سیاسەتوانانی ئیسرائیل بۆ نەتەنیاهۆ: تاران بە تەواوی بسووتێنە

:: AM:10:32:08/06/2026 ‌

سیاسەتوانانی ئیسرائیل، ڕەخنەی توند ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و حكوومەتەكەی بەهۆی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە دەكەن و هەڵوێستەكانی بە لاواز ناو دەبەن، داوای سووتاندنی تەواوەتی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن.

نەفتالی بینێت سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل كە ڕكاربەری سەرەكیی نەتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبێ، گوتی: ئێستە كاتی ڕاستەقینەیە، تا ئیسرائیل بیسەلمێنێت كە خاوەنی سەروەری خۆیەتی و دەتوانێ بەرگریی لە خۆی بكات.

بینێت لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، پێویستە ئیسرائیل بەوپەڕی هێز و چالاكانە جووڵە بكات، ئەم قسانەیشی لە كاتێكدایە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ بە نەتەنیاهۆی ڕاگەیاندووە، ڕێگە نادات ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بداتەوە.

لەلایەكی ترەوە ئیتمار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە باڵی توندڕۆكان گوتی، پێویستە ئەمشەو تاران بسووتێنین، ئەو یەكێكە لە وەزیرەكانی حكوومەت كە بە توندی لەگەڵ بۆردمانی چڕی ئێرانە و چەند كاتێكی كەم بەر لە گەیشتنی مووشەكەكانی ئێران بۆ ئیسرائیل، ئەو هەڵوێستەی دووپات كردەوە.

لەلایەكی ترەوە یائیر گولان سەرۆكی پارتی دیموكراتی چەپی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد، دوژمنانی ئیسرائیل دركیان بەوە كردووە كە نەتەنیاهۆ سەرۆكێكی لاواز و شكستخواردووە، حكوومەتی نەتەنیاهۆ دەسەڵاتی ئەوەی نییە جەنگ دژی دوژمن ڕابگەیەنێت، بۆیە داوا لە دەنگدەران دەكەم دژی ئەو حكوومەتە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بوەستنەوە، كە بڕیارە لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەر و تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پێویستە ئیسرائیل بەوپەڕی بەهێزییەوە وەڵامی هێرشەكانی ئێران بداتەوە و هۆشداریش بە ئێران بدرێت، ئیسرائیل بەردەوام دەبێ لە بۆردمانكردنی لبنان و توندترین بۆردمانیش ئێرانیش دەكات.

لەلایەكی ترەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، نەتەنیاهۆ دواجار دەبێ قبووڵی گەیشتنە ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران بكات، چونكە ئەو ناتوانێ هیچ بڕیارێك لەوبارەوە بدات و من خاوەنی بڕیاری كۆتاییم.

هەفتەی ڕابردوو ڕژێمی ئێران هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئیسرائیلی كرد، ئەگەر تەلئەبیب بۆردمانی بەیرووتی پایتەختی لبنان بكات،  ئێوارەی دوێنێ یەكشەمیش ئیسرائیل باشووری بەیرووتی پایتەختی لبنانی بۆردمان كرد، دوای ئەوەی حزبوڵا ناوچەكانی باكوری ئیسرائیلی كردە ئامانج، لە وەڵامدا ئێران شەوی ڕابردوو چەندان مووشەكی ئاراستەی ئەو وڵاتە كرد و ئیسرائیلیش بە توندی وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.

نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی جەنگ دژی ئێران، گوشاری قورسی لەسەر حكوومەتی نەتەنیاهۆ لەلایەن پارتە بەرهەڵستكارەكانەوە دروست كردووە و بە پاشكۆی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانێكی بێ بڕیار و بێ دەسەڵات ناوی دەبەن، دەیانەوێ ئیسرائیل هەڵوێستی زۆر توندتر بێ بەرانبەر بە ئێران و لە بۆردمانكردن و شەڕ دژی ئێران نەوەستێت.

ئامار و پێوانەكردنەكان نایشارنەوە كە خواستی هاووڵاتییانی ئیسرائیل بۆ دەنگدان بە پارتەكەی نەتەنیاهۆ ڕووی لە دابەزین كردووە، ئەمەیش وایكردووە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەردەوام زانیارییەكانی جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئێران دژی حكوومەتەكەی بەكار بهێنن و ڕای گشتی لە دژی نەتەنیاهۆ هان بدەن، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو كەمترین دەنگ بە دەست بهێنێت.

لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو ئەمەریكا و ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران ڕاگەیاند، بە چڕی بۆردمانی تارانیان كرد و عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیان لەناوبرد، ئەمەیش كاردانەوەی توندی ئێرانی لێ كەوتەوە و بۆردمانی ئیسرائیل و بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكای لە ناوچەكە كرد و گەرووی هورمزی بە ڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان داخست.

لە دووی ئادار/مارسی ڕابردوو دوو ڕۆژ دوای هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، حزبوڵای لبنان كە گرووپێكی چەكداری سەربە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، تۆڵەكردنەوەی كوشتنی عەلی خامنەیی لە ئیسرائیل ڕاگەیاند و دەستی بە شەڕ و بۆردمانكردنی ئیسرائیل كرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل بۆردمانی چڕ و هێرشی زەوینی فرەوانی كردە سەر باشووری لبنان بۆ لەناوبردنی چەكدارانی حزبوڵا.

هەرچەندە لە هەشتی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەنراوە، بەڵام هێرشەكانی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامی هەیە، سەرەڕای ئەوەی چەندان جاریش ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حكوومەتی لبنان ڕاگەیەنراوە، بەڵام حزبوڵا پابەندی ئاگربەست نابێت و ئیسرائیلیش ناچارە وەڵامی هێرشەكانی حزبوڵا بداتەوە و بەرگریی لە خۆی بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د