ئایا هێرشەكەی ئێران بنەمای یارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟

:: PM:01:02:08/06/2026 ‌
هێرشە مووشەكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، گۆڕانێكی ستراتیجی نوێ و چوونە ناو هاوكێشەی وەڵامدانەوەكان بوو، دوای زیادبوونی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێككەوتنی ئاگربەست كە لە نێوان لبنان و ئیسرائیل بە ناوەندگیری ئەمەریكا ڕادەگەیەنرا. بەڵام ئایا ئەمە بنەمای یارییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟

لە دوای هاتنە سەر حوكمی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە 1979، وەڵامدانەوەی ئێران ڕاستەوخۆ پێوەست بووە بەو دەستدرێژی و هێرشانەی كراونەتە سەر خۆی و بەرژەوەندییەكانی، ئێستە تاران پشت بە تۆڕێكی فرەوانی گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی لە دەرەوەی سنوورەكانی دەبەستێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە دەرەكییەكاندا. پێشهاتنی نوێ لەمەدا كە هەڵگری پەیامێكی جیاوازە ئەوەیە، ئێستە گۆڕەپانی لبنانیش بووە بە بەشێك لە وەڵامدانەوەی ئێران و بەرگریكردن لەو ناوچەیە، ئەمەیش بە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە هاوسەنگییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەكرێت.

پێگەی "عربی 21" بۆچوونی نووسەر و شرۆڤەكارانی ئێرانی و ئیسرائیلی و عەرەب و ڕۆژئاوایی لەبارەی ئەو پێشهاتانە كۆ كردووەتەوە و هەمووان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمە ڕووداوێكی چاوەڕواننەكراو بوو. عەبدوڵا ئەلشایجی پسپۆری زانستە سیاسییەكان لە كوێت دەڵێ، مەترسییەكە ئەوەیە كە ئێران ئاستی تواناكانی لە وەڵامدانەوەی هێرشەكان بۆ دوا ئاست بەرز كردووەتەوە و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڕەشەكانی جێبەجێ دەكات، یەكەم دەوڵەتە تا ئێستە دەسپێشخەری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بكات لە بەرانبەر بۆردمانكردنی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە.

ئیبراهیم فەریحات پسپۆری ململانێ و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ، هێرشەكەی ئێران بۆ سەر حەیفا پەیامی جۆراوجۆری هەڵگرتووە و دیارترینی هەوڵدانە بۆ فراوانكردنی بنكەی ڕووبەڕووبوونەوە نوێیەكان لە دوای شكاندنی ئاگربەست، هاوكات تاران دەیەوێ گۆڕەپانی لبنان و ئێران بەیەكەوە ببەستێتەوە و لە هەردوو گۆڕەپان ڕووبەڕووی نەیارانی ببێتەوە.

فیراس ئەلیاس توێژەری عێراقی دەڵێ، ئێران تەنیا بۆ بەرگریكردن لە حزبوڵا جووڵەی نەكرد، یان بۆردمانی كەناراوەكانی باشووری نەكرد، بەڵكو هاوكێشەیەكی هەرێمی لە ناوچەكە هێنایە كایەوە كە پێشتر گۆڕەپانی ململانێكان بۆشایی زۆر لە نێوانیان هەبوو،  ئەمەیش ڕاستگۆیی و یەكێتیی "میحوەری موقاوەمە"ی خستبووە ژێر پرسیارەوە و بە تەواوی لاوازی كردبوو، بەڵام ئێستە دۆخەكە بە جۆرێكی ترە.

ئەلیاس مارۆن توێژەری لبنانی دەڵێ، ناوچەكە چووە ناو قۆناغێكی نوێ و هاوكێشەیەكی نوێ، چونكە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەمجارە لە بەرانبەر بۆردمانكردنی وڵاتی سێیەم بوو لەلایەن ئیسرائیلەوە، نەك بۆردمانكردنی ڕاستەوخۆی ئێران، هاوكێشەی كۆن بریتی بوو، ئەگەر بۆردمانی ئێران بكەین، ئێران وەڵام دەداتەوە، بەڵام پێشڤەچوونەكانی ئێستە دۆخەكەی گۆڕیوە، ئەگەر ئیسرائیل بۆردمانی لبنان بكات، ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامی ئێران دەبێتەوە، ئەمە جیا لە ڕەهەندە سەربازییەكەی دووبارە نەخشەی هاوسەنگی هەژموون و هێز لە ناوچەكە دادەڕێژێتەوە.

حەمەد سەواعی نووسەری عومانی دەڵێ، هێرشەكەی ئێران گۆڕانێكە لە سیاسەتی وەڵامدانەوە بە كردەیی بۆ سەپاندنی واقیعێكی نوێ لە مەیدان، هاوكات دەرگە بە ڕووی واقیعێكی نوێ لە ناوچەكە دەكاتەوە كە لە قۆناغەكانی پێشتر بە تەواوی جیاوازە.

دانی سیترینۆڤیچ نووسەری ئیسرائیلی دەڵێ، ئیسرائیل ڕووبەڕووی دابڕانێكی ڕاستەقینە لە نێوان وەڵامدانەوەی ئێران و مەترسییەكانی فراوانكردنی بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەكان بووەتەوە، ناتوانێ وەڵامی ئێران نەداوەتەوە و ڕێگە بە ئێران بدات هاوكێشەی ناوچەكە بگۆڕێت و بە ئازادی لە نزیك ئیسرائیل بمێنێتەوە، بۆیە سوورە لەسەر ئەوەی بە ئازادانە بۆردمانی حزبوڵا و چەكدارەكانی بكات.

ئاماژە و پێشهاتەكان ئەوە دەردەخەن، ئێران بە متمانەبەخۆبوونێكی زۆرەوە لە هەڵمەتەكانی پێشوو هاتووەتە دەرەوە، لە كاتێكدا ئەمەریكا زۆرترین مەیلی بە كۆتاهێنانی تەنگژەكە و یەكلاكردنەوەی لە ڕێگەی سیاسەت و دانوستانەوە هەیە، لەبری هاتنەوە نێو ڕووبەڕووبوونەوەیەكی فراان لە ناوچەكە.

عامیت سیگال كەسایەتیی دیاری ئیسرائیل دەڵێ، وەڵامنەدانەوەی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە هاوكێشەیەكی نوێ دەسەپێنێت، كە حزبوڵا لەو ڕێگەیەوە ڕێ بەخۆی دەدات بەرەی باكوری ئیسرائیل لە ژێر چەتری وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆردمان بكات.

راز زیمیت توێژەری ئیسرائیل دەڵێ، گرنگترین پەیام لەو هێرشە ئەوەیە كە ئێران چاوەڕوانی هێرشكردنە سەری نەبوو، بەڵكو ئەو دەسپێشخەری كرد وەك یەكەم لایەن و بۆردمانی ئیسرائیلی كرد، خۆی وا دەبینێت كە لە توانایدایە بنەما و یاساكانی یاریكردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.

تریتا پارسی توێژەری ئەمەریكی بە ڕەگەز ئێرانی دەڵێ، پێشهاتەكانی ئەمڕۆ حكوومەتی دۆناڵد ترەمپی خستووەتە بەردەم بژارەی قورسەوە، ئەگەر ئێران سەركەوتوو بێ لە سەپاندنی هاوكێشەیەكی نوێ لە ناوچەكە، بە دڵنیاییەوە ئەمە پێگەی ئێران لە دانوستانەكانیش بەهێزتر دەكات. هاوكات ئیسرائیل بەم سەركێشییە تەنیا ڕووبەڕووی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران نابێتەوە، بەڵكو ڕاستگۆیی ترەمپ دەخاتە بەردەم سەنگی مەحەكەوە.

لەلایەكی ترەوە براندۆن وایكرت نووسەری ئەمەریكی دەڵێ، پەیامەكەی ئێران گورزە سەربازییەكان تێدەپەڕێنێت و دەیەوێ لە ئیسرائیل بگەیەنێت كە بەردەوامبوون لە ململانێ و پێكدادان، دەرئەنجامەكەی مەترسیدار دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د