بەم دواییە تاوانێكی تری قێزەون عێراقی هەژاند، كاتێك كچێك بەهۆی رەتكردنەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاكەی بە زۆر، لە لایەن ماڵباتەكەیەوە بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە كوژرا، لەوەش خراپتر ئەوان دوای كوشتنی ئاهەنگیان گێڕا، رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی تیشك دەخاتە سەر وردەكاریی تاوانەكە و لەسەر زاری كەسێكی نزیكی ئەو ماڵباتە نەهامەتییەكی كچەكانی عێراق لە بەزۆر و بە گچكەیی بەشوودانیان دەخاتە روو.
بەپێی ئەوەی لە راپۆرتی
رۆژنامەكەدا هاتووە، كەوسەر بەشار حسێجاوی تەمەن 15 ساڵ لە ناوچەی نەهرەوان لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا دەژیا، لە تەمەنی 13 ساڵی بەزۆر لە خوێندن دوور خرایەوە و بەشوو درا بە پیاوێكی بەتەمەنتر و ئاڵوودەی مادە كحوولییەكان، چیڕۆكی ئەو كچە بە گولەبارانكردنی بە 10 فیشەك لە لایەن پیاوانی هۆزەكەیەوە كۆتایی هات، ئەویان هاوێشتە چاڵێكەوە و بە تەور سەریان لە لاشەی جیا كردەوە و دوای كوشتنی ماڵباتەكەی سەمایان كرد و ئاهەنگیان گێڕا.
ئەو كچە دوای بەشوودانی ماوەی ساڵێك بە بەردەوام بووبووە قوربانی خراپیی مامەڵەكردن و توندوتیژی، بۆ ناو خێزانەكەی هەڵات، ئەوان گوشارێكی زۆریان لێی كرد بۆ گەڕانەوە بۆ هاوسەرەكەی، بەڵام ئەو هەڕەشەی خۆكوشتنی كرد، لە كۆتاییەكەی و لە كۆتایی 2025 لە هاوسەرەكەی جیا بووەوە، دوای ئەوە بە ماوەیەكی كورت ئامۆزایەكی لە زیندان هاتە دەرەوە و چووە داوای ئەو كچە، بەڵام كەوسەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاكەی رەت كردەوە، چونكە ئەو مامەڵەی بە مادەی هۆشبەر و كحوول دەكرد، كەچی خێزانەكەی بە هاوسەرگیرییەكە رازی بوون.
لە سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هاوسەرگیرییەكە و بەهۆی ترسی كەوسەر لە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی پێشووی لە توندوتیژی و خراپیی مامەڵەكردن، ئەو لە ماڵەكەی هەڵات، بەهۆی ئەوەی كەسی نەبووە یارمەتی بدات، كەسێكی دراوسێیان بە زۆر ئەوەی بۆ سێ رۆژ برد و كاری نەشیاوی لەگەڵ كرد، دوای دۆزینەوەی كەوسەر بە خێزانەكەی گوت كە ئەو بەزۆر بردراوە و ئەوەش لە كامێراكانی چاودێری دەركەوتووە، بەڵام خێزانەكەی باوەڕیان پێی نەكرد.
دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵی لە لایەن باوك و دایكی و مام و ئامۆزاكەی لەبارەی ئەوەی لەو سێ رۆژە بەسەری هاتووە، ئەویان بردە ناوچەیەكی چۆڵەوانی لە دەوروبەری بەغدا و كوشتیان و كۆتایی بە چیڕۆكەكەی هات، كەسە نزیكەكەی كەوسەر دەڵێت، لە سۆشیال میدیا گرتەی ڤیدیۆیی ئەندامانی هۆزەكەی كەوسەرم بینی چۆن لە دوای كوشتنی و لە خۆشیانا سەما دەكەن، دوای نیوەڕۆ بوو لە ماڵەوە بووم كە باوكی هەواڵی ونبوون و كوژرانی هێنایەوە، پێم وابوو پۆلیس سزای ئەوان دەدات بەهۆی كارەكەیان، بەڵام لە بری ئەوە دەگوترێت كە ئەفسەرێكی پۆلیس داوای بەرتیلی كردووە بۆ ئەوەی بڵێت كە كچەكە رفێنراوە و نەكوژراوە.
ئەو كەسە نزیكەی كەوسەر ئاماژە دەكات كە هۆكاری ئەوەی پاڵی پێوە ناوە كە بەو شێوە قسە بكات، خۆی و ژنانی ئەو خێزانە هەستیان بەوە كرد كە ناتوانن بۆ ئاشكراكردنی ناو و رەوانەكردنی وێنەی كچەكە و بكوژانی بۆ رۆژنامە و میدیاكان بە مەبەستی بەفێڕۆ نەچوونی مافی، متمانە بە هەموو كەس بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی وەك مرۆڤ رێزی لێ بگیرێت و بە لایەنی كەم تەرمەكەی بێتە ناشتن، ئاماژەی كرد كە ترسی لەوە هەبوو كە چیڕۆكی ئەو كچە بە هاوشێوەی سەتان چیڕۆكی تر زیندەبەچاڵ بكرێت، كە تیایاندا كچانی بچووك و ژنان تەنیا بەهۆی هەوڵی مانەوەیان بە زیندوویی دەكوژرێن.
ئەو ناسیاوەی كەوسەر ئاماژە دەكات، ئەوەی زۆر دەمترسێنێت ئاسانیی كوشتنە بۆ بەشێك لە پیاوانی عێراق، كاتێك ئەوان لە یاسا و دەوڵەت ناترسن، چونكە گەندەڵی لە هەموو شوێنێك بڵاو بووەتەوە، هەمووان رووداوەكەیان شاردەوە و ئێستەش روونە كە پارێزەرێك دۆسیەكە وەردەگرێت و شوێنی تەرمەكە دیاری دەكرێت و براكەی وەك تاكە تاوانباری كوشتنی خۆی رادەست دەكات، تا ئەوكاتەی دۆسیەكە وەك تاوانی پاككردنەوەی شەرەف دێتە داخستن.
بەپێی رۆژنامەكە یاسا نوێكانی عێراق رێگە بە بەشوودانی كچانی منداڵ دەدات لەوانەی تەمەنیان لە نۆ ساڵ تێپەڕ ناكات، كە ئەوەش كارێكی تۆقێنەرە، چونكە ئەو كچەی لە قوتابخانە دوور دەخرێتەوە و زوو بەشوو دەدرێت، لاوازتر دەبێت و زانینی مافەكان و توانای پاراستنی خۆی و رووبەڕووبوونەوەی بۆ توندوتیژی كەمترە، كەوسەر لە تەمەنێك بوو هێشتا لە مانای ژیان تێنەدەگەیشت، لەگەڵ ئەوەدا هەمووان وەك ژنێكی باڵغ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرد، كە دەبێت ملكەچ بێت و چاودێری بكرێت و سزا بدرێت.