مەسروور بارزانی: ئەوەی ئێستە لە كوردستان هەمانە بەرهەمی خەباتی نەتەوەیەكی ستەمدیدەیە

:: PM:07:28:10/06/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە وتارێكدا لەكاتی كردنەوەی ناوەندی گەنجان رای گەیاند، جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە ئێمە ناوەندێكی بەم شێوەیە ئێستە لە كوردستان هەمانە و بووەتە سەكۆیەك، بووەتە شوێنێك بۆ ئەوەی هەموو گەنجەكانی كوردستان بتوانن سوودی لێ ببینن.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، ئەوەی ئێستە لە كوردستان هەمانە، بەرهەمی خەبات و رەنجی نەتەوەیەكی ستەمدیدە و ستەم لێكراوە، ئێمە بە درێژایی مێژوو ستەمێكی گەورەمان لێكراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆمان نەچەماندووە.


دەقی گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان زۆر خۆشحاڵم بەڕێزان كە ئەم دەرفەتەم هەبوو بێم لەگەڵ ئێوە بەشدار بم بۆ كردنەوەی ئەم ناوەندە گرنگە كە ناوەندی گەنجانە و هەروەك باسیان كرد، گەورەترین ناوەندی گەنجانە لەسەر ئاستی جیهان.

 جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە ئێمە ناوەندێكی بەم شێوەیە ئێستا لە كوردستان هەمانە و بووەتە سەكۆیەك، بووەتە شوێنێك بۆ ئەوەی هەموو گەنجەكانی كوردستان بتوانن سوودی لێ ببینن.

 پیرۆزبایی لە هەموو گەنجانی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، دەستخۆشیش لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە و بەردەوامیشن لە پێگەیاندنی گەنجەكان و دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی كە پێویستە هەمانبێت لە نێوان گەنجەكان و هەموو ڕۆڵەكانی ئەم كۆمەڵگەیە.

 زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینی ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی كە ئەمڕۆ لێرە بەشێكیان بەرهەمەكانی خۆیان پێشانی ئێمە دا. ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە كە گەنجەكانی ئێمە شوێنێكیان هەبێت بتوانن تێیدا كۆببنەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە سوودی لێ ببینن. كتێبخانەیەكی گەورە لەم ناوەندەدا هەیە كە پڕە لە كتێب و لە بەرهەمە گرنگەكان بۆ ئەوەی هەم لە رووی زانستی و هەم لە ڕووی مێژووییەوە گەنجەكان سوودی لێ ببینن. ئەوەی من داوا دەكەم و پێشنیاز دەكەم، گەنجەكانمان با مێژووی خۆیان بخوێنن، ببینن و بزانن لە كوێوە هاتووین و ئەوەی ئێستا لە كوردستان هەمانە، بەرهەمی خەبات و رەنجی نەتەوەیەكی ستەمدیدە و ستەم لێكراوە. ئێمە بە درێژایی مێژوو ستەمێكی گەورەمان لێكراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆمان نەچەماندووە و نەمانهێشتووە كە ئیرادەی گەلەكەمان بمرێت. 

بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی ئەم گەلە وایكردووە كە ئێستا كوردستانێكی گەشەسەندوو و پێشكەوتوومان هەیە و ئومێدم وایە ئەم گەنجانە بتوانن زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەن. 

داوا لە گەنجەكان دەكەم كە جگە لەوەی دێن لێرە بۆ یەكتر ناسین، بەڵام پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن. زۆرجار گلەیی ئەوەمان دەبیست كە كوردستان شوێنێكی تێدا نییە كە گەنجەكان بتوانن بەهرەكانی خۆیانی تێدا بەرەو پێشەوە ببەن یانیش دەرفەت و فورسەتێكیان بۆ پەیدا ببێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن. دروستكردنی ئەم ناوەندە ئەم شوێنەیە كە گەنجەكانمان چیتر روو لە هەندەران نەكەن، پێیان وا نەبێت وڵاتەكەیان شوێنی ئەوانی تێدا نییە، وڵاتی ئێمە شوێنی ئەم گەنجانەیە، ئەوانەی كە خەباتیان كردووە و زەحمەتیان كێشاوە و تا ئێرە هێناویانە و كوردستانیان ئاوەدان كردووە، لەمەودوا ئەم ئەركە دەكەوێتە سەر شانی گەنجەكانمان.

 ئەم ناوەندە لە چەندین رووەوە دەتوانێت یارمەتیی گەنجەكان بدات، لە رووی وەرزشییەوە شوێنی باشیان هەیە بۆ ئەوەی گەنجەكان بتوانن خۆیان تێیدا پەروەردە بكەن. لە ڕووی كەلتوور و كەلەپووری نەتەوەییمانەوە، بتوانن هەم ئاشنا بن بەو كەلتوور و كەلەپوورە، هەم بە جیهانیشی بناسێنن. 

من داوام لە گەنجەكانمان هەیە، خۆیان دوور نەگرن لەو كەلتوورە جوانەی كە وڵاتەكەمان هەیەتی. جلوبەرگی جوانی كوردی لەبەر بكەن و شوێنە جیاوازەكانی وڵاتەكەمان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەوەوە جوانە كە شانازیی بەو كەلتوورە نەتەوەییەی خۆیان بكەن. خۆتان بەدوور مەگرن، لە بۆنەكانی وەكوو ئەمڕۆ و هاوشێوەی ئەمڕۆ، داواتان لێ دەكەم بگەڕێنەوە بۆ دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستە لەگەڵ مێژووی خۆتان، بەڵام سوودوەرگرتن لە مێژوو كافی نییە و بەستنەوەی ئێستا بە مێژووش بەس نییە، دەبێ ئێمە بیری گەورەمان هەبێ بۆ داهێنان و دروستكردنی ئاییندەیەكی گەشتر، وڵاتێكی ئاوەدانتر. 

گەنجەكان دەتوانن سوود لە زانست و تەكنەلۆژیا ببینن كە ئەم جۆرە ناوەندانە و بە تایبەتی ئەم ناوەندە دەتوانێت بیخاتە خزمەتی گەنجەكانمان. لە ڕووی تەكنەلۆژییەوە ئامێری باش دەخرێتە خزمەتیان كە ئەوان بتوانن سوودی لێ وەربگرن. 

لە ڕووی تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی، بەبێ فەرق و جیاوازی لە هەموو ناوچە و شار و شارۆچكەكانی كوردستان گەنجەكان دەتوانن سەردانی ئەم ناوەندە بكەن، هەم بە یەكتر ئاشنا بن، هەم بتوانن بیروبۆچوونەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ بكەن و سوود لە تواناكانی یەكتر وەربگرن، چۆنیش بتوانن كاریگەرییان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی داهاتووی وڵاتەكەمان هەبێت.

 گەنج چیتر با وا تەسەوڕ نەكات كە پێگەیان نییە یان دەنگیان بیستراو نییە، دەنگی ئێوە بیستراوە و شوێن دەستی ئێوەش دیارە. راستە ئێوە هیوای دواڕۆژی وڵاتەكەمانن، بەڵام ئێوە هەر لە ئەمڕۆوە كاریگەریتان هەیە لەسەر دروستكردنی ئەو ئاییندەیەی كە دەتانەوێ تێیدا بژین. ئێوە بەشێكن لەو كۆمەڵگەیە و ئێوە دەبێ بەشێك بن لە دروستكردنی سیاسەتی وڵاتەكەتان. دەتانەوێ بەرەو كوێ بڕۆن؟ دەتانەوێ چاو لە چ وڵاتێكی پێشكەوتوو بكەن؟ ئەوەی لەسەر ئێمەمانانە یارمەتیتان بدەین و ئەو كەرەستانەتان بخەینە بەردەست، ئێوەش بە بەهرەی خۆتان، بە بۆچوونەكانی خۆتان، بە زیرەكی و شارەزایی و لێهاتوویی خۆتان، بتوانن تواناكانی خۆتان بەكار بهێنن بۆ دروستكردنی وڵاتێكی ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر. دەتوانن یارمەتیمان بدەن لە رووی دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی باشتر، تەلاری جوانترمان بۆ ئاوەدان بكەنەوە، كەرتی تەندروستیمان باشتر بكەن، خوێندنمان بەرەو ئاستێكی بەرزتر ببەن، لە هەموو ڕوویەكەوە دەتوانن یارمەتیمان بدەن كە ئێمە بتوانین شانازیی بە بوونی ئێوە بكەین، هەروەك شانازیتان پێوە دەكەین. من دواقسەم بۆ خوشك و برایانم، بۆ هەموو گەنجانی خۆشەویستی كوردستان ئەوەیە، خەونی گەورە ببینن، ئامانجتان با گەورە بێت، هیچ خەونێك ئەوەندە گەورە نییە، هیچ ئامانجێكیش ئەوەندە بە زەحمەت نییە كە بەدی نەیەت، جگە لەوەی كە هەوڵی بۆ نەدەن. بۆیە هیوادارم بەردەوام بن لە بینینی خەونی گەورە و بەرەو ئەو ئاستە بڕۆن كە شایستەی داهاتووی ئێوەیە.

 ئێوە سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت.



وشە - وشه‌