لە كاتی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكدا بازرگانێكی دیاری تورك، نوكتەیەك دەگێڕێتەوە و بەوەش كورد نیگەران دەكات و لە دادگا سكاڵای لێ دەكەن، بابەتەكە بووەتە قسەوباسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تورك پاڵپشتیی دەكەن و كوردیش بەسووكایەتی دەزانن.
رەحمی لە گرتە ڤیدیۆییەكدا دەبینرێت كە گاڵتەیەك بۆ میوانەكانی دەوروبەری دەگێڕێتەوە كە تێیدا باس لە دیالۆگێكی نێوان پزیشكێك و ژنێكی كورد لەبارەی لابردنی جلەكانی دەكات. بڵاوكردنەوەی ئەو قسانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیگەرانی و كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.
رەحمی كۆچ بازرگانێكی دیار و سەرۆكی پێشووی گرووپی "كۆچ" یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیا فرە پیشەسازییەكانی توركیایە.
سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) داكۆكی لە ڕەحمی كۆچ بازرگانی ناسراوی توركیا دەكات كە بەهۆی لێدوانەكانی لەبارەی ژنانی كوردەوە، ڕووبەڕووی شەپۆلێكی توندی ناڕەزایەتی بووەتەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە ڕای گەیاند، ڕێكارە یاساییەكانی دژ بە ڕەحمی كۆچ "هەڵەیە" و ئەو گەورە بازرگانە توركە "تەنیا گاڵتەی كردووە و ئەمەش شتێكی ئاساییە."
باخچەلی ڕای گەیاندووە: "لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا ڕەحمی كۆچ بەرپرسیاریەتی گەورەی لە توركیادا لە ئەستۆ گرتووە و سوودی زۆری بە وڵاتەكە گەیاندووە."
باخچەلی بانگەشەی ئەوەش دەكات كە قسەكانی ڕەحمی كۆچ لەبارەی ژنانی كوردەوە تەنیا "گاڵتەیەك" بووە و ڕێكارە یاساییەكانی دژی ئەو بازرگانە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەن.
ئەو لێدوانەی باخچەلی لە كاتێكدایە، ناڕەزایەتی و لێكەوتەكانی لێدوانەكەی ڕەحمی كۆچ لە نێوان هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی باكوری كوردستان و توركیادا ڕوو لە هەڵكشانە.
لەلایەكی ترەوە خالیدە توركئۆغڵو گوتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕای گەیاند، قسەكانی ڕەحمی كۆچ نیشانەی "عەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوەیە" و بەكارهێنانی دەستەواژەی لەو شێوەیە، دەبێتە هۆی شەرعییەتدان بە جیاكاری و بڵاوكردنەوەی ڕقوكینە لەناو كۆمەڵگەدا.
تونجەر باكرها هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە توندی سەركۆنەی گوتەكانی سەرمایەداری ناسراوی توركیا ڕەحمی كۆچی كرد و ڕای گەیاند، ئەو زمانە سووكایەتیكەر و ڕەگەزپەرستانەیەی كۆچ بەرانبەر بە ژنانی كورد بەكاری هێناوە، بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە.
باكرهان لە پەیامێكدا لە هەژماری فەرمیی خۆی ڕەخنەی توندی لەو نوكتەیە گرت كە ڕەحمی كۆچ لە كاتی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكدا لە ئیزمیر گێڕابووەوە و دووپاتی كردەوە: "جەستە، ناسنامە و كەرامەتی ژنان نابێتە بابەتی نوكتە. هیچ پێگە، دەسەڵات و ئیمتیازێكی دارایی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە بە كەس نادات سووكایەتی بە ژنانی كورد بكات."
هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕای گەیاند، ئەوان ئەم جۆرە تێڕوانینە جیاكاری و ڕەگەزپەرستانەیە بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە و داوای كرد، هەرچی زووە ئەو سەرمایەدارە بەشێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا داوای لێبوردن لە ژنانی كورد و ڕای گشتی بكات.
هاوكات یڵماز تونچ وەزیری دادی توركیا ڕای گەیاند، دادپەروەری لەسەر بنەمای سامان و دەوڵەمەندی و پاشناوی بنەماڵە و پێگە بڕیار نادات.
وەزیری دادی توركیا دووپاتی لەوە كردەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە كە لە ژێر پەردەی ” نوكتە” یان ” گاڵتەجاڕی”دا كەرامەتی ژنان و توێژێكی كۆمەڵگە دەكەنە ئامانج، هەرگیز قبووڵ ناكرێت و بە توندی دژی هەموو جۆرە ڕێبازێكی جیاكاری و ڕقوكینە دەوەستنەوە.
لەلایەكی ترەوە عومەر چەلیك گوتەبێژی ئاك پارتیش بە ناوی پارتەكەیەوە بە توندی ئەو كارەی شەرمەزار كرد. چەلیك ئاماژەی بەوە دا كە نابێت هیچ وڵاتێك ببێتە بابەتی سووكایەتیكردن لەسەر بنەمای نەتەوە، باوەڕ و ڕەگەز و خستنەڕووی ناسنامەی "ژنانی كورد” لەم جۆرە بابەتانەدا كارێكی قێزەونە. چەلیك داوای لێبوردنێكی فەرمی كرد و ڕای گەیاند كە هەموو هاووڵاتییان كەرامەتی یەكسانیان هەیە.
لە بەرانبەر زیادبوونی كاردانەوەكاندا، بازرگان ڕەحمی كۆچ بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و داوای لێبوردنی كرد. كۆچ لە بەیاننامەكەیدا دووپاتی لەوە كردەوە كە هیچ نیازێكی خراپ و هیچ جۆرە سووكایەتیكردنێكی بەرانبەر بە ژنانی كورد نەبووە و ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمە تەنیا وەك ڕووداوێكی گاڵتەجاڕانە دەربڕدراوە و ئامانجی ئەو ناشیرینكردنیان نەبووە.