و ئاراستەیەكی بخاتە ڕوو تا لەو ڕێگەیەوە بتوانرێ چارەسەری تەنگژەكە بكرێ و وڵاتیش بە ئارامی و بێ كێشە بمێنێتەوە.