بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە، بەر لە دەستپێكردنی جەنگ دژی ئێران، ئیسرائیل بە نهێنی چەند یەكەیەكی سەربازی و هەواڵگریی بژارەی خۆی لە ئازەربایجان بڵاو كردووەتەوە، تا ئاسانكاری لە ئۆپراسیۆنی دژ بە ئێران ئەنجام بدەن، سەرەڕای دووپاتكردنەوەی سەرچاوەكان لەو زانیارییانە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان سەرجەم ئەو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوە و ئاماژەی داوە كە هیچ بنەمایەكیان نییە.
لە
ڕاپۆرتەكەی سی ئێن ئێندا هاتووە، هێزەكانی ئیسرائیل لە چەند بنكەیەكی باشووری ئازەربایجان جێگیر كراون كە نزیكن لە سنووری ئێرانەوە و تەنیا 60 میل لە شاری تەورێزی ئێران دوور بوون، كە لە كاتی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەو شارە بە چڕی بۆردمان كرا.
سەرچاوەكان كە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن كردووە دەڵێن، یەكەكانی هێزی كۆماندۆی تایبەتی ئیسرائیل لە ئازەربایجان جێگیر كراون، ئەو یەكانەیش ئەركی كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگرییان هەبووە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكان لە ڕێگەی درۆنی هێرشبردنەوە، ئەمەیش پێگەیەكی بەهێزی بە ئیسرائیل بەخشی، بۆ ئەوەی سەرجەم ئامانجەكانی لە كاتی جەنگ لە باكوری ئێران بۆردمان بكات.
ئیسرائیل، ئازەربایجان وەك هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیجی لە جەنگی دژی ئێران دەبینێت و چەند هەفتەیەك بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ دژی تاران، ئامادەكارییەكان بۆ ناردنی هێز بۆ ئازەربایجان دەستیان پێ كرد.
لە ناوەڕاستی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ، لەو كاتەی ئێران خەریكی كپكردنەوەی خۆپێشاندانەكان بوو كە سەرانسەری وڵاتیان گرتبووەوە، ئیسرائیل بە نهێنی ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەكرد و یەكەكانی لە تەواوی شریتی سنووری نێوان ئازەربایجان و ئێران بڵاو كردەوه و ئامێری گوێگرتن و كەلوپەلی هەواڵگریی زۆری بردە ناوچەكە.
سەرەتا ئیسرائیل دەیویست لە مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵەوە دەست بە بۆردمانكردنی ئێران بكات، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە دوا سات بۆردمانەكانی وەستاند و گوتی، ئێران دەسبەرداری بەردەوامبوون لە كوشتنی خۆپێشاندەران بووە.
كەمتر لە دوو هەفتە بەر لە دەستپێكردنی جەنگ، جدعۆن ساعر باكو وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەردانی ئازەربایجانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسانی ئازەربایجان كۆبووەوە، هەردوولا سوورن لەسەر پاراستنی پێوەندییە بەهێزەكانیان لە بواری بازرگانی و سەربازی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكتر.
یەكێك لە سەرچاوەكان دەڵێ، ژمارەی ئەو هێزانەی ئیسرائیل لە ئازەربایجان بڵاوەیان پێكرا، لە دەیان سەرباز پێكهاتبوو كە چەكدارانی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل و هێزی بژارەی دابەزین لە ئاسمان بۆ كوشتار و ڕزگاركردن و تیمەكانی دەزگەی هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" چوونەتە ئازەربایجانەوە.
یەكێك لە هەڵمەتە سەرەكییەكانی ئەو هێزەی ئیسرائیل كە لە ئازەربایجان جێگیر كرابوون، بریتی بوو لە كوشتنی رەحمان موقەدەمی فەرماندەی هۆبەی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە چواری ئادار/مارسی ڕابردوو كە ئیسرائیل تۆمەتی ئەوەی خستبووە پاڵ ئەو بەرپرسەی ئێران، هەوڵی كوشتن و ڕفاندنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای داوە.
ڕۆژێك دوای كوشتنی ئەو بەرپرسەی پاسداران، ئێران بە درۆن فڕۆكەخانەی نەخجوانی لە ئازەربایجان بۆردمان كرد، كە بووە هۆی ئەوەی زیانی گەورە بەر فڕۆكەخانەكە بگات و ژمارەیەك هاووڵاتیش بریندار بن، ئەوكات ئیلهام عەلییڤ سەركۆماری ئازەربایجان هێرشەكەی بە كردەیەكی تیرۆریستی و گەمژانە و بێشەرمانە ناوبرد كە لەلایەن ئێرانەوە كرایە سەر وڵاتەكەی.
لە شەشی ئادار/مارسی ڕابردوودا دامەزراوەی ئاسایشی دەوڵەتی ئازەربایجان لە ڕاگەیەنراوێكدا، شكستهێنانی بە پلانێكی سوپای پاسداران بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئازەربایجان و ئامانجە هاوبەشەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل پشتڕاست كردەوە، چەند هەفتەیەك دوای ئەوە ئیسرائیل ئاشكرای كرد، هەڵوەشاندنەوەی پلانی هێرشكردنە سەر ئازەربایجان ئۆپراسیۆنێكی هاوبەش بووە كە مۆساد و سوپای ئیسرائیل و دامەزراوەی ئاسایشی گشتی تێیدا بەشدار بوون.
لە بەرانبەر ئەو زانیارییە نهێنییانە و چوونی هێزی ئیسرائیلی بۆ ئازەربایجان، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان سەرجەم زانیارییەكانی ڕەت كردەوە و ئاماژەی داوە، تەواوی زانیارییەكان بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بۆ سی ئێن ئێن ئەوەیشی خستە ڕوو، چەند جارێك ئەو زانیاری و دەنگۆیانەمان ڕەت كردووەتەوە، ڕەخنەی لە ڕاپۆرتەكەیش گرت كە پشت بە سەرچاوەی نەناسراو و ڕانەگەیەنراو دەبەستێت. ئازەربایجان هیچ ڕۆژێك ڕێی نەداوە و ڕێگەیش نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتێكی دراوسێ.